رۆژنامەیەكی ئەمریكی: داعش خۆی بۆ جەنگێكی نوێ رێكدەخاتەوە
لەگەڵ ئەوەی داعش زۆرترین ئەو ناوچانەی پێشوتری داگیركردبوون لە سوریا و عێراق و كوردستان لە دەستی داون, بەڵام تا ئێستا مەترسیەكانی ئەم رێكخراوە تیرۆریستیە ماوە, رۆژنامەیەكی ئەمەریكی زانیاری نوێ لەبارەی چۆنیەتی راكردنی هەزاران چەكداری داعش بڵاودەكاتەوە، كە لە دەزگا هەواڵگەرییەكانی ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا بەدەستی گەیشتووە و، جەخت دەكاتەوە، ئەو رێكخراوە هێشتا دانی بە شكستی خۆی نەهێناوە و ئێستا چەكدارەكانی داعش سەرقاڵی خۆكۆكۆدنەوەن بۆ دەستپێكردنی جەنگێكی نوێ.
رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمزی ئەمەریكی بە پشت بەستن بە ژمارەیەك راپۆرتی هەواڵگەری ئەمەریكی و رۆژئاوا لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، زۆربەی ئەو چەكدارانەی رێكخراوی داعش كە لەسووریا رایانكردووە، بەشێكیان لەناوچەكانی نزیك دیمەشقی پایتەختی سووریا خۆیان مەڵاسداوە، جەخت دەكاتەوە، “هێشتا زووە بۆئەوەی بڕیار لەسەر شكستی داعش بدرێت”.
هەربەگوێرەی ئەو راپۆرتە هەواڵگەریانە، چەكدارانی داعش لە ناوچەكانی شەڕ لەڕێگەی هێڵەكانی سوپای سووریاوە بەرەو باشوور و رۆژئاوا رایانكردووە و و نووسیویەتی، “زۆربەیان چاوەڕێی فەرمانی سەرووی خۆیانن كە لەڕێگەی نامەی كۆدكراو له فەرماندەكانیانەوە پێیان بگات”.
ئەو راپۆرتانە دووپاتیدەكەنەوە، بەشێكی زۆری چەكدارانی داعش بە هەزاران دۆلاریان بە قاچاغچییەكان داوە بۆ ئەوەی بیانگوازنەوە بۆ دەرەوەی سنووری توركیا، تاوەكوو بگەڕێنەوە وڵاتە رەسەنەكانیان، بەتایبەت ئەوروپا.
نیۆیۆرك تایمز ئاماژە بە هەڵسەنگاندنەكانی هەواڵگەری ئەمەریكا دەكات، كە وێڕای لێدوانەكەی جیمس ماتیس، وەزیری بەرگری ئەمەریكا كە گوتبووی: هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتی ئەمەریكا كار لەسەر كۆكردنەوەی ئەندامانی داعش لە شوێنێك دەكات، بۆ ئەوەی بەیەكجاری لەناویان ببات. بەڵام كیرستین نیلسن، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریكا لە لێدوانێكدا جەخت دەكاتەوە، چەكدارانی داعش لەژێر زەوی هامشۆ دەكەن و بەدوای ئارامگەدا دەگەڕێن و زۆربەشیان گەڕاونەتەوە وڵاتە رەسەنەكانیان.
رۆژنامەكە باسی لێدوانێكی ژەنەراڵ پۆل جی سیلفا، جێگری سوپاسالاری هاوبەش دەكات، كە لە هەفتەی رابردوودا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “سەركردایەتی رێكخراوی داعش هێشتا ماوە و لەسەر كارەكەی بەردەوامە، بەتایبەت لەڕێگەی تۆڕەكانی پەیوەندیكردن لەسەر تۆڕێكی نهێنی چەكدارەكانی”.
سیلفا دەشڵێت: “وێڕای كاركردنی بەردەوامی ئەو رێكخراوە، بەڵام ئەو هێزەی پێشتر هەیبوو لەدەستیداوە، بەتایبەت دوای شكستەكانی لە شاری موسڵ”.
لەوكاتەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا رزگاركردنی تەواوی ئەو ناوچانەی راگەیاند، كە لەلایەن رێكخراوی داعشەوە لە عێراق و سووریا داگیركرابوون، بەرپرسانی سوپا و هەواڵگەری ئەمەریكا لەو باوەڕەدان، هێشتا ئەو رێكخراوە ئیلهامیان بۆ دێت و چاوەڕێی دەرفەتی نوێ دەكەن و، دەكرێت شوێنكەوتووانی خۆی بەرەو ئەنجامدانی جەنگێكی چەكداری نوێ ئاراستە بكات.
بەگوێرەی ئەو رۆژنامەیە، شرۆڤەكاران لەو باوەڕەدان، دوای ئەوەی داعش ئەو رووبەرە فراوانەی لەدەستدا كە لەعێراق و سووریا داگیری كردبوو، ئەمجارەیان بۆ تۆقاندنی خەڵكی سڤیل پەنا بۆ جەنگی چەتەیی دەبات. هەروەها شرۆڤەكاران ئاماژە بەوە دەكەن، داعش دەبێتە رێكخراوێكی نهێنی و گرنگییەكی زیاتر بە تاكتیكی نوێ دەدات، لەوانەش تەقینەوەی خۆكوژی بە میكانیزمی نوێوە، هەروەك لە ماوەكانی رابردوودا شاری بەغدایان كردە ئامانجی چەند كردەوەیەكی لەمجۆرە.
ئەمە لەكاتێكدایە، ژمارەی ئەو چەكدارانەی داعش نازانرێت كە لە ناوچەكانی شەڕ لە عێراق و سووریا رایانكردووە، كە دەگوترێت بەشێكی زۆریان بەرەو بیابانەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە رایانكردووە، بەڵام دەزگا هەواڵگەرییەكانی ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا جەخت لەسەر راكردنی هەزاران چەكداری ئەو رێكخراوە دەكەنەوە.
بەگوێرەی ئاماری راپۆرت و هەڵسەنگاندنەكانی هەواڵگەریش، كە بەدەست ئەو رۆژنامەیە گەیشتوون، ژمارەی ئەو چەكدارانەی بەمەبەسەتی شەڕكردن لە ریزەكانی داعش لە وڵاتانی دەرەوە روویان لە عێراق و سووریا كردووە، دەگاتە 40 هەزار چەكدار، كە لە 120 وڵاتی جیهانەوە هاتبوون.
زانیارییەكان ئەوەش پشتڕاست دەكەنەوە، “زۆربەی ئەو چەكدارانە لە شەڕدا كوژراون، بەڵام بە هەزارانیان روویان لە شوێنی دیكە كردووە و ل وڵاتانی دیكەی وەك لیبیا و فلپین جێگیر بوون”.
سەبارەت بەو چەكدارانەش كە گەڕاونەتەوە وڵاتەكانیان لە ئەوروپا و باكووری ئەفریقیا، ئامارەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە ژمارەیان زۆر لەوە كەمترە كە پێشبینی دەكرا، لەكاتێكدا ژمارەیەكی دیكەیان لەلایەن هێزە كوردییەكانەوە لە سووریا دەستگیركراون.