تورکیا ساڵح موسلیم دەخاتە لیستی تیرۆرەوە

تورکیا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ( ساڵح موسلیم) دەردەکات و بڕی ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار دۆلاریش بۆ ھەرکەسێک دیاریدەکات کە شوێنه‌كه‌ی ئاشکرابکات و زانیاریان پێبدات.

(فەتحوڵڵا حسێنی) ئەندامی نوێنەرایەتی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان له‌ هه‌ریمی كوردستان ڕایگەیاند:”وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ساڵح موسلیم ھاوسەرۆکی پێشوی (پەیەدە)ی خستۆتە لیستی سورەوە کە ئەو لیستە تەنھا سەرکردەی تیرۆریستانی تێدا ئەژماردەکرێت”.

ئەندامی نوێنەرایەتی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان له‌ هه‌ریمی كوردستان ڕاشیگەیاند:”بەپشتبەستن بەو بڕیارە تورکیا چوار ملیۆن لیرە کە دەکاتە نزیکەی ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار دۆلاری بۆ ھەرکەسێک تەرخاندەکات کە زانیاری لەسەر شوێنەکەی ساڵح موسلیم ئاشکرابکات”.

ئەندامەکەی نوێنەرایەتی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا ده‌ڵێت:”پێشتر تورکیا ھەڕەشەی لەسەر شەخسی ساڵح موسلیم کردوەو ھیچ ئەنجام و کاریگەریەکیشی نەبووە، ھەندێک میدیای تورکیاش نوسیویانە، کاتێک ساڵح موسلیم سەردانی ماردین و ئەنکەرەی کرد دەبوو دەستگیربکرایە، بەڵام پێشوازی لێکرا لەلایەن تورکیاوە”.

لەلایەکی دیکەشەوە سلێمانی عارەب نوێنەری پەیەدە لەباشور لەلێدوانێکی ڕۆژنامه‌وانیدا گووتی:”تورکیا ھیچ کاتێک لەھەوڵەکانی بۆ کوشتنی ھاوڵاتیانی کورد قسوری نەکردوەو ھەرگیز نەوەستاوە، پیلانگێڕیەکەشی لەدژی ساڵح موسلیم لەو چوارچێوەیەدایە کە دەیەوێت گەلی کورد لەھەر چوارپارچە لەناوبەرێت و کۆمەڵکوژیان بکات”.

Back to top button