خواكوڕك .. زانیاری وورد لهسهر كۆبونهوهكهی یهكێتی ئاشكرا دهكات
كۆبوونەوەی هاوبەشی سەركردایەتیو ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی بۆ دیاریكردنی ڕۆژی كۆنگرەی حزبەكەیان بە پێشنیارێك كۆتایی هات كە 5-3ی دیاریكردووە بۆ ئەو پرسە، تۆپەكە خراوەتەوە گۆڕەپانی ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ بڕیاری كۆتاییو پابەند كراوە بەوەی بۆی هەیە تەنها بۆ 10 ڕۆژ دوای بخات.
لە كۆبوونەوەكەدا چەند بەرپرسێكی باڵای ئەو حزبە بەشدارییان نەكردووە،خواكوڕك لە زاری سەرچاوەیەكی باڵای ناو كۆبوونەوەكەوە زانیویەتی، بەشداریی نەكردنی هەندێكیان بە هۆی نیگەرانییو ناڕەزاییەكانیانەوە بووە،سەرچاوەكەی خواكوڕك كە بەرپرسێكی باڵای یەكێتییەو خۆی بەشداربووە لە كۆبوونەوەكە دەڵێت”مەلا بەختیارو حاكم قادرو شێخ جەعفەرو مەحمود سەنگاوی” بەشدارییان نەكردووە، جگە لە مەحمود سهنگاوی كە بەهۆی كاری تایبەتەوە بووە، ئەو سێ بەرپرسەی دیكە بەهۆی ناڕەزاییەكانیانەوە بەشدار نەبوونو ئەوان ئامادەنین لە ژێر ناوی ئەندامی سەركردایەتی بەشداریی بكەنو پێیانوایە هێشتا ئەندامی مەكتەبی سیاسین لە كاتێكدا مەكتەبی سیاسی هەڵوەشاوەتەوە.
سەرچاوەكەی خواكوڕك زیاتر لە بارەی نیگەرانیی ئەو بەرپرسانەوە زانیاریی ئاشكراكردو دهڵێت :” مهلا بەختیار لەگەڵ ئەنجامدانی كۆنگرەش نییەو ئەو پرسە بە پیلانگێڕی دەزانێت بەبێئەوەی ڕوونی بكاتەوە كێ پیلانگێڕی دژی كێ دەكات؟ ترسێكیشی هەیە كە لە كۆنگرە دەرنەچێتو دەسەڵاتی نەمێنێت.”
كۆبوونەوەكە دوو باڵە سەرەكییەكەی یهكێتی كۆكردەوە كە (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو كۆسرەت ڕەسوڵ) سەرۆكایەتییان دەكەن، وەك وتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی دهڵێت:”بەكۆی دەنگ كە كۆسرەت ڕهسوڵ و هێرۆخان ئیبراهیم دەنگیان پێدا پێیان باش بوو 5-3 ڕۆژی كۆنگرە بێت، ئەم پێشنیارە دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆئەوەی ئەوان بیكەن بە بڕیار.”
سەرچاوە باڵاكەی خواكوڕك دەڵێت”ئەنجومەنی سەركردایەتی پابەندكرا بەوەی ئەگەر ئەو ڕێكەوتەی پەسەند نییە نابێت كۆنگرە بخاتە دوای 15-3و تەنها بۆ 10 ڕۆژ بۆی هەیە دوای بخات” .
بەرپرسانی یەكێتی تائێستا سەركەوتوو نەبوون لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، بەڵام هەوڵی چڕیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی حزبەكەیان كە بە ڕۆژی گۆڕانكارییو نوێ بوونەوەی دادەنێن.
گرژییو ناكۆكییەكانی ناو یەكێتی بەجۆرێك تووند بوونەتەوە مانەوەی ئەو حزبەی بە یەكپارچەیی خستوەتەبەردەم هەڕەشە، بەرپرسانی یەكێتی بە هەستیارییەكی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ كۆبوونەوەكانی حزبەكەیان دەكەن.
ناكۆكییەكان بەجۆرێكن هەر گروپەو دەیەوێت لە بەرژەوەندیی خۆی گۆڕانكاریی بكرێتو جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵاتی حزبیی لای خۆی بێت وەك؛ پۆستی یەكەمی حزب، پارەو دەسەڵاتی میدیا.