هه‌وڵه‌كان بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی رێكخراوی ئۆپیك نرخی نه‌وتی به‌رزكرده‌وه‌

خواكوڕك

سەرۆكی ڤەنزوێلا نیكۆلاس مادۆرۆ ئاشكرای كرد، لەم مانگەدا وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت دەگەنە رێككەوتن لەبارەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت.

ئاژانسی هەواڵی جەزائیر، لە زاری محەمەد باركیندۆ سكرتێری گشتیی رێكخراوی “ئۆپێك” بڵاوی كردەوە، ئەندامانی رێكخراوی ئۆپێك داوای كۆبوونەوەی نائاسایییان كردووە بۆ تاوتوێكردنی نرخی نەوت و گەیشتن بە رێككەوتنێك لەبارەی بڕی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت بۆ بازاڕەكانی دنیا.

بەپێی لێكدانەوەی ئابووریناسان، ئەو هەوڵانەی ئۆپێك و وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت، هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیادا و پێشبینی دەكرێ لەم هەفتەیەدا بەردەوام نرخی نەوت ڕووی لە بەرزبوونەوە بێت.

ئەمڕۆ دووشەمه‌ نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی دنیا بۆ 46.39 دۆلار بەرزبووەوە و بە بەراورد لەگەڵ رۆژانی پێشتر 62 سەنت بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەم هەفتەیەدا پێشبینی كراوە و هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە وڵاتی ڤەنزوێلا ئاشكرای كرد، وڵاتی بەرهەمهێنی نەوت لە دەرەوەی رێكخراوی ئۆپێك هەوڵ دەدەن بگەنە رێككەوتنێك بۆ جێگیركردنی نرخی نەوت و بڕی بەرهەمهێنان.

Back to top button