محەمەد گەردی : بریاری ڕاگرتنی 45 كەناڵی ناوخۆی جێبەجێ دەكریت
(محەمەد گەردی) بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم رایگەیاند:” ئەو كەناڵانەی كە باج و رسوماتیان نەداوەو مۆڵەتەكانیان نوێ نەكردۆتەوە، دوای چەندین جار ئاگادراكردنەوەیان و مۆڵەتدان پێیان ئەمڕۆ بڕیاری راگرتنی پەخشی (٤٥) كەناڵی ناوخۆیی لەهەرێم جێبەجێدەكرێت و تا ئەو كەناڵانە مۆڵەتەكانیان نوێ نەكەنەوەو ئەو باج و رسوماتەی لەسەریانە نەیدەن، پەخشەكانیان ناكرێتەوە”.
بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم راشیگەیاند: ”هەتاكو مۆڵەتەكانیان نوێ نەكەنەوەو ئەو باج و رسوماتەی كە لەسەریانە نەیدەن پەخشی كەناڵەكانیان ناكرێتەوە، هەر ئەمڕۆ بڕیارەكەمان رادەستی ئەو كۆمپانیایه كردوە كە پەخشەكەیان بۆ دەكات كە ئەمشەو پەخشەكانیان رابگیرێت.”
ئەوەشی خستۆتەڕو كە ئەو بڕیارەی وەزارەت دوای ئەوە هاتووە كە ئەو ماوەیەی درابوو بە كەناڵەكان تەواو بوەو هەروەها چەند جارێك ئاگاداركراونەتەوەو چەند جارێكیش مۆڵەتەكەیان بۆ درێژكراوەتەوە، بەڵام زۆربەی ئەو كەناڵانە پابەندنەبون بە بڕیارەكەوە، بۆیە وەك وەزارەت ناچار بون بڕیاری راگرتنی پەخشەكانیان جێبەجێ بكەن.
ئاشكراشیكردوە كە ئەو كەناڵانە باج و رسوماتی زیاتر لە سێ ساڵ قەرزدارن، بڕی ئەو پارەیەش كە قەرزدارن بەگشتی نزیكەی (٣) ملیار دینارە.
(محەمەد گەردی) دەشڵێت :كە ئەو كەناڵانە بە تەنها كەناڵی ناوخۆیی نین، بەڵكو كەناڵی ئاسمانی و رادیۆشیان تێدایە كە تائێستا مۆڵەتەكانیان نوێ نەكردوەتەوەو باج و رسوماتیان نەداوەو قەرزدارن ،ئێمە وەك قۆناغی یەكەم پەخشی كەناڵە ناوخۆییەكان رادەگرین دواتر لە قۆناغی دوەم دەستدەكەین بە گرتنەبەری رێوشوێن بەرامبەر كەناڵە ئاسمانی و رادیۆكانیش.”