ساڵح موسلیم: كه‌وتنی كه‌ركووك جورئه‌تی به‌ ئه‌ردۆگاندا هێرش بكاته‌ سه‌ر عه‌فرین

له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌یه‌كی نزیك له‌ گۆڕان ساڵح موسلیم  به‌رپرسی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ته‌ڤگه‌ری‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ دیموكراتیك ” ته‌ڤده‌م” باس له‌ هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین ده‌كات و رایده‌گه‌ێنێت” هێرش‌و په‌لاماردانی‌ توركیا‌و هاوكاره‌كانی‌ له‌هه‌فته‌ی‌ چواره‌مدایه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا نه‌یتوانیوه‌ پێشره‌وی‌ بكات، هێشتا له‌سه‌ر سنوره‌كانی‌ عه‌فرین شه‌ڕ به‌رده‌وامه‌، هه‌ندێكجار یه‌ك كیلۆمه‌تر یان كه‌متر پێشره‌وی‌ ده‌كات، به‌ڵام شه‌ڕڤانان تێكیان ده‌شكێنن‌و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ دواوه‌، شه‌ری‌ چون‌و هاتنه‌ ئێمه‌ نه‌چوینه‌ ناو خاكی‌ ئه‌وانه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ركاتێك بچنه‌ خاكی‌ ئێمه‌وه‌ روبه‌ڕویان ده‌بینه‌وه‌و ده‌ریان ده‌كه‌ین. ئه‌م شه‌ڕه‌ چه‌ند درێژه‌ بكێشێت یان نه‌كێشێت؟ له‌سه‌ر لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ر وه‌ستاوه‌. به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر زیانیان گه‌وره‌تر ده‌بێ‌‌و تێكده‌شكێن، ناتوانن ئێمه‌ به‌چۆكدا بهێنن، گوێش له‌ئێمه‌ ناگرن كه‌ ته‌سلیم نابین، بێگومان تاكه‌ی‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ درێژه‌ ده‌كێشێت به‌ویستی‌ ئه‌وانه‌وه‌و گرێدراوه‌، ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌به‌ژه‌وه‌ندی‌‌و هه‌ڵوێستی‌ وڵاتانی‌ زلهێزه‌وه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ من ده‌یزانم ئه‌وه‌یه‌ گه‌لی‌ عه‌فرین‌و شه‌رڤانان تا دڵۆپی‌ خوێنیان به‌رگری‌ له‌عه‌فرین‌و خاكی‌ خۆیان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ ئیراده‌ی ئێمه‌یه‌و سه‌رده‌كه‌وین”.

هه‌روه‌ها ساڵح موسلیم له‌باره‌ی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ری گروپێكی ناو یه‌كێتی و فرۆشتنی شاری كه‌ركووك ده‌شلێـ”بڕوام وایه‌ ئه‌و دوبه‌ره‌كی‌‌و ناكۆكییه‌ی‌ له‌باشور هه‌یه‌ ده‌ستی‌ دوژمنانی‌ كوردی‌ تێدایه‌، ده‌بێت پشتیان به‌خۆیان به‌هێز بێت‌و كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ كۆنگره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ بۆ هه‌رچوارپارچه‌ی‌ كوردستان ببه‌سترێت، ده‌بێت وریا بین دوژمنان هه‌میشه‌ له‌پیلاندان له‌دژی‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ گه‌لی‌ كوردستان، ئێمه‌ ده‌توانین به‌یه‌كێتی‌ ناوخۆمان خۆمان بپارێزین، با كۆنگره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ بكرێت‌و ببێته‌ مه‌رجه‌عی‌ گه‌لی‌ كوردستان. ئه‌گه‌ر یه‌كێتی‌ نه‌ته‌وه‌یمان هه‌بوایه‌‌و هه‌ماهه‌نگیی له‌ناو حزبه‌كانی‌ كوردستان هه‌بوایه‌ به‌رگری‌ كردن له‌كه‌ركوك زۆر له‌عه‌فرین مه‌زنترو به‌هێزتر ده‌بوو، دوژمن‌و داگیر كه‌رانیش جورئه‌تی‌ ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد په‌لاماری‌ عه‌فرین بده‌ن، لاوازیی‌ ئێمه‌ ده‌رفه‌ت ده‌دات به‌دوژمن په‌لامارمان بدات، پێویسته‌ پارته‌ سیاسیه‌كانی‌ ئێمه‌ ده‌ست بخه‌نه‌ ناو ده‌ستی‌ یه‌كه‌وه‌و هیوای‌ ئێمه‌ش ئه‌وه‌یه‌”.

