نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی هاتنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا بۆ كوردستان راگه‌یاندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسادا، له‌ راگه‌یاندراوێكدا تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر هاتنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا و لێدوانه‌كانی (دۆمینیک ماس) کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە شاری هەولێر كه‌ به‌گرنگیه‌وه‌ باسی له‌ هاتنی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ هەولێر کردووە و سوپاسی فەرەنسای گەیاندوە بە گەلی کورد و پێشمەرگە.

لەراگەیاندراوێكدا نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسادا، كه‌ كۆپیه‌كی ده‌ست (خواكوڕك) كه‌وتووه‌ و دوێنێ 14/2/2018 بڵاویكردۆته‌وه‌، هاتووه‌.” كه‌ (دۆمنیک ماس) رایگه‌یاندوه‌.” فەرەنسا بە ئاشکرا بە (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و (قوباد تالەبانی) گوتووە” کە فەرەنسا دۆستەکانی بەتەنیا جێناهێڵێت” .

له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌ ئه‌وه‌ش هاتووه‌.” كه‌ فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە هاندانی هەولێر و بەغدا بۆئەوەی لە رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ کێشەکانی نێوانیان چارەسە بکەن، چونکە ئاشتەوایی نەتەوەیی لە عێراق بۆ فەرەنسا زۆر گرنگە.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌.” کە لە سەرەتای شەڕی داعشەوە فەرەنسا هاوکاری سەربازی و ماددی مرۆیی پێشکەشی هەرێمی کوردستان و عێراقی کردووە و لەوچوارچێوەیەشدا تا ئێستا فەرەنسا 70 ملیۆن یۆرۆی لە هاوکارییەکانی  لە گشت بوارەکاندا خه‌رجكردوه‌”.

لەکۆتایی راگەیاندراوەکەدا، ئەوە باسكراوه‌.” كه‌ کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەولێر داخستنی فڕۆکەخانەکانی بە کاریگەری نەرێنی لەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ناوبردوە، بۆیە بۆ ئێمە گرنگە بەغدا فڕۆکەخانەکان بکاتەوە”.

ئه‌وه‌ی شیاوی باسه‌.” له‌ 12/2/2018، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا گه‌یشته‌ عێراق و پاش چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ عه‌بادی سه‌رۆكی وه‌زیرانی عێراق، دواتر گه‌یشته‌ هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌ و كۆمه‌ڵێك پرسیان تاوتوێكرد و پشتیوانی خۆیان بۆ حكومه‌ت و گه‌لی كوردستان دووپاتكرده‌وه‌.

Back to top button