شاندێكی سەربازیی ئەمریكا: بەردەوامدەبین لە راوێژ و مەشقكردن بە پێشمەرگە

 

وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایشی هاوبەش لە هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق كۆبوونەوە. بەپێی راگەیێندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە، شاندی ئەمریكا رایگەیاندووە، بەردەوامدەبن لە راوێژی سەربازیی و مەشقكردن بە پێشمەرگە.

ئەمڕۆ لە هەولێر كەریم شنگالی، وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت، لەگەڵ جەنەراڵ بەیكەر، فەرماندەی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایشی هاوبەش لە هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و شاندی یاوەری كۆبووەوە.

كۆبوونەوەكە تایبەت بووە بە باسكردن لە هەماهەنگی و پەیوەندییەكانی نێوان هێزەكانی ئەمریكا و هێزی پێشمەرگە، كە تێیدا “جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوولا كرایەوە”.

لە راگەیێندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، جەنەراڵ بەیكەر گوتوویەتی “ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پشتگیری هەرێمێكی كوردستانی بەهێز و هێزێكی پێشمەرگەی پێشكەوتوو و پرۆفیشناڵ دەكات. بەڵێنیدا هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان بەردەوامدەبن لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و بەردەوامدەبن لە هاوكاری مەشق و راوێژ بە پێشمەرگە”.

لەو بارەوە جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، راوێژكارانی هێزەكانی ئەمریكا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە سەرقاڵی چاكسازین لە هەموو جومگەكانی وەزارەت و هێزەكانی پێشمەرگە.

جەبار یاوەر راشیگەیاند، لەچوارچێوەی هاوپەیمانی دژی داعش، هێزەكانی ئەمریكا لە ساڵی 2018 ش بەردەوامدەبن لە مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە.

لە كۆبوونەوەكەدا سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە، جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەكەی 70 و نەجات عەلی، فەرماندەی یەكەی 80ی هێزی پێشمەرگە، فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەمال محەممەد، سەرۆكی دەستی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە بەشدار بوون.

Back to top button