کۆمسیۆن پەیامێکی بەپەلە لەبارەی دامەزراندن بەگرێبەست بڵاودەکاتەوە

سەرۆکی دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم ڕونکردنەوە سەبارەت دامەزراندنی کارمەند بەشێوەی گرێبەست بۆ سەرجەم ناوەندەکانیان دەدات و جەختدەکاتەوە، “بۆ دامەزراندنی کارمەندان بڕگەیەکی یاسای بودجە جێبەجێدەکرێت”.
(مازن عەبدولقادر) سەرۆکی دەستەی ھەڵبژاردنی ھەرێم لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند:”بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کە بڕیارە لەمانگی ئایاری ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، لەھەرێم نزیکەی ١٧٣ ناوەندی تۆمارمان ھەیە کە تایبەتن بەتۆمارکردنی ھاوڵاتیان و دابەشکردنی کارتی دەنگدان، جگەلەوەش بۆ ھەر ناوەندو بنکەیەک پێویستمان بەھەشت کارمەند ھەیە بۆ ڕاییکردنی کارەکان”.

سەرۆکی دەستەی ھەڵبژاردنی ھەرێم لەلێدوانێکدا ڕاشیگەیاند:”لەھەڵبژاردنی پێشتری ئەنجومەنی نوێنەراندا کە ساڵی ٢٠١٤ ئەنجامدرا، ژمارەیەک کارمەند بەگرێبەست دامەزران، بۆ ئەمساڵ نەتوانراوە ھیچ کەسێک بەگرێبەست دابمەزرێت، بۆیە ناچاربوین ئەو کارمەندانەی پێشتر گرێبەستبون جارێکی دیکە گرێبەستیان بۆ نوێکراوەتەوەو ھەمان ئەوکەسانە دەستبەکاربونەتەوە”.

(مازن عەبدولقادر) سەرۆکی دەستەی ھەڵبژاردنی ھەرێم ده‌شڵێت”بەگوێرەی بڕگەیەکی یاسای بودجە بۆمان ھەیە تەنھا گرێبەست نوێ بکەینەوە، واتە ناتوانرێت گرێبەستی نوێ ئەنجامبدەین، بەڵام ئەگەر پێویستبکات لەڕِێگەی پێگەی فەرمی کۆمسیۆنەوە فەرمانبەران و خوێندکارانی زانکۆو ھەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و دبلۆم فۆڕم پڕبکەنەوەو دەرفەتی کارکردنیان بۆ دەڕەخسێنرێت بەتایبەت کارکردن لەسەر سندوقەکانی دەنگدان و سودمەندبونیان”.

Back to top button