حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامێكی توندی هیومان رایتس وۆچ ده‌داته‌وه‌

دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان له‌باره‌ی راپۆرتێكی ئه‌مڕۆی رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ  سەبارەت بە چاره‌نووسی دەستگیركراوانی داعش له‌ كوردستان و تۆمه‌تباركردنى پێشمه‌رگه‌ به‌ “كۆمه‌ڵكوژى” رایگه‌یاند: ئەو دەستگیركراوانە وەك هەموو دەستگیركراوانی دیكە بەپێی پرەنسیپی “تۆمه‌تبار بێتاوانە تا ئەو كاتەی تۆمەتەكەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە” و بە یەكسانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.”

دوێنێ له‌ راپۆرتێكدا رێكخراوى هيومان رايتس وۆچ تۆمه‌تى “كۆمه‌ڵكوژى” ئه‌و كه‌سانه‌ى داوه‌ته‌ پاڵ پێشمه‌رگه‌ كه‌ به‌ تۆمه‌تى هه‌بوونى په‌يوه‌ندييان به‌ رێكخراوى داعشه‌وه‌ ده‌ستگيركراوون و له‌ به‌رامبه‌ريشدا ديندار زێبارى وه‌ڵامى راپۆرته‌كه‌ى دايه‌وه‌.”

ده‌قى وه‌ڵامه‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم بۆ هیومان رایتس وۆچ:-

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان وەڵامی هیومان رایتس وۆچ دەداتەوە سەبارەت بە کۆمەڵکوژی گیراوانی داعش

رۆژی 8/2/2018 رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێكی بڵاوكردەوە بە ناوی (كوردستانی عێراق لە سێدارەدانی بە كۆمەڵی دەستگیركراوان) سەبارەت بە چارەنووسی ژمارەیەك لە دەستگیركراوی داعش لە رۆژئاوای دیجلە و چەند تۆمەتێک دەخاتە پاڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە ئەنجامدانی، لەم بارەوە  د.دیندار  زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند سەبارەت بە دەستگیركراوانی داعش  كە لە زۆربەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان باسیان لێوەدەكرێت، لێرەدا بە پێویستی دەزانین ئەوە روون بكەینەوە كە ئەو دەستگیركراوانە وەك هەموو دەستگیركراوانی دیكە بە یەكسانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت بە یەكسانی بەپێی پرەنسیپی تاوانبار بێتاوانە تا ئەو كاتەی تۆمەتەكەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە.

زێباری هەروەها گوتی: هەر کاتێک دەستگیرکراوان تۆمەتی پەیوەندی كردنیان بە داعش یان هاوكاری كردنی داعشیان بەسەردا ساغ بۆوە ئەوە بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و كەسوكاریشیان ئاگادار دەكرێنەوە لە تۆمەتەكانیان لە هەمان كاتدا هەموو مافێكیان هەیە وەك سەردانی كردنی كەسوكاریان و بوونی پارێزەر بۆ ئەوەی بەرگرییان لێ بكات، بەڵام ئەگەر لە میانەی لێكۆڵینەوەكاندا هیچ تۆمەتێكی بەسەردا ساغ نەبۆوە.

لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی 2006 کە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) ناسراوە پەیڕەو دەکرا،  ئه‌و یاسایه‌ تا 16/7/2016 كاری پێکرا. بەڵام ئێستا لە هەرێمی کوردستان بۆ دادگایی کردنی ئەو کەسانەی بە کاری تیرۆریستییەوە تێوەگلاون کار بە یاسای ژمارە (٢١)ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی 1969ی هەموار کراو دەکرێت.

لەگەڵ هاتنی راگوێزراوان بۆ ساترەکانی هێزی پێشمەرگە وەک رێوشوێنێکی ئەمنی تەنیا پیاوەکان پشکنینێکی زۆر ئاساییان بۆ کراوە بە مەبەسی دڵنیابوون لە نەبوونی کەسانی تیرۆریست و خۆکوژ لە نێویاندا، دواتر  دەگوازرانەوە بۆ سەنتەرەکانی پێشوازی. دوای گواستنەوەی راگوێزراوان بۆ سەنتەری پێشوازی دووبارە پیاوەکان دەپشکێندرێن و بەهیچ شێوەیەک پشکنین بۆ ئافرەتان ئەنجام نەدەدرا بەهۆی رەچاوکردنی دابونەریتی کۆمەڵایەتی و حورمەتی خەڵکەکە ئافرەتە راگورێزراوەکان پشکنینیان بۆ ئەنجام نادرێت لەلایەن دام و دەزگا ئەمنییەکانەوە.

لە سێ ساڵی رابردوودا (2652) كەس دەستگیركراون بە تۆمەتی پەیوەندی كردنیان بە رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە، لەوانە (1100) كەسیان تۆمەتەكەیان بەسەردا ساغ بۆتەوە و سزا دراون و سزاكەشیان زیندانی بووە لە نێوان سێ ساڵ تا هەتاهەتایە و بەپێی قەبارەی ئەو تاوانەی ئەنجامیانداوە، هەروەها (870) كەسیان ئازاد كراون دوای ئەوەی لێكۆڵینەوەكان دەریانخست كە بێ تاوانن و (672) كەسیشیان لەژێر لێكۆڵینەوەدان.

