رێناس جانۆ: وێڕای تەواو نەبوونی رێژەی یاسایی سەرۆكی پەرلەمان دەیەوێت یاسای بودجە تێپەڕێنێت
لەگەڵ ئەوەی فراكسیۆنە كوردیەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق, دوو دانیشتنی رابردووی پەرلەمانیان بایكۆتكرد كە پەیوەست بوون بە بودجەی ساڵی 2018, پەرلەمانتارێك دەلێت لەگەڵ ئەوەی رێژەی یاسایی تەوا نەبوو بەڵام سەرۆكی پەرلەمان بە نایاسایی دەیەوێت بودجە تێپەڕێنێت.
رێناس جانۆ، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند:” وێڕای ئەوەی رێژەی یاسایی دانشتنی پەرلەمان تەواو نەبووە، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان هەوڵدەدات یاسای بودجەی ساڵی 2018 ی عێراق تێپەڕێنێت.
ئەو پەرلەمانتارە كوردە گوتیشی، لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا دەنگ لەسەر دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بۆ 6 مانگی دیكە دراوە.
رێناس جانۆ جەختیشی كردەوە، هەر بڕیارێك لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران لەبارەی بودجەوە بدرێت نایاساییە، چونكە دانیشتنەكەی پەرلەمان خۆی لەخۆیدا یاسایی نییە.
پێشتر خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2018ی عێراق كراوە، بەڵام بەهۆی بەرهەڵستی و ناڕەزایەتی زۆرێك لە لایەنەكان لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە بەتایبەتیش كورد، كە پشكی كورد لە رێژەی لە17% بۆ 12.8% كەمكراوەتەوە، چەندین جار بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمان كراوە و رێگە نەدراوە نیسابی یاسایی بۆ تێپەڕاندنی ئەو پرۆژە یاسایە تەواو بكرێت.