نه‌وزاد هادی : لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌ سیاسه‌تی كوردستان و كلتوری پایته‌خت نییه‌

دوێنێ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ له‌ ناو بازاڕ و له‌ نزیك قه‌ڵای هه‌ولێر، ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كیانه‌ له‌ سێ گه‌نجی عه‌ره‌ب ده‌ده‌ن. بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نیگه‌رانییه‌كی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا و زۆرێك له‌ به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئه‌و حاڵه‌ته‌یان به‌ ناشیاو و ناڕه‌وا وه‌سفكرد.

نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێرله‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، ره‌تیكرده‌وه‌، لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌دانی گه‌نجانی عه‌ره‌ب، سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كولتووری هه‌ولێری پایته‌خت بێت و دووپاتیكرده‌وه‌، ئه‌و رووداوه‌ كه‌سی بووه‌.

نه‌وزاد هادی له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ئاشكرایكرد، به‌ هۆی ئه‌و رووداوه‌وه‌ 12 كه‌س ده‌ستگیركراوون و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

لای خۆیشیه‌وه‌ عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر رایگەیاند: “ئەو رووداوە كە دوێنێ لە ناوبازاڕی ھەولێر روویداوە بابەتێكی سیاسی نییە و ھیچ پەیوەندی بە حەشدی شەعبییەوە نییە، ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باسكراوە، دوورە لە راستیەوە”

بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر روونیكردەوە: “دوێنێ كە رۆژی ڤاڵانتاین بوو، خەڵكێكی زۆر لەناوبازاڕی ھەولێر كۆبووەتەوە، ئەو دوو ھاووڵاتییە عەرەبە خەڵكی بەسرەنە و بۆ گەشت و سەیران ھاتبوونە ھەولێر، لەگەڵ ئافرەتێك دەمەقاڵە لەنێوان دروست بووە، دواتر دەبێتە شەڕیان و خەڵكێكی زۆر لەوێ كۆدەبێتەوە، ھێزەكانی پۆلیس و ئاسایش دەگەنە شوێنی رووداوەكە و دۆخەكە كۆنترۆڵ دەكەن و لێكۆڵینەوەیان لە رووداوەكە كردووە، بۆیان دەركەوتووە كە ئەو بابەتە كۆمەڵایەتییە و ھیچ پەیوەندی بە سیاسەتەوە نییە”.

Back to top button