مه‌سرور بارزانی: كه‌ركووك داگیركراوه‌ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان ره‌د ده‌كه‌ینه‌وه‌

مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی كوردستان و سه‌رۆكی بۆردی دامه‌زرێنه‌ری ده‌زگای خێرخوازی بارزانی له‌ په‌راوێزی به‌شداریكردنی له‌كۆنفراسی ده‌زگاكه‌دا رایده‌گه‌ێنێت”كه‌ركووك شارێكی داگیركراوه‌و پێشنیازی دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی پارێزگاكه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ و هه‌روه‌ها له‌ وتاره‌كه‌ی دا كه‌ له‌ كۆنفراسه‌كه‌ پێشكه‌شی كرد، گوتی”دەزگای خێرخوازی بارزانی ماڵێكە بۆ ھەمووان و بەردەوام دەبێت لە ھاوكاری كردنی ئاوارە و لێقەوان. داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد، كە ئاسانکاری بکەن، بۆ ئەوەی دەزگای خێرخوازی بارزانی، بتوانێت هاوکاری بگەیەنێتە خەڵکی سڤیلی عەفرین بکات”.

دەقی وتاری مەسروور بارزانی، سەرۆکی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانیی

ئامادەبووانی ئازیز

هەمووتان زۆر بەخێر بێن بۆ کۆنفرانسی ساڵانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی خاوەن فەلسەفەیەکە کە لە فەرموودەیەکی بارزانی سەرچاوەی گرتووە کە دەفەرمووێ (شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت)، ئەو لە هەموو تەمەنیدا هەوڵی دا خزمەت بە گەلەکەی و مرۆڤایەتی بکات.

دواتر هەستمان بەوە کرد کە ئەرکمانە درێژەپێدەری ڕێبازی ئەو مرۆڤە مەزنە بین و دەزگایەک بە ناوی بارزانی نەمر کە شایستەی ناوی جەنابی بارزانی بێت، دابمەزرێنین، هەر ئەمەش بووە بە وتار کە لە ژێر فەرمانی جەنابی سەرۆک بارزانی، لە ساڵی ٢٠٠٥ دەزگای خێرخوازیی بارزانیمان دامەزراند، بەو هیوایەی ببێت بە ماڵێک بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە پێویستییان بە یارمەتی هەیە.

مرۆڤ ئەو کاتە دەتوانێت هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی بکات کە هیچ مرۆڤێکی دیکە لە دەردی نەبوونی و هەژاری نەناڵێنێت. دەزگای خێرخوازیی بارزانی باوەشی بۆ هەموو ئەو کەسانە کردۆتەوە کە لە ترسی تیرۆر و هەڕەشەی کوشتن شوێنەکانی خۆیان جێهێشتووە و ڕوویان لە کوردستان کردووە. لە دەردی بێدادی و بێخزمەتیی شار و شارۆچکە و دێهاتەکانی خۆیان جێهێشتووە و هاتوونەتە کوردستان، لە نەبونی ئازادی ڕوویان لە کوردستان کرد تاوەکوو بە ئازادی بژین.

لەژێر فشاری زوڵم و ستەم ڕایانکرد و کوردستانیان کردە پەناگەیەک، بۆیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی باوەشی بۆ هەموو ئەو ئاوارە و پەنابەرانە و لێقەوماوانە کراوەیە.

دەزگاکە بەهانای هەموو ئەوانەوە دەچێت کە پێویستییان بە بەسەرکردنەوە هەیە، بەبێ ئەوەی جیاوازی لە ئایین و ئاینزا و نەتەوە یان بیروبۆچوونی سیاسیی هیچ کەسێکدا بکات.

پێمانوایە ئەو ئەرکەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گرتوویەتیە سەر شان، ئەرکێکی ئایینی، ئەخلاقی و نیشتمانییە. لە مێژووی دروستبوونی ئەم دەزگایە تاوەکوو ئێستا، دەمەوێ ئاماژە بە چەند خاڵێک بدەم:

بەداخەوە دوای ئەو هێرشە دڕندانەی داعش بۆ سەر عێراق و دواتر هەرێمی کوردستان. خوشک و برا ئێزدییەکانمان بوونە قوربانییەکی هەرە گەورەی ئەم کردەوە تیرۆریستییە. هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەولی دا ئەوەی لە توانایدا بێت، بیکات و لەو کاتەی لە شنگال گەمارۆ درابوون، توانی خۆی بگاتە شاخی شنگال و هاوکارییان بکات و بەردەوامیش چ لەوێ و چ دوای ڕزگارکردنی شنگال یان ئەو خوشک و برا ئێزدییانەی لە کەمپەکاندا بوون، لە خزمەتیاندا بێت.

