بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی میوشن، نێچیرڤان بارزانی گەیشتە میونشن
کۆنفرانسی میونشن ئەمساڵ لە رۆژانی 16 تا 18ـی شووبات لە هۆتێلی ‘بایەریشەر هۆف’ لە شاری میونشنی ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت.
فۆکەسی سەرەکیی کۆنفرانسەکە و گرنگترین تەوەرەکانی ئەمساڵی گفتوگۆکردنە لەسەر بابەتی داهاتوو و توانای یەکێتیی ئەوروپا لە کارابوون و پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا و ئەمریکا.
جگە لەم بابەتە چەندین تەوەری دیکە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ، لەوانە:
-هەڕەشەکانی سەر سیستەمی نیشتیمانیی لیبرال
-پێکدادانە فراوانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی نزیک
-گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی سیاسیی لە هەرێمی ساحلی ئەفریقا
-بەشێکی دیکە لە سەرنجی کۆفرانسەکە لە سەر بابەتی چەکداماڵین و بە تایبەتیش دۆسیەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور دەبێت.
زیاتر لە 600 بەشداربوو لە کۆنفرانسەکەدا ئامادە دەبن کە لە نێویاندا سەرانی دەوڵەتان وەک سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ، سەرۆکی ئۆکراینا و سەرۆکی رواندا بەشدار دەبن.
هاوکات سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی کۆمیسیۆن و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا و سکرتێری گشتیی ناتۆ لەوێ دەبن.
لە هەرێمی کوردستانیشەوە ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بانگهێشتی کۆنفرانسەکە کراون و بۆ ئەو مەبەستە گەیشتوونەتە میونشن.
سالانە لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەدا خۆپیشاندان لە دژی بەستنی کۆنفرانسەکە بەڕێوەدەچێت و ئەمساڵ چاوەڕێدەکرێت 4 هەزار کەس لە رۆژی دووەمی کۆنفرانسەکەدا خۆپیشاندان ئەنجامبدەن؛ هەربۆیە رێکارە ئەمنییەکان تووندتر کراونەتەوە و 4 هەزار هێزی ئەمنیی بۆ پاراستنی ئاسایشی شارەکە و کۆنفرانسەکە ئامادەکراون.
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کۆنفرانسێکی ساڵانەیە و بایەخ بە بابەتەکانی پەیوەست بە ئاسایش و سەقامگیریی دەدات.
هەرچەندە کۆنفرانسەکە شوێنی راوێژ و ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکانە لە سەر بابەتە ئەمنییەکان و هیچ بڕیارێکی تێدا دەرناکرێت، بەڵام لەبەر گرنگییەکەی بە داڤۆسی ئاسایش ناودەبرێت؛ واتە گرنگی میونشن بۆ ئاسایش وەک گرنگیی داڤۆسە بۆ ئابووری.