ماڵی بارزانی ئیرادەی بەهێزی کوردیان لە هەمووشت لاگرنگترە
بهمن کاك عبداللە
مێژووی کورد بەبێ مێژووی بارزانیەکان ، کەلێنێکی گەورەو فراوانی تێ دەبێت ، هەرکەسیش مێژووی بارزانیەکان بخوێنێتەوە باش لەوە دەگات ، گەر بارزانیەکان جگە لەئیرادەی بەرزی کوردایەتی ، هەرچی دیکەیان بویستایە لە پلەوپایە و موڵک و کۆشك و پارە بەزیادەوە بۆیان فەراهەم دەکرا .
شێخ عبدالسلامی گەورە گەر پلە و پایەو پارەو موڵکی بویستایە لەلایەن عوسمانیەکانەوە لە سێدارە نەدەدرا ، شێخ ئەحمەدی بارزانی ۱۱ ساڵ بەدەست و پێ بەسراوی لە زیندان نەدەبوو گەر جگە لەئیرادەی بەرزی کوردایەتی هەرچی دیکەی بویستایە ، کاتێك نوری سەعیدی سەرۆک وەزیرانی دەورانی مەلەکی عێراق لە زیندان دەچێتە لای شێخ ئەحمەد و پێی دەڵێت نامەیەك بنوسە بڵێ هەڵەبووم لە زیندان و کۆت و زنجیر ڕزگارت دەبێت ، شێخ پێی دەڵێت گەر هەمووتەمەنم بەم کۆت و زنجیرەوە بەسەر بەرم پەشیمان نیم و ناشڵێم هەڵەبووم .
بارزانیەکان هێزیان ناردوە بۆ یارمەتی دانی شۆڕشی شێخ محمودی حفید لە سلێمانی ۱۹۱۹ـ۱۹۲۲ ، هەروەها هێزیان ناردوە بۆ یارمەتی دانی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە باکوری کوردستان ۱۹۲٥ ، پەیوەندی بەهێزیان لە گەڵ سمکۆی شکاك هەبوە لە ڕۆژهەڵات و بەشدار و پشتیوانی بەهێزی کۆماری کوردستان بوون لە مهباد ساڵی ۱۹٤٦ .
مەلامستەفای بارزانی لە تەمەنی ۱٥ ساڵی تا تەمەنی ۷٦ ساڵی بۆ چەن ساڵێکی کەمیش ژیانی ئاسایی خۆی نەژیاوەو بەردەوام لەهەوڵ و خەبات دا بوە بۆ مافەکانی کورد و بەرز هێشتنەوەی ئیرادەی کوردایەتی ، بۆیەش بەشۆڕشی ئەیلولی مەزن ۱۹٦۱_۱۹۷٥ ئەو ئیرادە بەرز و بەهێزەی لە ناخی هەموو کوردێکدا چاند .
سەرۆک مسعود بارزانی کەلە تەمەنی ۱٥ ساڵیەوە پێشمەرگە بوە و تا ئیستاش لەتەمەنی ۷۲ ساڵی دا ، شەڕی بەرز و بەهێز هێشتنەوەی ئیرادەی کوردایەتی دەکات ، توانی لە دوای ڕوخانی بەعسەوە بەراست و رەوانی بەجیهان و دەوڵەتانی ناوچەکە بڵێت ، کورد هیچی لەنەتەوەکانی ئیوە کەمتر نیە و بەکەمتر لەو مافانەی ئیوەپێی گەیشتوون ڕازی نابێت ، بارزانی دەیتوانی سەرۆک کۆماری عیراق بێت و شاهانە بژی بەڵام فیدراڵی جوگرافی مێژووی بۆ گەلەکەی لە هەمووشت لاگرنگتر بوو ، پێشمەرگە ئاسا لەڕیزی پێشەوەی پێشمەرگەکانی کوردستان ، ڕووبە ڕووی دڕندەترین دوژمنی مرۆڤایەتی بوەو تێکی شکاندن ، بارزانی ئاڵای کوردستانی بەجیهان ناساند و بردیە هەرچی کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆڕبەندی جیهانیە ، کاتیک شەڕی داعش تەواو بوو جیهان چاوی خۆی داخست بەرامبەر ماف و قوربانیەکانی گەلەکەی ، ئاڵای سەربەخۆی هەڵگرت و بەبێ هیچ حساب کردنێک بۆ دوژمنان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی بۆیەکەمجار لە مێژووی کورد دا ، ئەنجام داو ئیرادەی بەهیزی کوردایەتی گەیاندە لوتکە ، گەر خیانەتی گەورەی خیانەت کارانی ۱٦ی ئۆکتۆبەریش نەبایە ئیستا دەوڵەتی کوردستانی ڕاگەیاندبوو .
ئێستا بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی وەك دوو شاباڵی هەڵۆی سەربەخۆ خوازی بارزان بەهۆی کاریگەریان لەبواری سیاسی و ئاسایش و حوکم ڕانی ئەو ئیرادە بەهێزەی کوردایەتیان هەڵگرتوەو ناهێڵن دوژمنان بەهۆی خیانەتی بەشێکی جاش زادەو بێ ئیرادە و ژێردەستەیی خوازەوە ، ئیرادەی بەرز و بەهیزی کوردایەتی لاواز و نزم بکەنەوە ، بۆیە دەبینین سەرەڕای خیانەت و ویستی ژێردەستەیی خوازی لەلایەن زۆرینەی هیزە سیاسیە کوردیەکان ، بەڵام جیهان و تەنانەت دوژمنانیش حسابیکی تایبەت بۆ کوڕانی ماڵی بارزان دەکەن و بەدەم ڕاست و خاوەنی ڕاستەقینەی دۆزی ڕەوایی گەلی کوردیان دەزانن .
بۆیە تا نەوەکانی بارزانی مابن ئیرادەی بەهێزی کوردایەتی و سەربەخۆیی خوازی بەردەوام دەبێت و هەرئەوانیش دەمڕاست و ئاڵا هەڵگری دەبن .