چه‌ند بڕیار و راسپارده‌یه‌ك له‌ یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستانه‌وه‌ بۆ یانه‌كان

یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك و جێگر و سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌كانی كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی به‌ست و چه‌ندین بڕیار و راسپارده‌ی ده‌ركرد.”

رۆژی شه‌ممه‌ 3/2/2018 له‌ باره‌گه‌ی خۆی له‌ هه‌ولێر، یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك و جێگر و سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌كانی، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی به‌ست و چه‌ند بریار و راسپارده‌یه‌كی نوێی ده‌ركرد، كه‌ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن.”

1- كۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ نوێنه‌رانی ئه‌كادیمیا و قوتابخانه‌كانی تۆپی پێ ئه‌نجامدرا و بڕیار درا.”
• ئه‌و قوتابخانانه‌ی سه‌ر به‌ یانه‌ و بنكه‌ وه‌رزشییه‌كانن، كه‌ ئه‌مڕۆ ئاماده‌ نه‌بوون، پێویسته‌ رۆژی شه‌ممه‌ 10/2/2018 له‌ كاتژمێر 12:00 ـی نیوه‌ڕۆ له‌ باره‌گه‌ی یه‌كێتییه‌كه‌مان ئاماده‌بن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ مافی به‌شدارییكردنیان له‌ چالاكی تۆپی پێی قوتابخانه‌كان نابێت.
• دوای گفتوگۆ بریاردرا له‌ هه‌فته‌ی داهاتوو لێژنه‌ی قوتابخانه‌كان، پێشنیار و رێنماییه‌كان و چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی قوتابخانه‌كان و راكێشانی تیروپشك ئاماده‌ بكه‌ن و ئه‌نجام بدرێت.
2- به‌ هۆی به‌شدارینه‌كردن و پاشه‌كشه‌ی یانه‌ی سیروانی نوێ له‌ خولی نایابی كوردستان بۆ وه‌رزی 2017/2018 بریاردرا به‌ دابه‌زینی یانه‌ی سیروانی نوێ بۆ ریزی یانه‌ پله‌یه‌كه‌كانی كوردستان بۆ وه‌رزی 2018/2019.
3- هه‌ر یانه‌یه‌ك له‌ خولی نایابی كوردستان بۆ وه‌رزی 2017/2018 به‌ هه‌ر هۆكارێك پاشه‌كشه‌ له‌ خوله‌كه‌ بكات، به‌ پێی رێنماییه‌كانی په‌ڕاوی تایبه‌ت به‌ یه‌كێتییه‌كه‌مان، بۆ دوو پله‌ی خواره‌وه‌ داده‌به‌زێت.
4- شێوازی به‌رێوه‌ چوونی خولی پله‌یه‌كی كوردستان بۆ وه‌رزی 2017/2018 به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه‌:
• دوو یانه‌ بۆ وه‌رزی 2018/2019 ـی خولی نایابی كوردستان سه‌رده‌كه‌ون.
• دوو یانه‌ بۆ وه‌رزی 2018/2019 ـی خولی پله‌دووه‌كانی كوردستان داده‌به‌زێت.
• یانه‌ی سلێمانی به‌ بریار بۆ وه‌رزی 2018/2019 خولی پله‌دووه‌كان دابه‌زیوه‌.
• دوا یانه‌ی هه‌ردوو گرووپ، كه‌ كه‌مترین خاڵیان كۆكردووه‌ته‌وه‌، دوای ئه‌نجامدانی دوو یاری به‌ شێوازی (چوون و هاتن)، یانه‌ی دووه‌م بۆ ریزی یانه‌ پله‌دووه‌كانی كوردستان بۆ وه‌رزی 2018/2019 داده‌به‌زێت.
5- یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان بۆ وه‌رزی 2017/2018 هه‌ر شه‌ش رۆژ جارێك ئه‌نجام ده‌درێت.
6- دوای كۆتایی هاتنی یارییه‌كانی هه‌ردوو قۆناغی یه‌كه‌م و دووه‌می خولی نایاب و پله‌یه‌كی كوردستان، له‌ گواستنه‌وه‌ی زستانه‌ یاریزانانی لاوانی پله‌نایاب ده‌توانن گواستنه‌وه‌ به‌ شێوازی خواستن ئه‌نجام بده‌ن بۆ هه‌ر یانه‌یه‌ك، به‌ڵام دوای كۆتایی هاتنی خوله‌كه‌ ده‌گه‌رێنه‌وه‌ یانه‌كه‌ی خۆی.
