ئەشواق جاف: سێ پێشمەرگە لە گرتووخانەیەكی بەغدا دەستبەسەر كراون تۆمەتی ئەندامبوونیان لە گرووپی ئاڵا سپییەكە دراوەتەپاڵ

دوای ئەوەی لە سنوری دوزخورماتوو بە تۆمەتی شەڕكردنیان هاوشانی گرووپی(ئاڵاپییەكان) دژ بە حەشدی شەعبی سێ‌ پێمەرگەی لیوای 134 دەستگیركران, پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێت:”پێشمەرگەكان هێشتا لە ژیاندا ماون، جەختیش دەكاتەوە، كە ئەوان پێشمەرگەی لیوای 134ی هێزی پێشمەرگە بوون و هیچ پەیوەندیەكیان بەو گرووپەوە نیە”.

ئەشواق جاف، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق، لە ڕاگەیاندراوێكدا ڕایگەیاند: “دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەر بۆ بینی ئەو سێ پێشمەرگە، كە بە تۆمەتی ئەندام بوونیان لە گروپی ئاڵا سپیەكان دەستگیر كرابوون، ئەمڕۆ چوومە گرتووخانەی فڕۆكەخانەی موسەنا لە بەغدا”.
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونی كردووەتەوە، كە ئەو پێشمەرگانە ناویان (ڕەحیم مەجید حارس، جێگری ئەفسەری خانەنشینە، نەریمان حسێن حەسەن لە لیوای 134ی فەوجی 3 لە بارەگای ئەو فەوجە دەوامی كردووە، كەریم وەهاب ئەحمەد لە لیوای 134 فەوجی 3 سریەی 2 دەوامی كردووە لە داقوق”.

ئەشواق جاف، گوتیشی: “نەریمان حسێن، پێشتر لەگەڵ كەریم وەهاب ئەحمەد كێشەیان هەبووە، كە دراوسێ بوون، بۆیە لەكاتی ئەشكەنجەداندا كەریم ناوی ئەوی هێناوە، واتە نەریمان دوور و نزیك پەیوەندی بە كێشەكەوە نیە و هیچ شتێكی لەسەر نیە.

سەبارەت بە هۆكاری دەستگیركردنیان، ئەشواق جاف، گوتی: “ئەمانە گوایە پێشتر پێشمەرگە بوون و دواتر چوونەتە ڕیزەكانی گرووپی (ئاڵا سپییەكان) و دژی هێزە ئەمنیەكانی عیراق شەڕیان كردووە، بەڵام لە ڕاستیدا وانیە، چونكە ئەمانە بە بیانووی بوونی چەك لە ماڵەكانیان دەستگیركراون، كە گوایە لەگەڵ ئەو گرووپانە كاریان كردووە”.

ئەشواق جاف گوتیشی: “بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو سێ پێشمەرگە، پێویستە دوو ڕێكار لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگە و لیواكەیانەوە بگیرێنە بەر، یەكەم دەركردنی نوسراوێك لە لیوای 134ی پێشمەرگەوە، كە ئەوانە پێشمەرگەن. دووەمیش، دەبێت ئەو لیوایە ژمارەی ئەو چەكانەی، كە میلاكی خۆی بووە پێشتر بینوسێت بۆ ئەوەی بەراورد بكرێت لەگەڵ ئەو چەكانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، بەم شیوەیە كێشەكەیان چارەسەر دەكرێت”.

Back to top button