شەڕ لەعەفرین، تۆزی موزایدە لە سلێمانی
یاد سرێشمەیی
لەعەفرین بەرگری قارەمانانە دەکرێت بەرامبەر داگیرکاری تورکیا بەبەرچاوی دونیاوە، بەمەش هەموو تاکێکی کورد دەخاتە ژێر بەرپرسیاریێتێکی ئەخلاقی و نەتەوەی کە بەیەک وشەش بێت هاوسۆز و هاوکاری هاونیشتیمانیانمان بین لە عەفرین، تائێرە کەم تا زۆر هیچ لایەنێکی سیاس خۆی لێنەداوەتە پاش، لەئاستی هەڵوێستی فەرمی و لەسەر ئاستی جەماوەری حزبەکوردیەکانی باشور بەڕوونی دەرکەوتووە.
ئەوەی لە سلێمانی بە ئاراستەی عەفرین دەگوترێت، تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت تەنها لە چوارچێوەی خیتابی میدیایی ماوەتەوە و هەرلەو چوارچێوەیەش دەمێنێتەوە، ئاخر شینی بەشێک لەسەرکردەکانی سلێمانی ئەگەر راستەوخۆ نەچێتە نیو چوار چێوەیەکی کردەیی هەر شتێک بگوترێت لەبارەی عەفرین موزایدەی سیاسیەو هیچی ترنا، بەداخەوە دەیانەوێت لەشەڕی عەفرین هەڵبقۆزنەوە شەڕی موزایداتی سیاسی لە باشووری کوردستان بەسەریەکەوە بکەن، کە ڕێک ئەمەیە نەخۆشی سەتساڵەی کورد.
ئەو تەپو تۆزەی سلێمانی دوورو نزیک پەیوەندی بە عەفرین و عەفرینەکانەوە نیە، وە فڕیشی ناچێتەوە سەر هەڵوێستی نەتەوەی دەی ئەگەر هاواری ئەوان لە ئازاری نەتەوەییانە بەتەنیشت خۆیانەوە شارێک فرۆشرا نوقەیان لێوەنەهات، بەتەنیشت خۆیانەوە ڕۆژانە هاوگرێبەستەکانیان پڕۆسەی کورد کوژی و تەعریبیان دەست پێکردووە، خۆیانیان لێی نابیست و نابینا کردووە.
ئەوەی لە عەفرین دەگوزەرێت، پێویستی بە موزایدە پێکردن نیە، چونکە چ عەفرینیەکان چ نیشتیمان دۆستانی دیکەی ئێمە ئەوە چاک دەزانن کە لەبەرامبەر هەڵوێستی نیشتیمانی خاک فرۆشان چ ڕوویەکیان هەیە، دیسان ئێمەو ئەوان چاک دەزانین “بەرمیلی بەتاڵ دەنگی گەورەتریە لە بەرمیلی پڕ” بۆیە چیتر موزایدە مەکەن، کورتیەکەی (چاکی مەکەن با خراپ نەبێ).