خۆ کاندید کردنی یوسف موحەمەد بۆ پەرلەمانی عێراق نا یاساییە

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق روونكردنەوەیەكی یاسایی لەبارەی ئەو پەرلەمانتارانەی كوردستان دەدات كە دەستلەكاركێشانەوەیان پەسەند نەكراوەو خۆیان بۆ پەرلەمانی عیراق كاندید كردووە، بەگوێرەی روونكردنەوەكەش، ئەگەر نامەی دەستلەكاركیشانەوەی (یوسف محەمەد) لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پەسەند نەكرێت، ناتوانێت خۆی بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی عیراق كاندید بكات.

موحسن سەعدون، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایگەیاند: لەڕووی یاساییەوە ناكرێت كەسێك سەرۆك یان ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بێت، خۆی بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كاندید بكات، تەنها ئەو كاتە رێگەیان پێدەدرێت، كە دەست لە ئەندامێتی پەرلەمانی كوردستان بكێشنەوەو نامەی دەستلەكاركێشانەوەشیان لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بكرێت”.

بەگوێرەی لیستی لایەنەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، (یوسف محەمەد) سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و چەند پەرلەمانتارێكی دیكە، خۆیان بۆ پەرلەمانی عیراق كاندید كردووە، كە تائێستا نامەی دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی پەرلەمان پەسەندنەكراوە.

بەوتەی (محسن سەعدون) خۆكاندیدكردنی سەرۆك و ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، بەر لەوەی دەستلەكاركێشانەوەیان پەسەند بكرێت، پێشێلیكردنی یاساییە.

لەبارەی رێوشوێنەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقیشەوە لەبەرامبەر ئەو كاندیدانە، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ده‌ڵێت:” وەكو قۆناغی یەكەم كۆمسیۆنەكە ناوی كاندیدی لایەنە سیاسی و هاوپەیمانێتیەكان وەردەگرێت، دواتر پڕۆسەی جیاكردنەوەو وردبینیكردن دەستپێدەكات و ئەوكات بەڕەسمی داوا لە پەرلەمانی كوردستان دەكرێت كە ئایا ئەو پەرلەمانتارانەی كوردستان كە خۆیان كاندید كردووە، دەستلەكاركێشانەوەكانیان پەسەند كراوە یاخود نا، بۆیە ئەگەر پەسەندكرابێت ئەوە كاندیدبوونەكەیان پەسەند دەكرێت، بە پێچەوانەوە كاندیدبوونەكەیان قەبوڵ ناكرێت.

Back to top button