ئایندەی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا..
ئەردەڵان هەڵەبجەیی
لێدوانی نەخشە داڕێژەرانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا تا دێت هاوشانی گوشارە ئابوریەکان لەگەڵ تێپەڕبونی کات ڕوو لە هەڵکشانە،بە تایبەت لە دوای تاقیکردنەوەی موشەکە بالیستیە دوور هاوێژەکان لە لایەن ئێرانەوە لە مانگی دووی ساڵی ڕابردوو کە هەلی دایە دەست ئیدارەکەی ترەمپ تا لەو بەروارەوە هەنگاو و لێدوانی توند دژی تاران بگرێتە بەر تایبەت بە پەلکێشیەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،لەو ڕووەوە لێدوانەکانی ڕێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەو جەیمس ماتیس وەزیری بەرگری و نیکی هایلی نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دۆناڵد ترەمپ ڕون و ئاشکران،کە به ڕوونی باس لە کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئێران دەکەن لە ناوچەکە،دیارترین لێدوانی ترەمپ بریتی بوو لەو ڕستەیەی کە دەڵێت ئێران یاری بە ئاگر دەکات.
لە دواتر کۆشکی سپی لە ڕاگەیەنراوێکدا لە مانگی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷ ئاماژەیدا بەوەی کە هەنگاوێک چونەتە پێشەوە بۆ لە قاڵبدانی ئێران و کەمکردنەوەی هەیمەنەی ئێران لە ناوچەکە.
ڕوونە کە ئەم هەنگاوانەی ئەمریکا لە سیاسەتی فەڕمی دەرەوەدا جێگیر بوەو چیتر واشنتن لێناگەڕێت ئێران کۆنتڕۆڵی ئاوی کەنداوی عەرەبی بکات کە جگە گرنگی ڕێڕەوەکەی هاوکات دەوڵەمەندە بە نەوتێکی بێشومار،ئەوەش خۆی لە کشانەوە یان زیادکردنی مەرجەکانی ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوادا دەبینێتەوە لە لایەک و هاریکاری نێوان ڕیازو واشنتن بۆ کورتکردنەوەی دەستی ئێران لە لوبنان و یەمەن لە لایەکەی دیکە.
ناکرێت نادیدە بین لەو جەنگەش کە میدیای ئەمریکی دژی سیاسەتەکانی ئێران دەستی پێکردووە کە کاریگەری یەکجار زۆری لە ڕۆڵی تاران کردووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە ئاستی ناوخۆیشدا ئێران لە بەرامبەر وڵاتانی ناوچەکە گرفت گەلێکی هەن کە لێکۆڵەرانی سیاسی جیاوازتر لە کەسانی تر دەیبینن،بۆ نمونە پەیمانگای نێونەتەوەیی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ئاماژەی بەوە کردوە کە ڕێژەی دانیشتوانی ئێران هەشتاو سێ ملیون کەسەو قازانجی بەرهەمی ناوخۆیی مانگانە چوارسەد ملیار دۆلارە،هەر بەپێی لێکۆڵینەوەکە ژمارەی هێزە چەکدارەکانی ئێران پێنج سەدو بیست هەزار سەربازو بودجەی ساڵانەی بەرگریەکەشی شانزە ملیار دۆلارە،وە زۆربەی فڕۆکەو زریپۆشەکانی تاران کۆنن و پاشماوەی سەردەمی شان،لە بەرامبەردا وڵاتانی دژبەری ئێران کە ئیسرائیل،سعودیە،ئەردەن و ئیماراتن ڕێژەی دانیشتوانیان سەد ملیۆنەو قازانجی ناوخۆییان زیاتر لە تریلیۆنێک دۆلارە کەچوارهێندەی ئێرانە،هاوکات بودجەی بەرگریان پێنج هێندەی تارانەو خاوەنی تازەترین چەک و فرۆکەی سەربازین و یەکێک لەو وڵاتانەش کە ئیسرائیلە خاوەن چەکی ئەتۆمیە،ئەوە جگە لە پاڵپشتیەکانی واشنتن لەو وڵاتانە کە ئارامی و ئاسایشیان وەک بەشێک لە ئارامی و ئاسایشی خۆی دادەنێت چونکە بەرژەوەندیەکانی وا دەخوازێت،لێرەوە ئەو جیاوازیانە پێمان دەڵێن کە ئێران ناتوانێت لە هەمبەر ئەو وڵاتانە تا ماوەیەکی دوورمەودا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵ بگێڕێت.
