رۆژنامه‌ی تایمزی بریتانی: ناكۆكی و ململانێ تائیفیه‌كان، ده‌بێته‌ ده‌رفه‌تی هه‌ستانه‌وه‌ی داعش

 

رۆژنامه‌ی تایمزی بریتانی له‌ راپۆرتێكدا ئاماژه‌ به‌وه ‌ده‌كات، چه‌كدارانی داعش ئه‌و ئاژاوه‌یه‌ی ئێستا كه‌ عێراق و سووریای تیدایه‌ ده‌قۆزێته‌وه‌، تا بۆ جاری دووه‌م به‌فراوانی په‌لاماری عێراق و سووریا بداته‌وه‌.

رۆژنامه‌ی تایمز نوسیوویه‌تی “ئه‌و ناكۆكی و ململانێ تائیفیه‌ی هه‌یه‌، ده‌بێته‌ ده‌رفه‌تی هه‌ستانه‌وه‌ی داعش و ریزه‌كانی خۆی رێكده‌خاته‌وه‌و جارێكی دیكه‌ هێرش ده‌كاته‌وه‌ سه‌ر عێراق و سووریا.

به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی ڕۆژنامه‌ی تایمزی به‌ریتانی، له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردووه‌وه‌ تا ئێستا، داعش رۆژانه‌ هێرشی ئه‌نجامداوه‌و له‌ ناوچه‌كانی باكووری رۆژئاوای سووریا رووبه‌ڕووی ھێزه‌كانی رژێمی ئه‌سه‌د بوونه‌ته‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ له‌وناوچانه‌ ده‌ركرابوون.

هه‌روه‌ها ڕۆژنامه‌ به‌ریتانیه‌كه‌ روونیشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ جارێكی دیكه‌ چه‌كدارانی داعش له‌ پارێزگای حه‌ما، به‌تایبه‌تی له‌ كۆتاییه‌كانی ساڵی رابردوو ده‌ركه‌وتوونه‌ته‌وه‌و به‌خێرایی كۆنترۆڵی چه‌ندین پێگه‌ی هێزه‌ ئۆپۆزیسۆنه‌كانی دیكه‌یان كردووه‌ و ته‌نانه‌ت رووبه‌رێكی خاكیان له‌ سنووری حه‌له‌ب خستووه‌ته‌‌وه‌ ژێر كۆنترۆڵی خۆیان.

ده‌رباره‌ی چالاكییه‌كانی داعش له‌ عێراق، تایمز نوسیوویه‌تی “به‌ پشتبه‌ستن به‌و زانیارییانه‌ی كه‌ گرووپه‌كانی چاودێری له‌ سه‌رانسه‌ری عێراق كۆیانكردووه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ی تێدایه‌ كه‌ چه‌كداره‌ نه‌ناسراوه‌كان 440 هێرش و كرده‌ی توندوتیژیان ئه‌نجامداوه‌، ته‌قینه‌وه‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و تیرۆری تاكه‌كه‌سی و رفاندن له‌ ناوچه‌ جۆراوجۆره‌كان به‌شێكی ئه‌و ھێرشانه‌ بوون”.

Back to top button