هه‌روه‌ها ساڵح موسلیم له‌باره‌ی ئه‌و پرسیاره‌ی رۆژنامه‌كه‌ كه‌ وه‌ك سوكایه‌تی بۆ پێشمه‌رگه‌ ئاراسته‌ی كرد كه‌ چی بكرێت پێشمه‌رگه‌ش وه‌ك شه‌رڤان به‌رگری بكات، ده‌لێـ”پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان رۆڵه‌ی‌ ئێمه‌ن، رۆڵه‌ی‌ گه‌لی‌ كوردن، ده‌بێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ هه‌ندێ‌ لایه‌نی‌ سیاسی‌ به‌هۆی‌ ئه‌و ناكۆكیانه‌ی‌ هه‌یه‌ به‌كارنه‌هێنرێن، ده‌بێت له‌ژێر فه‌رمانده‌ییه‌كی‌ هاوبه‌ش ئه‌ركه‌كانیان راپه‌رێنن، هه‌ر هێزێكی‌ چه‌كداری‌ ئێمه‌ ئه‌گه‌ر یه‌په‌گه‌ بێت یان یه‌په‌ژه‌ بێت یان هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بێت ده‌بێت له‌ژێر چه‌تری‌ فه‌رمانده‌ییه‌كی‌ شاره‌زاو كاراو كارامه‌دا ئه‌ركه‌كانی‌ خۆی‌ راپه‌ڕێنێت، ئه‌گه‌ر پێویستیشی‌ كرد ئه‌وا له‌ژێر فه‌رمانده‌ییه‌كی‌ هاوبه‌شدا به‌رگری‌ له‌ته‌واوی‌ خاكی‌ كوردستان بكه‌ن‌و شه‌ڕ بكه‌ن بۆ پاراستنی‌ هه‌موو گه‌لی‌ كورد، هه‌ر ئه‌وه‌ش له‌پێشمه‌رگه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت. ئه‌مرۆ پارچه‌ پارچه‌كردنی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌باشور قبوڵ‌ ناكرێ‌‌ له‌ هیچ كه‌سێك”.

له‌باره‌ی سه‌ردانی شاندی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ عه‌فرین ساڵح موسلیم ده‌لێـ” زۆر سوپاسی‌ هاتنی‌ شاندی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ كوردستان ده‌كه‌ین‌و پێزانینمان هه‌یه‌ بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌یان، به‌تایبه‌ت كه‌ به‌وجۆره‌ پشتیوانی‌ له‌گه‌لی‌ عه‌فرین‌و رۆژئاوای‌ كوردستان ده‌كه‌ن، هیوادارین هه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه‌ نه‌بێت‌و هه‌نگاوی‌ دیكه‌شی‌ به‌دوادا بێت، كورد یه‌كبگرێت. ئێمه‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌خوازین كار بكات بۆ دروستكردنی‌ یه‌كگرتنی‌ كوردان بكه‌ن، گه‌لی‌ كورد ته‌نها پێویستی‌ به‌یه‌كێتی‌‌و ته‌باییه‌ له‌ناوخۆی‌ خۆیدا، دوێنێ‌ هه‌رچوارپارچه‌ی‌ كوردستان بۆ كۆبانێ‌ و كه‌ركووك هاتنه‌ ده‌نگ ئه‌مرۆش جارێكی‌ دی‌ بۆ عه‌فرین دێنه‌ ده‌نگ، ئه‌مه‌ مایه‌ی‌ سه‌ربڵندییه‌ بۆ ئێمه‌. داوا له‌هه‌موو حزبه‌كانی‌ باشور‌و په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌كه‌م كه‌ كێشه‌كانی‌ ناوخۆیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن‌و یه‌كبگرن”.

Back to top button