7- ئه‌نجامدانی خولی راهێنه‌رایه‌تی تایبه‌ت به‌ راهێنه‌رانی قوتابخانه‌كانی تۆپی پێی كوردستان، له‌ رۆژانی 15-16-17/2/2018 كه‌ ده‌كاته‌ رۆژانی پێنج شه‌ممه‌ و هه‌ینی و شه‌ممه‌، به‌شدارییكردنی راهێنه‌ره‌كان ئیجبارییه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ مافی به‌رێوه‌بردن و سه‌رپه‌رشتی تیپه‌كانیان نابێت.
8- له‌ یاری نێوان زێره‌ڤانی و هه‌ندرێن له‌ خولی نایابی كوردستان، به‌ هۆی كۆنترۆل نه‌كردنی یاریگه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی باش و گوتنی قسه‌ی نه‌شیاو و دوور له‌ گیانی وه‌رزشی له‌ لایه‌ن (محه‌ممه‌د ئه‌حمه‌د عه‌بدولره‌حمان) شۆفێری تایبه‌تی یانه‌ی زێره‌ڤانی به‌ ناوبژیوانانی یارییه‌كه‌ بریاردرا به‌:
• غه‌رامه‌كردنی یانه‌ی زێره‌ڤانی به‌ بڕی (1000000) یه‌ك ملیۆن دینار، پێویسته‌ یانه‌ی زێره‌ڤانی پێش ئه‌نجامدانی یاری داهاتوویان، غه‌رامه‌كه‌ راده‌ستی ژمێریاری یه‌كێتییه‌كه‌مان بكات.
• دوورخستنه‌وه‌ی (محه‌ممه‌د ئه‌حمه‌د عه‌بدولره‌حمان) به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بۆی نییه‌ یاوه‌ری تیپه‌كانی پێشكه‌وتووان و لاوان و فوتساڵی نایابی كچان بكات، جێبه‌جێكردنی ئه‌م بریاره‌یش له‌ ئه‌ستۆی سه‌رپه‌رشتیاران و راهێنه‌رانی تیپه‌كانی یانه‌ی زێره‌ڤانی ده‌بێت.
9- ئاگاداری كۆتایی بۆ یانه‌ی شێروانه‌ به‌ كۆنترۆڵكردنی یاریگه‌كه‌یان به‌ شێوه‌یه‌كی توند و تۆڵ، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ گه‌ڕه‌كانی داهاتووی یانه‌كه‌یان سزاكان قورستر ده‌بێت، ئه‌مه‌یش به‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ یاری نێوان یانه‌كه‌یان و برایه‌تی كۆنترۆڵ یاریگه‌ وه‌ك پێویست نه‌بووه‌.
10- نووسراوی یانه‌ی ئاشتی به‌ ژماره‌ 17 له‌ 1/2/2018 به‌ لێكۆلینه‌وه‌ له‌ راپۆرتی سه‌رپه‌رشتیاری یارییه‌كه‌ (عه‌باس عه‌لی)، هیچ شتێك رووینه‌داوه‌، كه‌ شایه‌نی باسكردن بێت و یارییه‌كه‌ به‌ ئاسایی به‌رێوه‌ چووه‌.
11- ئاگاداری كۆتایی بۆ سه‌رجه‌م یانه‌ به‌شداریووه‌كان له‌ چالاكی یه‌كێتییه‌كه‌مان، پێویسته‌ كۆنترۆڵی یاریگه‌ و جه‌ماوه‌ر بكه‌ن، له‌ به‌كارهێنان و هه‌ڵدانی یارییه‌ ئاگرینه‌كان، داوایش له‌ له‌ پیاوانی پۆلیس ده‌كه‌ین، له‌ سه‌رجه‌م شاره‌كانی كوردستان رێگری له‌م دیارده‌ ناشیرینه‌ی یاریگه‌كان بكه‌ن.
12- داوا له‌ به‌رپرسی راگه‌یاندنی یانه‌كانی پله‌یه‌ك و نایابی كوردستان ده‌كه‌ین، رۆژی شه‌ممه‌ 10/2/2018 له‌ كاتژمێر 12:00 ـی نیوه‌ڕۆ بۆ كاری پێویست له‌ باره‌گه‌ی یه‌كێتییه‌كه‌مان ئاماده‌بن.
13- بۆ قۆناغی كۆتایی خولی نایابی لاوانی كوردستان، بریاردرا به‌ سرینه‌وه‌ی سه‌رجه‌م كارته‌ زه‌رده‌ و سووره‌كان.
14- داوا له‌ سه‌رجه‌م سه‌رپه‌رشتیارانی یارییه‌كان له‌ چالاكییه‌كانی یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان ده‌كه‌ین، یاریگه‌ كۆنترۆل بكه‌ن و هه‌ر كه‌سێك په‌یوه‌ندی به‌ یاری نییه‌ نابێ له‌ نێو یاریگه‌ ئاماده‌ بێت، به‌ ده‌ر له‌ رێنماییه‌كانی یه‌كێتییه‌كه‌مان، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ تووشی لێپیچینه‌وه‌ و سزا ده‌بن.
15- سه‌رجه‌م یارییه‌كانی قۆناغی كۆتایی خولی نایابی لاوانی كوردستان، له‌ رۆژانی پێنج شه‌ممه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

Back to top button