سەركردەیەكی پێشووی كۆمەڵ: دروست بوونی قەوارەی نوێ كاریگەری دەبێت لەسەر دەنگی كۆمەڵی ئیسلامی

لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی گشتی لە عێراق و كوردستان كە بریار بوو هێزە ئیسلامیەكان وەك هاوپەیمانیەكی ئیسلامی بچنە نێو كێبڕكێی هەلبژاردنەكان, نەتوانرا هاوپەیمانیەتیەكە دروستبكرێت, هەروەها بەشێك لە هێزە ئیسلامیەكان ناتوانن بە هەمان قەبارەی پێشوتر لەسەر گۆڕەپانی سیاسی دەربكەنەوە بە تایبەت كۆمەڵی ئیسلامی كە چەند سەركردەیەكی ئەو حزبە دەستیان لە كار كێشاوەتەوە, سەركردەیەكی پێشووی كۆمەڵی ئیسلامی، ئاماژە بەوە دەدات، كە جیابوونەوەی بەشێك لە سەركردە و كادیرەكانی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ ھەڵبژاردنەكانی ئایندە، كاریگەری لەسەر دەنگەكانی كۆمەڵی ئیسلامی دەبێت.
دكتۆر محەمەد سینەمۆكی، سەركردەی پێشووی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان، ڕایگەیاند: “وازم لە ڕیزەكانی كۆمەڵی ئیسلامی ھێناوە و ھیچ بەرپرسیاریەتییەكم لەو حزبەدا نەماوە، ئەو دەنگۆیانەشی كە باس لەو دەكەن چوومەتە ناو قەروارەیەكی سیاسیی نوێ، ھەمووی پڕوپاگەندە و دوورە لە ڕاستییەوە”.
ئەو سەركردەیەی پێشووی كۆمەڵی ئیسلامی، ئەوەشی خستە روو كە وازھێنانی لەناو ڕیزەكانی كۆمەڵی ئیسلامی، بۆ كۆنگرەی ئەو حزبە دەگەڕێتەوە و گوتی: “لە كۆنگرەدا خۆم بۆ ھیچ پۆستێك كاندید نەكرد، چونكە بەباشم زانی گەنجەكان بێنە پێشەوە بۆ ئەوەی ئەوانیش كاری سیاسی بكەن، چونكە ناكرێت كەسێك بۆ ماوەی 20 ساڵ ئەندامی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی حزبێك بێت، باشترە بوار بە گەنجەكان بدەین بۆ ئەوەی گەنج بەشێوەیەكی بەرچاو بێنە پێشەوە و بەشداریی كایەی سیاسی بكەن”.
ئاشكراشی كرد كە مۆدێلی ئەوە بەسەر چووە، حزب لەسەر بنچینەی ئیسلامی و عەلمانی دابمەزرێت، بەڵكو پێویستە حزب لەسەر بنچینەی خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و كۆمەڵگە دابمەزرێت، ھەروەھا “پێویستە میكانیزم و شێوازی حزبایەتی گۆڕانكاری بەسەردا بێت، چونكە ئەو شێوازەی لە ڕابردوودا ھەبووە، گۆڕانی بەسەردا هاتووە”.
د. محەمەد سینەمۆكی، سەكردەی پێشووی كۆمەڵی ئیسلامی، گوتیشی: “عەلی باپیر، لە كۆنگرەی پیشوودا داوای لێكرا كە جارێكی دیكە خۆی كاندید بكاتەوە، بەڵام بۆ كۆنگرەی داھاتووی كۆمەڵی ئیسلامی، پێم وایە مامۆستا عەلی باپیر خۆی كاندید ناكاتەوە”.
جەختیشی لەوە كردەوە كە جیابوونەوەی بەشێك لە سەركردە و لایەنگرەكانی كۆمەڵی ئیسلامی و پەیوەندیكردنیان بە قەوارەكەی بەرھەم ساڵحەوە، “بۆ ئایندە كار دەكاتە سەر دەنگەكانی كۆمەڵی ئیسلامی”.

Back to top button