سروە عەبدولواحد من كاندیدی لیستەكەی عەبادیم له بەغدا

دوای ئەوەی ئاڵا تالەبانی رایگەیاند كە دەبێـتە نوێنەری شیعە لە كەركووك. سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی سكای پرێس جەخت دەكاتەوە، بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق خۆی لەسەر لیستی بزووتنەوەی گۆڕان كاندید ناكات، بەڵكو خۆی لەسەر لیستی “سەركەوتن” دەپاڵێوێت، كه ‌لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.

عەبدولواحید لە دیدارەكەیدا دەڵێت: “بەغدای پایتەخت كۆكەرەوەی سەرجەم پێكهاتەكانی عێراقە بە كورد و عەرەبەوە”، بەبێ ئەوەی وەك پایتەختی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە ناوی هەولێر بكات.

لەدرێژەی دیدارەكەدا ئەو كاندیدەی لیستەكەی عەبادی كاتێك ناوی پارێزگاكانی عێراق دەهێنێت، ئاماژە بەناوی هەرێمی كوردستان ناكات و ناوی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش لە ریزبەندی پارێزگاكانی عێراق هەژمار دەكات.

هەروەها جەختیش لەسەر باوەڕبوونی خۆی بە عێراقێكی یەكپارچە دەكاتەوە و دەڵێت، “ئەوەی بەلای منەوە گرنگە ئەوەیە كە خزمەت بە عێراقێكی خاوەن ناسنامەیەكی نیشتیمانی یەكگرتوو بكەم”.

سەبارەت بە بزووتنەوەی گۆڕانیش ئەو كاندیدەی لیستی عەبادی دەڵێت: “ئەو وەكو قەوارە دەست لە بزووتنەوەی گۆڕان ناكێشێتەوە، بەڵام وەك دڵسۆزی خۆی بۆ عێراقێكی یەكگرتوو ئەمجارەیان سەركێشی دەكات و لە لیستی كوردی دەكشێتەوە و لەلیستەكەی حەیدەر عەبادی خۆی بەربژار دەكات”، كە زۆرینەی شیعە مەزهەبە.

لەبارەی چوونی شاسوار عەبدولواحیدی براكەشی بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دەڵێت: “من سلێمانیم بۆ شاسوار جێهێشتووە و دەنگدەرانی ئەمجارەم خەڵكی شاری بەغدان نەك هی سلێمانی”.

ئەمەش لەكاتێكدایە، ئەو لیستەی كە سروە عەبدولواحید دەیەوێت خۆی لەسەری كاندید بكات، ماوەی چەندین ساڵە سەرۆكەكەی كە حەیدەر عەبادییە، ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستانی بڕیوە و، دواجاریش دەیەوێت بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق لە17% بۆ 12.7% كەم بكاتەوە.

Back to top button