حكومەتی هەرێم لیستی سەرجەم فەرمانبەران بۆ بەغداد دەنێرێت جگە لە وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگە
حكومەتی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی ٤٠٢ ھەزار مووچەخۆر بۆ بەغدا ڕەوانە دەكەن، بەڵام ناوی وەزارەتەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ و دامودەزگا ئەمنییەكان تێدانیە .
(ھیوا ئەفەندی) سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیا و زانیاری لە ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان رایگەیاند: “لەم چەند ڕۆژەدا لیستێكی مووچەخۆران دەدرێتە بەغدا و لەسەر داوای لێژنەی وردبینیی مووچە كە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە پێكهێندراوە، لیستی ناوی ٤٠٢ ھەزار مووچەخۆری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا دەنێرین”.
سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیا و زانیاری لە ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان راشیگەیاند: “ئەو لیستەی دەینێرن، ناوی چەند وەزارەت و فەرمانگەیەكی تێدا نییە و ئەو مووچەخۆرانەی كە لەسەر بەغدان، ناویان تێدا نییە، لەگەڵ ناوی وەزارەتەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ و دامودەزگا ئەمنییەكان”.
هەروەها هیوا ئەفەندی دەشڵێت : “ئەو لێژنانەی بەغدا توانای وردبینیی لیستەكانی مووچەی كوردستانیان نییە، بۆیە پەنایان بۆ تۆماری بایۆمەتری ھێناوە و ئەوان توانای وردبینیی زیاتر لە ملیۆنێك مووچەخۆری ئێمەیان نییە، بۆیە ئێمە وەزارەت بە وەزارەت لیستەكانمان بۆیان ئامادە كردووە و بۆیانی ڕەوانە دەكەین”.