مامۆستایەکی زانکۆ:پێگەی کورد پەیوەست نیە بە ژمارەی کورسیەوە

 
هەردی مەهدی مامۆستای زانستە سیاسیەکان لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی،لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژە بە هۆکاری گرفتەکانی ئێستای عێراق دەکات و وای دەبینێت کە هۆکاری سەرەکی کێشەکان نەمانی تەوافوق و پشتگوێ خستنی کوردو سونەیە.
 
تایبەت بە بەستنەوەی پێگەو قورسایی کورد بە ژمارەی کورسیەکانی پارلەمانی عێڕاقەوە هەردی دەڵێت”بۆ ھەڵسەنگاندنی پێگەی ھەرێمی کوردستان ناتوانین تەنھا لە رووی ھێزە سیاسییەکانەوە ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، چونکە پێگەی ھەرێم بەشیکی پەیوەندی بە جیۆپۆلەتیکی ھەرێمەوە ھەیە، بەشێکیشی پەیوەندی بە ھەڵکەوتەی ململانێ سیاسییەکانەوە ھەیە ئایا ھەرێم لە کوێدایە، ھەموو کات ھەرێم وەک پێگەی سیاسی رۆڵی خۆی دەبێت، مەرجیش نییە ئەو رۆڵە بە خێر بکەوێتەوە بۆ خەڵکەکەی خۆی، بەڵام ھەمیشە کاریگەری دەبێت لەسەر دۆخی ئیقلیمی و ناوخۆی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش”.
 
سەبارەت بە دۆخی ئێستای ناوخۆی ھەرێمی کوردستانیش، ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەڵێت “دۆخی ناوخۆی ھەرێم خراپە، ئێمە دوو کێشەمان ھەیە، یەکەم بریتییە لە درزی نێوان خەڵک و حکوومەت، دووەم پەیوەندی بە ئاسۆیی نێوان حزبەکان خۆیانەوە ھەیە، پەیوەندی حزبەکانن کە کاریگەری خراپیان بەسەر حکوومەتەوە جێھێشتووە، یەک لە کێشەکانی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە حکوومەت ئەمڕۆ لاوازترە لە حزب، بە ھەموو حزبەکانەوە بەشێکن لە لاوازکردنی حکوومەت، حکوومەتیش بریتییە لە خزمەتکاری خەڵک و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتییانی، بەڵام لەبەر ئەوەی ھەموو حزبەکان پێکەوە بەشدارن لە خراپ ئەداکردنی حکوومەت بەرامبەر بە ھاووڵاتییەکانی، ھەروەھا لە رووی سیاسیەوە نەیانتوانییوە جۆرێک لە ھاوبەشی بدۆزنەوە و لەسەر بنەمای ھاوبەشکان پێکبێنەوە بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ ملاملانێیەکانی دەرەوە بکەن، بەو ھۆیەشەوە ئێستا ھەر جووڵە و رێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ دەرەوەی خۆتدا بکەیت بۆ ھەستانەوەی ھەرێمی کوردستان لاواز دەبێت، چونکە ھەمان کات ئەگەر لایەنێک لە ھەرێمی کوردستاندا لاواز بێت و پەیوەندی ئەنجامبدات ئەوا لایەنەکەی تر لاوازی دەکات. ئێمە دەبینین سێ حزب بە جیا سەرقاڵی بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانن، لەملاشەوە دوو حزبی تر و چەند ئاراستەیەکی تریش بە جیا سەرقاڵی ئەوەن. لە ئێستادا یەک ھێزی سیاسی کوردیمان نییە کە گوزارشت لە ھەموو ھەرێم بکات، بۆیە ھەر رێککەوتنێک بکرێت رێککەوتنێکی لاسەنگ و ناجێگیرە و نەیاری زیاترە، لەبەر ئەوە لە ئێستادا ئەم حکوومەتەی ھەرێم ئەگەر بتوانێت ھەموو پێداویستییەکانیش دابین بکات لە بەغدا و تاران و ئەنقەرە، بە ھەمان شێوە ھەر رووبەڕووی رەخنە و گازندە و ناڕەزایەتی دەبێتەوە، بە ھۆی ئەوەی ھێزی تر وەک ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەکات لەکاتێکدا ئۆپۆزسیۆنیش نییە، لەبەر ئەوە ئەسڵی کێشەکە پەیوەندی نێوان خەڵک و حکوومەتە، ھەروەھا حکوومەت لاوازکراوە لەسەر بنەمای حزبەکان و بەرژەوەندییەکانیان، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە روون ببێتەوە کە کێ حکوومەت و کێ ئۆپۆزسیۆن، کێ بەڕێوەبەرە تا بەرپرسیاری بکەین”
 
مەھدی ئەوەشی گوت “دۆخی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پێگەیەکی سیاسی باشتر لە ئێستای بەر بکەوێت پێویستی بە رێکخستنەوەی سێ مەلەف ھەیە، یەکیان پرسی چاکسازی مومکینە بەخێراترین کات، دووەمیان یەکڕیزی نیشتمانی و پێکھاتنەوە لەسەر بنەمای تەوافوقێکی سیاسی باش کە خەڵک تەوەری سەرەکی خزمەتگوزاری بێت نەوەک حزبەکان، لەبری ئەوەی تۆ لەگەڵ حزبەکان رێک بکەویت پێویستە حکوومەت لەگەڵ خەڵک رێک بکەوێت، سێیەمیش مەلەفی دانوستانەکانە کە لەسەر چی دانوستان بکات، ئەگەر ئەو سێ مەلەفە رێک نەخرێنەوە ئەوا ھەر رێککەوتن و کارێک لەگەڵ بەغدا یان ھەر شوێنێکی تر بکرێت ئەوا رێککەوتنێکی جێگیر نابێت”.
Back to top button