تورکیا بەرەو کوێ 

نیازحاجی

لە چەندساڵی رابردوودا تورکیا هەنگاوی باش بەرەو پێشەوە رۆیشت ، هۆکاری ئەو پێشکەتنەش بەهۆی باش هەڵسوکەوتکردنی ئەردۆغان بوو لەگەڵ پرسی کورد کە دیارترینیان راگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی و کرانەوە بەڕوی هەرێمی کوردستان بوو .
پیادەکردنی ئەو سیاسەتە دروستە وای کرد ئەردۆغان وەک شەخص و ئاک پارتی وەک حزب و تورکیا وەک دەوڵەت کوردیش وەک نەتەوە هەنگاوی باش بەرەو پێشەوە بڕۆن .
(ئەمەریکا هەروەها بەشێک لە سیاسەتمەدارانی کوردی باکور ، بەهاوکاری و نێوەندگیری بارزانی)هاندەری دەستپێکردن و ئەنجامدانی پرۆسەی ئاشتی بوون کە قۆناغی باشی بڕی ، بەڵام دواتر بەهۆی بیری شۆڤیانەی تورک و کاریگەریان لەسەر بڕیارەکانی ئەردۆغان ، هەروەها سیاسەتی چەوتی باڵێکی ناو پەکەکە و دەستێوەردانی راستەوخۆی وڵاتێکی ئیقلیمی(ئێران) ، شکست بە پرۆسەی ئاشتی هات .
لەوکاتەوە گڵۆڵەی ئەردۆغان و حزبەکەی و دۆسیەی کورد لەباکوور رووی لە لێژی کرد ، ئەردۆغان لەجیاتی ئەوەی باش لە پیلانەکان بگات ،زیاتر بۆ پێشەوە رایکرد.

هەر لەسەرەتاوە ناحەزانی پرۆسەی ئاشتی لەناوخۆی تورکیاو دەرەوەی تورکیا هەوڵەکانیان بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی چڕ کردەوە، لە ئەنجامدا کورد وەک نەتەوە و ئەردۆغان وەک شەخص و ئاک پارتی وەک حزب و تورکیا وەک دەوڵەت تێیدا زیانمەند بوون .

ئەو هەوڵانە لە کوشتنی دوو پۆلیسەوە لەلایەن پەکەکەوە دەستی پێکرد کە گوزی گەورەی لەپرۆسەی ئاشتی وەشاند ، ئەردۆغان لەجیاتی ئەوەی هەست بەمەترسیداری ئەو پیلانانە بکات و ژیرانە هەڵسوکەوت بکات ، باکووری کوردستانی کردە سەربازگە و مەیدانی شەر کە کوردانی باکوور بەهۆیەوە زیانی زۆریان لەروی سیاسی و ئابوری و ئاسایشەوە بەر کەوت .
هەدەپە سەرەرای کەم بونەوەی کورسیەکانی لە دواخولی هەڵبژاردنەکاندا ، سەرکردەکانیشی کەوتنە سوچی زیندانەوە و روبەروی راوەدوونان بونەوە ، بەمە یەکەم گورز بەر پرۆسەی ئاشتی و خودی ئەردۆغان و حزبەکەی کەوت ، باڵی شەرانگیێزی پەکەکە و ئێران سودمەندی یەکەم بوون تێیدا .
ئەردۆغان هەر بەوەندەوە نەوەستا ، بەردەوام بوو بۆ راکردن بەرەوپێشەوە ، پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمەریکا بەرەو ئاڵۆزی برد بەهۆی دوسەی گوڵەنەوە ، ئەوروپای زیاتر لەخۆی رەنجاند بەهۆی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن و راپرسی هەموارکردنی دەستورەوە .

