د.ئەشواق جاف : پێشمەرگە دیلەكان براونەتە گرتوخانەی گەیارە
(ئەشواق جاف) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەلێدوانێكدا رایگەیاند:” لە بەدواداچوونی بۆ كەیسی پێشمەرگە دیلەكانی دەستی داعش، باوكی یەكێك لە دیلەكان ناوی داعشێكی پێداوە، كە سەرپەرشتی پێشمەرگە دیلەكانی كردوە لە حەویجە، هەربۆیە رۆژی یەكشەممە سەردانی گرتوخانەی فڕۆكەخانەی موسەننای كردوە لە بەغدا، لەوێ لەگەڵ چەكدارەكەی داعش قسەی كردوە و سەرەداوێكی نوێی لەسەر پێشمەرگە دیلەكانی دەستی داعش دەستكەوتوە”.
ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕاشیگەیاند: “ناوی تەواوی دیلەكان لەئێستادا دراوە بە گرتوخانەی فڕۆكەخانەی موسەننا، بەپێی قسەی ئەو داعشەش هیچ یەك لە دیلەكانی شەڕەكانی بەشیر و رەشاد، كە ژمارەیان 21 پێشمەرگەیە، هیچیان لە حەویجە شەهید نەكراون و بەدەستی خۆی و بە نوسراوی ئەمیری حەویجە، پێشمەرگەكانی رەوانەی گرتوخانەی گەیارە كردوە و تەسلیم بە قازی شەرعی ئەو شارە كراون، هۆكاری گواستنەوەشیان ئەوەبوە، كە ئەمیری حەویجە ترسی لە هێزە ئەمنیەكانی عیراق هەبووە لە ناوچەكەدا، بۆیە پێدەچێت برابێتنە موسڵ”.
لەبارەی ئەو سێ كوردەی رۆژئاوای كوردستان كە پیشەیان بیرلێدان بوە و دەستگیركراون ( د. ئەشواق جاف ) ئاماژەی بەوەكرد “لەئێستادا ئەو سێ هاووڵاتییە ناویان لە زیندانەكانی عیراقدا هەیە و بڕیاری زیندانی هەتا هەتاییان بۆ دەرچوە، بۆیە ئێستا چارەنوسیان ئاشكرابوە، لەكاتێكدا ئەو بڕیارە هەڵەیە، چونكە ئەوان تیرۆریست نەبوون، هاوكات لەنێو دەستگیركراوەكاندا لە گرتوخانەی فڕۆكەخانەی موسەننا سێ كورد هەن، كە پێشتر پێشمەرگەبوون لە خورماتو، دواتر چونەتە نێو ریزەكانی “راییە بەیزا” و شەڕی هێزە ئەمنیەكانیان كردووە و دەستگیركراون، داوای بینینیانم كردووە و چاوەڕێی بڕیاری دادوەرم بۆ ئەو مەبەستە.