بەبێ رەزامەندیی كورد پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ بودجە دەكات
دوای ئەوەی كورد لە دانیشتنەكانی پەیوەست بە بودجەی 2018ی عێراق بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كرد, پەرلەمانتارێكی كورد رایدەگەیێنێت، حەیدەر عەبادی و سوننەكان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە رێككەوتوون و بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكات. فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش كۆبوونەوەكە بایكۆت دەكەن.
مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: “مەبدەئییەن حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و سوننەكان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە و جێبەجێكردنی بەشێك لە داواكارییەكانی سوننەكان رێككەوتوون. بڕیارە سبەی دووشەممە 5-2-2018 پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكات”.
مەسعود حەیدەر كە هاوكات پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە، ئاماژەی بەوەش كرد كە بەهۆی ناڕەزایی و جێبەجێنەكردنی داواكارییەكانیان، ئەمڕۆ وەك نوێنەرانی كورد كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانیان جێهیشتووە.
پەرلەمانتارەكەی گۆڕان جەختی لەوە كردەوە كە فراكسیۆنە كوردستانییەكان دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە بایكۆت دەكەن. هەروەها نوێنەرانی كوردیش لە لیژنەی دارایی كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی بایكۆت دەكەن و بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەك ناكەن.
مەسعود حەیدەر باسی لەوە كرد كە لەبارەی داواكارییەكانی كورد لە پڕۆژەیاسای بودجە تاوەكو ئێستا هیچ وادەیەك بۆ كۆبوونەوەی نوێنەرانی كورد و وەزارەتی دارایی عێراق دیارینەكراوە. گوتیشی: “لەوبارەوە نامەم بۆ حەیدەر عەبادی ناردووە و نامەكەی خوێندووەتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا وەڵامی نەداوەتەوە”.
هەر پەیوەست بە پڕۆژەیاسای بودجە ئەحمەد حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: “بە رێككەوتنی سەرۆكوەزیرانی عێراق لەگەڵ سوننە و پەرلەمانتارە شیعە ناڕازییەكان لە بودجە، ئێستا ئەگەری پەسندكردنی پڕۆژەیاساكە بەبێ كورد زیاتر بووە، بەتایبەت كورد سوورە لەسەر جێبەجێكردنی داواكارییەكانی لەلایەن حكومەتەوە كە دیارترینیان پێداگیرییە لەسەر گەڕاندنەوەی پشكی هەرێمی كوردستان بۆ 17% و، جێگیركردنی ناوی قەوارەی هەرێمی كوردستان”.
بودجەی ساڵی 2018 ـی عێراق بە زیاتر لە 103 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە، پێشبینیش دەكرێت نزیكەی 13 ترلیۆن دینار كورتبهێنێت. چەند لایەنێك داوای زیادكردنی خەمڵاندنی نرخی نەوت دەكەن كە هەر بەرمیلێكی بە 46 دۆلار خەمڵێندراوە، كەچی ئێستا لە بازاڕدا بە نزیكەی 70 دۆلار دەفرۆشرێت و پێشبینی دەكرێت زیاتریش بەرزبێتەوە.