جهعفهر ئیمنكی :ئهگهر دهستلهكاركێشانهوهی سهرۆكی پهرلهمان بخەینە بەرنامەی کار دەسەڵاتی یاسادانان پەکیدەکەوێت
د.جەعفەر ئیبراهیم ئیمینکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە بارەی نامەی حكومەت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن رایگەیاند: “نامەکەی حکومەت لە روانگەی بەرپرسیاریێتییەوە ئاراستەی پەرلەمان کراوە، پەرلەمانیش لەبەرئەوەی تەمەنی خۆی بۆ دوو وەرز درێژکردووەتەوە، ئەگەر مەسەلە هەڵبژاردنی پێشوەختەیە ئەوە بابەتێکە و پێویستی بە یاسایەکی دیکە هەیە، دەبێت ئەو یاسایەی پێشتر پەرلەمان تەمەنی خۆی بۆ دوو وەرز پێ درێژکردووەتەوە، هەمواربکرێتەوە”.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە وەڵامی حکومەتی ههرێم ڕاشیگهیاند: “ئێمە چاوەڕێی دانیشتنێکی هاوبەش دەکەین لەنێوان سەرۆکایەتیی حکومەت و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی بە ئامادەبوونی فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان، چونکە ئەو پرسە رەهەندی یاسایی و سیاسیشی هەیە، بەنیازین لەم نزیکانە کۆبوونەوەیەکی هاوشێوە ئەنجامبدەین”.
جەعفەر ئیبراهیم رەتیدەکاتەوە تائێستا وادەیەک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی کوردستان دانرابێت و دەڵێت: “تائێستا دانانی وادەیەک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی کوردستان یەکلانەبووەتەوە، چونکە ئەو پرسە ناکۆکی لەسەرە، پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە ئەو پرسە چەند زوو بکرێت ئەوەندە باشترە، تاوەکو ئێستاش هیچ لایەنێکی سیاسی بەفەرمی نەیگوتووە هەڵبژاردن نەکرێت، بەس لایەن هەن دەڵێن کاتەکە لەبارنییە و بارودۆخەکە گونجانییە، بۆیە هەر لایەنێک بە شێوازێک راڤەی دەکات. سەبارەت بە یەکێتی لەبەرئەوەی پرسی بەستنی کۆنگرەیان لەبەردەمە، دەڵێن ناتوانین پێش بەستنی کۆنگرە ئەو بڕیارە بدەین، ئەوان داوای ئەو تێگەیشتنەیان لە ئێمە کردووە کە ئەم پرسە بخەینە دوای بەستنی کۆنگرەی یەکێتی”.
سەبارەت بە وەڵامنەدانەوەی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان (جەعفەر ئیمینكی) کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە، دهشڵێت: “لە دانیشتنی پێشووتر داوام لە فراکسیۆنی گۆڕان کرد، بە ناڕاستەوخۆش داوام لە کاک یوسف کرد بۆ ئەوەی لێمان ببوورن، چونکە نەمانتوانی رێکارەکانی نێو پەرلەمان وەکو پێویست رەچاوبکەین، داواشمکرد پشوویان درێژبێت، ئەگەر بێت و ئەو بابەتە بخەینە بەرنامەی کار دەبێت لە دانیشتنی دووەم پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بخەینە کار، واتە دەسەڵاتی یاسادانان پەکیدەکەوێت، ئەمەش دژی بەرژەوەندی گشتییە، من وا هەستم پێکرد فراکسیۆنی گۆڕان ئەو تێگەیشتنەیان هەبوو و قبوڵیانکرد تاوەکو تەوافوق لەسەر ئەو مەسەلەیە دەکرێت”.