گه‌ر واز له‌ جگه‌ره‌ بهێنێ چی له‌ جه‌سته‌ت رووده‌دات.؟

شاره‌زایانی بواری پزیشكی هەمیشە باس لە زیانەكانی جگەرەكێشان و كاریگەرییەكانی بۆ سەر جەستە و تەندروستیمان دەكەن، بەڵام وازهێنان لە جگەرە كارێكی گران و تاڕادەیەك ئاستەمە بۆ ئەوانەی كە ماوەیەكی زۆرە ئالودەی بوون.”

پێویستە پاش خوێندنەوەی ئەم بابەتە، ئەو كەسانەی كە ماوەیەكی زۆرە جگەرە دەكێشێن، بەشێوەیەكی جددی بیر لە وازهێنانی بكەنەوە، لەبەرئەوەی بە تێپەڕبوونی كات كاریگەرییەكانی نامێنن، بەڵام هەندێك لەو كاریگەرییانە ماوەیەكی زۆری پێدەچێت، هەربۆیە تا زووتر واز لە كێشانی جگەرە بهێنیت درەنگە. شارەزایانی بواری تەندروستی لە سەنتەری كۆنتڕۆڵكردن و خۆپاراستن لە نەخۆشیەكان(CDC) لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەو ماوانە دەخەنە ڕوو كە پێویستن بۆ نەمانی كاریگەرییەكانی كێشانی جگەرە پاش وازهێنان لێی، تەنانەت پاش 20 خولەك لە وازهێنان لە جگەرە یەكەم كاریگەری خراپ نامێنێت، لەلایەكی دیكەوە هەندێكی تر لە كاریگەرییەكانی چەند ساڵێكیان پێدەچێت تا بە تەواوی نامێنن.

-پاش تەنها 20 خولەك لە وازهێنان لە جگەرە:

لێدانی دڵ ئاسایی دەبێتەوە و سوڕی خوێن دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی، هەروەك خوێنبەرەكان باشتر كار دەكەن.

 

-پاش تێپەڕبوونی 12 كاتژمێر بەسەر وازهێنان لە جگەرەكێشان.

ڕێژەی دوانە ئۆكسیدی كاربۆن لە لەشدا كەمدەبێتەوە و ڕێژەی ئۆكسجین زیاد دەكات.

-پاش ماوەی 2 هەفتە بۆ 3 مانگ لە وازهێنان لە جگەرەكێشان:

ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ كەم دەبێتەوە. بڕی نیكۆتین لە لەشدا بەشێوەیەك كەمدەبێتەوە كە چیتر لەشت ئالودەی ئەو ماددەیە نابێت. جگە لە باشبوونی سوڕی خوێن، خانە زیان پێگەیشتووەكانی سیەكان چاك دەبنەوە.

پاش 1 مانگ بۆ 9 مانگ لە وازهێنان لە جگەرەكێشان:

ڕێژەی كۆكە و ئەو دەنگەی لە هەناسەدا بەهۆی جگەرەوە دروست بووە كەمدەبێتەوە، هەرچەندە كەسی جگەرەكێش بە تەواوی ڕزگاری نابێت لە كۆكە، لەبەرئەوەی سیەكان ماوەیەكی درێژیان پێویستە بۆئەوەی بگەڕێنەوە باری تەندروستی جارانیان.

-پاش یەك ساڵ لە وازهێنان:

پاش تێپەڕبوونی ساڵێك هیچ شوێنەوارێكی نیكۆتین لە لەشدا نامێنێت. ڕەنگ و ڕووی جگەرە كێش تەندروستتر دەردەكەوێت و پێستی جیڕتر یاخود لاستیكیەكەی بۆ دەگەڕێتەوە. ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیەكانی دڵ بەڕێژەی %50 كەمدەكات.

-پاش 5 ساڵ:

سوڕی خوێن بە تەواوی وەك مرۆڤێكی لێدێتەوە كە هەرگیز لە ژیانیدا جگەرەی نەكێشابێت. هەروەك مەترسی جەڵتە بەهۆی كێشانی جگەرەوە یەكسان دەبێتەوە لەگەڵ كەسی ئاساییدا. هەروەها كۆدەماری مێشك و سیستمی بەرگری لەش بەرەو باشتر دەچێت.

پاش 10 ساڵ لە وازهێنان لە جگەرە:

ئێستا مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی سیەكان دووهێندەی ئەو كاتە كەمترە كە ئەو كەسە جگەرەی دەكێشا، جگە لەوە مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی قورگ و پوك و گورچیلە و پەنكریاس كەمتر دەبێتەوە.

پاش 15 ساڵ لە وازهێنان لە جگەرە:

پاش تێپەڕبوونی 15 ساڵ مەترسی تووشبوون بە هەر نەخۆشیەكی شێرپەنجە لەو كەسەدا بە هەمان ئەندازەی ئەو كەسەی لێدێت كە هەرگیز جگەرەی نەكێشاوە، كەواتە 15 ساڵت پێویستە بۆ ڕزگاربوونی تەواوەتی لە گشت كاریگەرییە خراپەكانی جگەرەكێشان

Back to top button