سیسته‌می ئه‌لیكترۆنی مووچه‌ له‌ماوه‌ی مانگێكدا ده‌كه‌وێته‌كار

خواكوڕك

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ له‌ هه‌وڵی به‌ ئه‌لیكترۆنی كردنی مووچه‌ی سه‌رجه‌م كارمه‌ندانی حكومه‌ته‌ له‌ هه‌رێم كوردستان، و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ لێژنه‌یه‌كی تایبه‌تی پێكهێناوه‌ و بڕیاره‌ له‌سه‌ره‌تای مانگی رابردوو ده‌ست به‌جێ به‌جێكردنی كاره‌كانیان بكه‌ن.

كۆچه‌ر ساڵه‌یی پسپۆری كاروباری بانكی به‌ خواكوركی راگه‌یاند، له‌ كاتی جێبه‌جێ كردنی ئه‌م سیسته‌مه‌ بارگرانیه‌كی زۆر له‌سه‌ر حكومه‌ت لاده‌چێت و نزیكه‌ی نیوه‌ی رێژه‌ی ئێستای مووچه‌خۆران له‌ كوردستان كه‌م ده‌بێته‌وه‌، هه‌روه‌خا ده‌شڵێت، ڕه‌نگه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ئیدی كێشه‌ی گه‌نده‌ڵی ئیداری له‌ بواری دامه‌زراندنی بندیوار و دوو مووچه‌یی به‌ ته‌واوی له‌ كۆڵ بێته‌وه‌، به‌مه‌ش داهاتێكی زۆر بۆ خه‌زێنه‌كانی حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

له‌ ئێستاشدا لیژنەی بەئەلیکترۆنیکردنی مووچە سەردانی پارێزگای سلێمانی و دهۆك دەکەن و لەگەڵ لێژنه‌ و هۆبه‌كانی تایبه‌ت به‌م كاره‌ له‌ پارێزگای سلێمانی و دهۆك کۆدەبنەوە، و سه‌ردانه‌كه‌ تایبه‌ت ده‌بێت به‌ پێدانی فۆرم بە ژمێریارانی فەرمانگەکانی حکومەت بۆ ئەوەی فەرمانبەران فۆرمەکان پڕبکەنەوە و دواتر لە سیستەمی ئەلیکترۆنیدا مووچە وەربگرن.

پێشتر قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاندبوو، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ ملیۆنێك و سێ سه‌د هه‌زار مووچه‌خۆری هه‌یه‌، و نزیكه‌ی نیوه‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌ش مووچه‌خۆرانی بندیوار یان دوو مووچه‌ن.

Back to top button