ئەوەی بە داتا هەیە، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، بە هاوکاریی ڕێکخراوی (دەبلیو ئێف پی)، ٩٨٠٠ ژەمە خواردن لەو سەردەمە ڕۆژانە ئامادە کرابوون.

جگە لەوە، هەموو ئەو ئاوارانەی لە مووسڵ و ناوچەکانی دیکە هاتبوون، دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاری کردوون و بە ئەرکی زانیوە.

خوشک و برا ئێزدییەکان کە هەڕەشەیان لەسەر بوو، ڕوویان لە ماڵی خۆیان کرد و هاتنەوە کوردستان، دیسان دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاری کردن. ئەو هاوکاریکردنەی دەزگاکە لەگەڵ خوشک و برا کریستیانەکان، وایکرد ڤاتیکان بە فەرمی سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بکات.

ئێمە ئەوە بە منەت نازانین، بەڵکوو پێمانوایە ئەرکی هەر هاووڵاتییەکە کە خزمەت بە خوشک و برا و هاونیشتمانییانی خۆی بکات.

دواتر کارەساتی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەریش کە خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوون، دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەرگای کردەوە و بە هانای ئەو ئاوارانە چوو کە هاتبوون لە ناوچەکانی دیکە نیشتەجێ ببوون.

ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ ئەو بوومەلەرزەیەی کە لە هەرێمی کوردستان و لەو دیویش لە سەرپێڵی زەهاو و کرماشان ڕوویدابوو، دەزگای خێرخوازی لە سنووری هەرێمی کوردستاندا هاوکاریی خۆی گەیاندە لێقەوماوان، داواشی کرد ڕێگەی پێ بدرێت هاوکاری بگەیەندرێت بە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام بەداخەوە ڕێگەی پێ نەدرا.

خزمەتێکی دیکە هەیە بە ناوی (بێنازان) کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستی پێکردووە بۆ ئەو ئازیزانەی بێنازن و پێویستییان بە کەسێک هەیە کە ئاوریان لێ بداتەوە، لێرەوە سوپاسی ئیمارات، کوێت و شانشینی سعوودیە دەکەین کە بە ڕێگەی کونسوڵ و ڕێکخراوە خێرخوازییەکانیانەوە هاوبەش و شەریک و بەخشەر بوون بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە و لە خزمەتی ئەم بێنازانەدا بوون.

جگە لەمانە، دەزگاکە وەک ئەرکێکی زانیوە کە لە خزمەتی هەموو ئەو مندالانەی شەهیدە سەربەرزەکانماندا بێت کە ئەگەر پێویستییان بە هاوکاری هەبووبێت، دەزگاکە لە خزمەتیاندا بووە.

هەرچەندە ئێستا چەندین کەمپ لە کوردستاندا هەن کە بە داخەوە لە ئەنجامی سیاسەتێکی شکستخواردووی سیاسی و ئیداری و ئەمنی، وایکرد ئەم خەڵکە ڕوو لە کوردستان بکەن، چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد حکوومەتی عێراق خاوەندارێتیی ئەم کەمپانە بکات، بەڵام کە نەهاتن، ئەمە ئەرکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەزگاکانی دیکە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان قورستر کرد و دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشەنگ بووە و ١٤ کەمپ ئەرکی بەڕێوەبردنی بە دەزگاکە سپێردراوە.

جگە لەوەی ٢٢ ناوەندی پیشەیی لەلایەن دەزگاکەوە کراوەتەوە بۆ ئەوەی نەک تەنیا هاوکاری بە خەڵکی بگەیەندرێت، بەڵکوو هاوکاریی خەڵک بکرێت تاوەکوو فێری پیشەی نوێ ببن.

