موسهنا ئهمین : بەغدا دەیەوێت بە زۆرەملێ یاساییەكی نادادپەروەرانە له پهرلهمان تێپهڕێنێت
( د.موسەنا ئەمین) سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق رايگەیاند: “بەغدا دەیەوێت بە زۆرەملێ یاساییەكی نادادپەروەرانە، كە برسیكردنی خەڵكی كوردستانی لێكەوتووەتەوە لە پەرلەمان تێیپەڕێنێ، وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان تا پێمان بكرێت رێگری لە تێپەڕاندنی دەكەین و بەردەوام دەبین لە فشارەكانمان”.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق ڕاشیگهیاند: “حكومەتی عێرق و لانە عێراقییەكانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەران، ھیچ مەرجێكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بۆ جێگیركردنی مافەكانی كورد لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بە ھەند وەرنەگرتووە، نایانەوێت داخوازییەكانمان جێبەجێ بكەن و رێز لە رێككەوتنی سیاسی ناگرن، یەكشەمەی داھاتوو ئەگەڕێینەوە بەغدا و جارێكی دیكە ھەوڵدەدەین بە رێككەوتن كێشەكان چارەسەر بكەین، بەڵام ئەگەر ھەرنەكرا، لەنێو پەرلەمانی عێراق كاردانەوەمان دەبێت”
ههروهها ( د. موسهنا ئهمین ) ئاماژەی بەوەشكرد: “لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە عەبادیم گوت، خەڵكی كوردستان ئومێدی ھەبوو كە كێشەكانیان چارەسەربكەن، بەڵام ئەگەر چەند رۆژێكی دیكە مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان نەنێرن، خەڵكی كوردستان نەفرەت لە حكومەتێك دەكات، قووتی خەڵك بكاتە بابەتێكی سیاسی، ئێمەش ئامادەنین دەنگ بە تۆ بدەینەوە جارێكی دیكە ببیتەوە سەرۆك وەزیران”.
موسەنا ئەمین، ئەوەشی خستەڕوو: “ھیچ لیستێكی مووچە لە عێراق شەفاف نییە، بەڵام ئەوەی بەغدا دەیكات بیانوو و خۆدزینەوەیە لە راستییەكان و سزادانی میللەتی كوردە بە بیانووی ریفراندۆم، بۆ سەندنەوەی ھەموو ماف و دەستكەوتەكان لە ھەرێمی كوردستان، بەغدا نیاز پاك نییە بەرامبەر بە ھەرێمی كوردستان و زۆربەیان بەخیلی پێدەبەن، كە داوای مافەكانی كورد دەكەین، ھەندێكیان وادەزانن لە جەرگ و دڵیان دەبڕیت”.