سەبارەت بە چارەنووسی دەستگیرکراوانی داعش دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر زێباری وتی:  تا رۆژی 16/10/2017 هیچ بەندکراوێک لە ئاسایشی کەرکوک دەستبەسەر نەبوو، تەنیا لە شارۆچکەی دبس زیندانێکی کاتی هەبوو بۆ وەرگرتنی ئاوارەکانی حەویجە کە پێش پرۆسەی رزگارکردنی حەویجە دەهاتنە دبس خۆیان رادەست دەکرد و زۆربەیان داعش و  هەموو دەستگیرکراوەکان عەرەبی سوننە بوون و ژمارەیان نزیکەی هەزار کەس بوو.

دواتر هەموویان گوازرانەوە بۆ ئاسایشی هەولێر و ئاسایشی گشتی، چونکە هیچ گرتووخانەیەک لە کەرکوک نەبووە و لایەنە ئەمنییەکان ئەرکیان تەنیا هاریکاری کردن بوو بۆ گواستنەوەیان و پرۆسەکە بە فەرمانی بەرپرسە سەربازییەکانی میحوەری کەرکوک بوو جێبەجێ کرا و هێزەکانی ئاسایش و دژە تیرۆر بەرپرسیاریەتی پرۆسەی گواستنەوەکەیان لە ئەستۆ گرت.

لە بارەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە کەرکوک دەستگیرکراون بە تۆمەتی بوونی پەیوەندییان لەگەڵ داعش زێباری رایگەیاند کە لە دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى کەرکوک لە سەرەتاى شەڕى تیرۆرەوە دەستگیرکراونی داعش بەم شێوەیە بووە:

لە ساڵى (2014) ئەو کەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (115) کەس دەستگیرکراو بوون.

لە ساڵى (2015) ئەو کەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (182) کەس دەستگیرکراو بوون.

لە ساڵى (2016) ئەو کەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (83) کەس دەستگیرکراو بوون.

لە  شەش مانگی یەکەمی ساڵى (2017): ئەو کەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (19) دەستگیر کراو بوون.

ئەوکەسانەى کە تاوەکو ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوە دان بەم شێوەیە بووە:

لە ساڵى (2014) ئەو کەسانەى لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە (33) کەس بوون.

لە ساڵی (2015) ئەو کەسانەى لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە (78) کەس بوون.

لە ساڵى (2016) ئەو کەسانەى لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە (20) کەس بوون.

لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2017) ئەو کەسانەى لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە (شەش) کەسن.

ئەو گیراوانەى کە سزایان بۆ دەرچووە:

لە ساڵى (2014) ئەو گیراوانەى کە سزایان بۆ دەرچووە (پێنج) کەس بوون.

لە ساڵی (2015) ئەو گیراوانەى کە سزایان بۆ دەرچووە (23) کەس بوون.

لە ساڵی (2016) ئەو گیراوانەى کە سزایان بۆ دەرچووە (حەوت) کەس بوون.

لە شەش مانگی یەکەم ساڵى (2017) هیچ کەسێک سزای بۆ دەرنەچووە.، بەڵام (36) کەس سزاکانیان تەمیز کراوەتەوە.

زێباری تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە ماوەی جەنگی داعشدا پێشمەرگە چاودێری هاتوچۆی تیرۆریستانی داعشیان دەكرد بۆ رێگا گرتن لە راكردنیان لە ناوچەی نێوان حردان و راعی و جۆلات بە درێژایی 71 كیلۆمەتر بوو، لە ماوەی سێ ساڵەی جەنگی داعش ژمارەیەکی زۆریان لەو ناوچەیە کوژراون  لەوانە هەندێکیان هێرشی خۆکوژییان دەکردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، هەندیکی دیکەشیان بە نیازبوون روو بکەنە سوریا و پێشمەرگە هەوڵی دەدا رێگرییان لێ بکات و بەشیکی دیکەشیان کە بە نیاز بوون خۆیان رادەستی پێشمەرگە بکەنە لە پشتەوە لەلایەن خودی داعشەکانەوە کوژراون هەرچەندە ئامانجی تیرۆریستانی داعش گەیاندنی زۆرترین زیانی گیانییە بە هێزەكانی پێشمەرگە و بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن لە رێگای كردارە خۆكوژییەكانەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هێزی پێشمەرگە هەوڵی نەداوە كاتێك گەمارۆ درابن تەنیا لە حاڵەتی شەڕ و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی كرداری خۆكوژی شەڕی لەگەڵیان كردووە و لەم جەنگانەشدا بە دەیان پێشمەرگە شەهید بوون و دەیان تیرۆریستیش كوژراون، بۆیە لە زۆر حاڵەتدا لاشەكان هێنراون بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی رێكوپێك بنێژرین.

لە كۆتاییدا دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی  كوردستان وتی: سەبارەت بە گواستنەوەی ئاوارەكانیش وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقی و لیژنەیەكی تایبەت لە پارێزگای موسڵ سەرپەرشتی گواستنەوەیان دەكات ، لەم بوارەوەش ژمارەیەكی زۆریان گواستراونەتەوە كەمپەكانی گەیارە و حەمام ئەلعەلیل كە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبیدان و ئاوارەکانی ناوچەی زووماریش لە چوارچێوەی ئەوانەن ، بۆیە حەشدی شەعبی بەرپرسە لە هەر رووداوێكی بێسەروشوێن بوون كە لەو كەمپانەدا رووبدات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پێشمەرگە هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ پاراستنی گیانی ئاوارەكان و دەستگیركراوانی داعش.

Back to top button