ساڵانە ٤٥ هەزار قوتابیی هەژار و کەمدەرامەت، لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە کەرەسەتەی خوێندنیان بۆ دابین دەکرێ و هاوکاری دەکرێن. دەزگا تەنیا لە هەرێمی کوردستان کاری نەکردووە، هەولی داوە ببێت بە دەزگایەکی نێودەوڵەتی. لە هەر شوێنێک مرۆڤایەتی پێویستی پێ بووبێت، هەوڵمان داوە دەزگاکە ڕۆڵی تێدا بگێڕێت، بۆ ئەوەی هەستی جوانی خەڵکی کوردستان نیشان بدات کە تەنیا چاوی لەوە نییە هاوکاری بکرێت، بەڵکوو چاوی لەوەیە کە هەمیشە بە بەخشندەیی خۆی، بتوانێت هاوکاری بە خەڵکی لێقەوماو بگەیەنێت.

ئەو بوومەلەرزەیەی لە شاری وان ڕووی دا، دەزگای بارزانی توانی ٤٠٠ خانووی پێشتر درووستکراو بۆ ئەوێ ببات و یارمەتیی خەڵکی ئەوێ بدات. دواتر لە شارەکانی (ئورفە، کۆبانێ، قامیشلۆ، جەزیرە، لە باشووری عێراق و چەندین شوێن)دا دەزگاکە هاوکاریی لێقەوماوانی کردووە.

ئێستا داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، هاوکاری بکەن کە ئەو هاوکارییەی پێویستە بە خەڵکی سڤیلی عەفرین بگەیەنن.

هەروەها لە سڕبیاش دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانیویەتی هاوکاری بگەیەنێت.

لێرەوە من دەستخۆشی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەم کە زۆر پرۆفیشناڵانە توانیویانە کار بکەن و وەک ڕێکخراوێک لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەربگیرێن کە ئەوەش دان پێدا نانێکە بۆ هەمو ئەو کارانەی دەزگاکە توانیویەتی بیکات.

سوپاسی بەڕێوەبەر و هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لە دەزگاکەدا کاریان کردووە، هەروەها سوپاسی سەرجەم ئەو بەخشەرانە دەکەم کە لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی خزمەتیان بە خەڵک و لێقەوماوان و ئەو ئازیزانە بکەن کە پێویستییان بە یارمەتی هەیە.

ژمارەیەکی زۆر بەخشەر هەن کە بەردەوام هاوکاری دەکەن بۆ یارمەتیدانی خەڵک. سوپاسی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین، هەروەها سوپاسی ئیمارات و کوێت و سعوودیە دەکەین کە بە تایبەتی هاوکاریی دەزگاکەیان کردووە.

سوپاسی هەموو ئەو کەسانەش دەکەین کە هاوکارییان کردووە لە کەمپەکاندا بۆ دابەشکردنی کەلوپەل.

جارێکی دیکە دەستخۆشی لە هەمووان دەکەم و بەخێرهاتنی هەمووتان دەکەم.

داواش لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم، ئەو بەخشەرانەی ئامادەن هاوکاری بە خەڵکی لێقەوماو بگەیەنن، بەڵکوو وەکوو وڵاتانی پێشکەوتوو، بە یاسایەک هاندەری بابەتی خۆبەخشی بکرێت و کارە بەخشینەکانیان وەک بەشێک لە باجەکانیان هەژمار بکرێت.

هیوادارین چیتر دەزگا پێویستی بە هاوکاریکردنی خەڵک نەبێت، بۆ ئەوەی چیتر خەڵک لێی نەقەومێت و هەژار نەبێت، ئەوکاتە دەزگاکەش دەتوانێت بەرنامەی پێشکەوتووتر ئامادە بکات، تاوەکوو یارمەتیی خەڵک بدات بۆ ئەوەی خۆیان بەرهەمیان هەبێت و کارەکانیان پێش بخەن، ئەمە بە تەنیا بە دەزگایەک ناکرێت، بەڵام دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشەنگ دەبێت.

سوپاسی بێپایانی جەنابی سەرۆک دەکەین کە بەردەوام هاوکار و پشتیوانمان دەبێت و لەژێر فەرمانی جەنابی سەرۆک، ئێمە درێژەپێدەری ئەم ڕێبازە دەبین.

Back to top button