گۆڕان كۆمه‌ڵێك مه‌رج له‌ رێگه‌ی حزبه‌ ئیسلامیه‌كان به‌سه‌ر پارتی ده‌سه‌پێنێت

خواكوڕك

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بانگێشتنامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی به‌شدار له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان كرد بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌سه‌ر پرسی داهات و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و قه‌یرانانه‌ی رووبه‌رووی كوردستان بوونه‌ته‌وه‌، به‌شێك له‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان رایانگه‌یاندووه‌ به‌ مه‌رج به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

هه‌ریه‌كه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی گوڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی دوای راگه‌یانراوه‌كه‌، هه‌ڵوێستی خۆیان ئاشكراكردووه‌ و مه‌رجی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانیان وه‌كو خاڵێكی بنه‌ڕه‌تی كۆبوونه‌وه‌كان بڵاو كرده‌وه‌ و بڕیاره‌ ئه‌مرۆش یه‌كگرتووی ئیسلامی هه‌ڵوێستی خۆی له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ رابگه‌یه‌نێت.

سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ ره‌نگه‌ یه‌كگرتووش جگه‌ له‌هه‌ندێك مه‌رجی مه‌تاتی گشتی، مه‌رجی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان وه‌كو خاڵێكی بنه‌ڕه‌تی بسه‌پێنێت به‌سه‌ر پارتی و بیه‌وێ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ دڵی ئه‌و له‌شكره‌ ئیعلامه‌ی گۆڕان رازی بكات، كه‌ رێبازێكی دوژمنكارانه‌یان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ی هه‌مان رای ئه‌وانیان نیه‌.

چاوێدرێكی سیاسیش ده‌ڵێت، ماوه‌یه‌كه‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی كه‌وتۆته‌ سه‌ر هێڵێكی سیاسی هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاراسته‌یه‌ی كه‌ گۆڕان و باڵی ده‌سترۆیشتووی یه‌كێتی سه‌ركردایه‌تی ده‌كه‌ن، به‌مه‌ش ئه‌و حیزبه‌ی له‌ ئۆرگانێكی سیاسی سه‌ربه‌خۆ كردووه‌ به‌ پاشكۆی ئاراسته‌ و ئایدۆلۆژیه‌كی ناوچه‌كه‌.

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی یه‌كگرتووه‌وه‌ پێیوایه‌، ئه‌م حیزبه‌ سه‌ربه‌خۆتر ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام هه‌میشه‌ ئیعتبارێكی زۆر بۆ تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و ناوه‌نده‌ پۆپۆلیستیه‌كانی حیزبه‌كانی تر داده‌نێت. ره‌نگه‌ كۆبوونه‌وه‌ و نزیك بوونه‌وه‌ له‌ پارتی، كه‌ هاوته‌ریبه‌ له‌گه‌ڵ گرتنه‌ ئه‌ستۆی قه‌یرانه‌كانی هه‌رێم، بۆ یه‌كگرتوو كارێكی هێنده‌ ئاسان نه‌بێت، و له‌ داهاتوودا ئه‌و حیزبه‌ش جارێكیتر بچێته‌وه‌ به‌ره‌ی گۆڕان و هێرۆخان.

Back to top button