پیلانەکان دوای تێکدانی پرۆسەی ئاشتی بەردەوامیان هەبوو ، خستنەخوارەوەی فڕۆکە روسیەکە و تیرۆرکردنی باڵوێزی روسیا لە تورکیا و ئەنجامدانی کودەتا و خراپ مامەڵەکردنی ئەردۆغان لەگەل دۆسیەی کودەتا و هەروەها خراپ مامەڵەکردنی لەگەڵ دۆخی سوریا و راکێشانی تورکیا بۆ خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ ریفڕاندۆمی هەرێم و ناو کێشەی قەتەڕو سعودیە ، بەشێکی تری ئەو پیلانانەبوون بۆ گەڕاندنەوەی تورکیا بۆ دواوە .
ئەردۆغان دەبوایە بزانێت کە گرنگترین خاڵی بەهێز لەدەستیدا ، کورد و پرۆسەی ئاشتی بوو ، بەلەدەستدانی ئەو دوو کارتە تاواوی کارتەکانی تری دەستی پوچەڵ و لاوازن ، ئێستا ئایندەی خۆی و حزبەکەی لە مەترسیدایە .
پارساڵ بەهۆی لەشکرکێشی بۆ جەرابلوسی سوریا ، پێیەکی ئەردۆغان کەوتە ناو تەڵەوە ، ئەمساڵیش بەهۆی لەشکرکێشی بۆسەر عەفرین ، پێیەکەی تریشی کەوتە ناو تەڵە ، ئێستا تەنها دەستەکانی ماون ، ئایا دەتوانێت بەهۆی دەستەکانیەوە خۆی رزگار بکات لە ناو زەلکاوی سوریا ؟
خۆدەربازکردنی ئەردۆغان لەم دۆخەی ئێستا وا ئاسان نیە ، هەرچەندە مەحاڵیش نیە ، بەڵام ئایا ئەردۆغان دەتوانێت کۆدی دەربازبوون بدۆزێرەوە!
( بارزانی و داود ئۆغڵۆ ) دوو کارەکتەر و ژمارە قورس و سەرەکی ناو ئەو کۆدەن کە ئەردۆغان بۆ دەربازبوون دەبێ هانایان بۆ ببات ، بەڵام ئایا لوتبەرزی و غروری ئەردۆغان رێگای پێ دەدەن!
ئێران سودمەندی یەکەمی تێکچونی پرۆسەی ئاشتی و خلیسکانی تورکیایە بۆناو زەلکاوی سوریا و دورکەوتنەوەی تورکیایە لە هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و ئەوروپا ، ئەردۆغانیش بەراکردن بۆ پێشەوە جگە لەزیانگەیاندن بەخۆی و سودگەیاندن بە ئێران هیچی تری دەست ناکەوێت .
ئێران زیرەکانە تۆپی گوشارەکانی سەر خۆی لەلایەن رۆژئاوەوە هەڵداوەتە ناو گؤرەپانی ناو تورکیا ، ئەردۆغانیش وەک یاریزانێکی نەزان ، خەریکی یاریکردنە بە تۆپەکە .

پەکەکەش بەتێکدانی پرۆسەی ئاشتی گوەرزی گەورەی لە کوردانی باکوور و هەدەپە وەشادند و خزمەتێکی باشی ئێرانی کرد ، ئێستاش دوبارە خەریکی گورز وەشاندنە لە مقاوەمەتی عەفرین و پەیەدە .
پەکەکە لە هەموو جیهان بەرێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە ، ئەو خۆبەخاوەنکردنەی بۆ عەفرین و ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکانیان بە رەسمی ئۆجەلان و ئاڵای پەکەکەوە هیچ پشتگیریەک بۆ عەفرین دەستەبەر ناکات بگرە بیانوی زیاتریش بە تورکیا دەدات ، ئەگەر پەکەکە راست دەکات با لەناو خودی تورکیا بەرەی شەڕ بکاتەوە ، مادام ئەویان ناکات ، با خۆی چیتر لە عەفرین بەخاوەن نەکات چونکە زیانەکانی زۆرترن لە سودەکانی .

Back to top button