لە لایەکی تر ئێران هەوڵی داوە لە ڕێگەی بەکرێگیراوەکانی هەیمەنەی خۆی فەرز بکات لەوانە حزبوڵا لە لوبنان و حوسیەکان لە یەمەن و حەشدی شەعبی لە عیراق بەڵام ڕوونە تەواوی ئەم هێزانە لەژێر فەرمانی ئێراندا نین و ئێرانیش دەرکی بەوە کردووە کە هەندێک گروپی ناو ئەو هێزانە نەک هاوڕای نین بگرە لەناچاریدا مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن و لە ڕوی مادی و سەربازیەوە سودی لێوەردەگرن،جگە لەوەش ئێران بەردەوامە لە هاوکاری کردنی ڕژێمی سوریا و جگە لە کوژرانی سەدان ئەفسەرو پلەداری سوپا،لە ڕووی مادیشەوە ئێران هاوکاری ئەسەد دەکات لە کاتێکدا سوریا لەوپەڕی لاوازیدایەو ناتوانرێت وەک هاوپەیمانێکی بەهێز لێی بڕوانرێت،ڕونیشە ئەمریکا بۆیە درێژە بەو جەنگە دەدات دەیەوێت لە یەک کاتدا لایەنی ئابوری و سەربازی ئێران توشی خوێنبەربون بکات، لەو ڕوەشەوە ئەمریکا سەرکەوتو بووەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی ئێران و داتەپینی لایەنی ئابوری سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن.
بەڵام ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لە ڕووی ئابوری و سەربازیەوە خاوەن هێزی نمونەیین و لە نوێنەرایەتی و له ڕێگەی هەندێک گروپەوە شەڕی ئێران دەکەن.
ئەمریکیەکان دان بەو هەڵەدا دەنێن کە دووای ڕوخانی ڕژێمی سەدام نەدەبوو لە عێراق گەڕێن بۆ ئێران،بۆیە لە ئێستادا لە بری بەرکەوتن لەگەڵ ئێران لە دەرەوەی خاکی خۆی،کار لەسەر لێدان لە ئابوریەکەی دەکەن و بەو هەنگاوەش تا ڕادەیەکی زۆر ئێرانیان لاواز کردوە،هەنگاوێکی تری ئەمریکیەکان و هاوپەیمانەکانی لەت کردنی نوێنەرەکانی ئێرانە لە سوریاو یەمەن و عێراق،لەو هەنگاوەش دیسان سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە..
ئەم ئاماژانە پێمان دەڵێن کە ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر هەیمەنەی ئێران نامێنێت و ئەو باڵادەستیەی ئێستا کاتیە کۆتایی پێدێت،بەڵام پرسیاری جدی ئەوەیە ئایا ئەمریکا لە کۆتایی هێنان بە هەیمەنەی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،مەبەستی هاوکاری کردنی هاوپەیمانەکانیەتی بۆ باڵا دەستیان لە ناوچەکە،یان پلانی ئەمریکا وەدەست خستنی سەرچاوەکانی وزەو سەپاندنی خۆیەتی جارێک لە بەرامبەر ئێران و جارێکی تر لەسەر هاوپەیمانەکانی تا گوێڕایەڵێکی باشترو کڕیارێکی هەمیشەی کەرەستە سەربازیەکانی بن؟