ئەمریكا: ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە هاوكاریی پێشمەرگە

لە میانەی بەرێوە چوونی كۆ بوونەوەیەك كە لە نێوان سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریكا لە هەولێر. جۆزێف ڤۆتێل پشتگیری و خۆشحاڵیی خۆی بە دیالۆگی هەولێر و بەغدا دەربڕی و بەردەوامیی هاوكارییە سەربازییەكانی وڵاتەكەیشی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپاتكردەوه.

ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردۆتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 14-2-2018 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ژەنەراڵ جین جۆزێف ڤۆتێل ، فەرماندەی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریكا كرد. لە كۆبوونەوە‌كەدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران و شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندێكی سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمریكا، ئامادە بوون ، دۆخی سەربازی و ئـەمنیی عیراق و هەرێمی كوردستان و قۆناغی دوای لەناوبردنی داعش خرایە بەر باس.

هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا دوا پێشهاتەكانی گفتوگۆی لیژنە تەكنیكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و دیدارەكانی هەردوو سەرۆكوەزیران نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادی لە بەغدا و داڤۆس تاوتوێكرا و “هیوایان خواست هەردوولا بگەنە چارەسەرێك بۆ تەواوی كێشەكان بەپێی دەستووری عێراق‌”.

بەپێی هەواڵەكەی ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی پشتگیری و هاوكارییە سەربازییە بەردەوامەكانی ئەمریكای بۆ پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش و دابینكردنی چەك و تەقەمەنی و مەشق و راهێنانی بۆ پێشمەرگە كرد و هیوای بەردەوامیی هاوكارییەكانی خواست. سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هەروەها ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ حكومەتی عێراقی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، دووپاتكردەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا ژەنەراڵ ڤۆتێل سوپاسی ئەو هاوكاری و هەماهەنگییەی كرد كە لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سەرباز و مەشقكارانی ئەمریكادا هەیه، بەردەوامیی هاوكارییە سەربازییەكانی وڵاتەكەیشی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپاتكردەوە. فەرماندەی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریكا پشتگیری و خۆشحاڵیی خۆی بە دیالۆگی هەولێر و بەغدا دەربڕی.

تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكە بەگشتی و شەڕی دژی تیرۆر لە عێراق و سووریا بەتایبەتی، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو، بەپێی ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، لەمبارەیەوە هەردوولا دووپاتیان كردەوە كە شكستهێنان بە تیرۆر تەنیا لەڕووی سەربازییەوە بەدی نایەت‌، بەڵكو پێویستە بەرنامەڕێژی بۆ لەناوبردن و شكستپێهێنانی هزر و پرۆگرامی تیرۆریستان بكرێت.

Back to top button