مەحمود سەنگاوی: بنەمالەی تالەبانی بەرهەم سالحیان لە نێو یەكێتی دەركرد
دوای ئەوەی بەرهەم سالح, جێگری دووەمی سكرتێری یەكێتی واز هێنانی خۆی لە یەكێتی راگەیاند, ئەندامێكی سەركردایەتی ئاشكرای دەكات دوای نەخۆشكەوتنەكەی مام جەلال، بنەماڵەی مام جەلال هەوڵیان دا بەرهەم ساڵح لەناو یەكێتی نەمێنێ.
مەحمود سەنگاوی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان،لە بارەی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی بەوردی ناكۆكییەكانی نێوخۆی یەكێتی دەخاتە ڕوو و باس لە ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و بابەتی گەندەڵی دەكات و هۆكاری ناڕازیبوونی یەكێتیش بە پڕۆژەی چاكسازیی خانەنشینان ئاشكرا دەكات.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەلێت:” لەناو حزبەكەی ئێمەدا ناتەباییەكی زۆر هەبووە، كە بەشی زۆری ناتەباییەكانی نێو یەكێتی بۆ ناتەبایی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەگەڕێتەوە، بۆیە پێشنیازمان كرد، ئەم مەكتەبی سیاسییە هەڵبوەشێتەوە و تا كۆنگرە مەكتەبێكی سیاسیی دیكە دروست بكرێت، بەڵام ئەوە نەكرا، ئیتر گوتمان با 11 كەس دەستنیشان بكەین بۆ ئامادەكاریی كۆنگرە و سەرپەرشتیكردنی یەكێتی، بەڵام تاوەكوو ئێستا ئێمە نەگەیشتووینەتە هیچ ڕێككەوتنێك.
هەروەها مەحمود سەنگاوی دەشلێت:” دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال، بەداخەوە بنەماڵەی مام جەلال خۆیان كەوتنە دروستكردنی كێشە و هەوڵیان دا بەرهەم ساڵح لە ڕیزەكانی یەكێتی نەمێنێ، لە كاتێكدا مام جەلال خۆی بەرهەم ساڵحی هێناوەتەوە، ئەگینا كاتی خۆی ئێمە كەسمان نەمانناسیوە، بەڵام ئەویش لە ساڵانی 1976 و 1977ەوە ئەندامی یەكێتی بووە و لە كۆمەڵە ئەندام بووە.