داوای دەركردنی ئاڵا تالەبانی دەكرێت لەیەكێتی
دوای ئەوەی ئاڵا تالەبانی ئەندامی گرووپی خیانەتكاری یەكێتی و ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی, رایگەیاند كە خۆی لە سەرلیستێكی عەرەبی كاندید كردووە كاندید كردنەكەی پەیوەندی بە یەكێتیەوە نیە, بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، دەڵێ، پێویستە هەر ئەندامێكی یەكێتی لە سەركردایەتی تا خوارێ ئەگەر خۆی لەسەر لیستێكی دیكە كاندید كرد بۆ هەڵبژاردنەكان لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێـت و سزا بدرێت.
د. ڕێبوار ئیسماعیل، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ڕاگەیاند: “ناكرێ هیچ ئەندامێكی یەكێتی لەسەر هیچ لیستێكی دیكەی جیا لە لیستی یەكێتی نە پروپاگەندە، نە هاوكاری، نە خۆی كاندید بكات، هەروەها هیچ ئەندامێكی یەكێتی لە سەركردایەتییەوە تا خوارەوە بۆی نییە بچێتە سەر لیستێكی دیكە، چونكە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە هەموو شارەكانی كوردستان یەك لیستی هەیە، ئەوانەی كە ئارەزوومەندن و دەیانەوێت خۆیان كاندید بكەن، ئەوا دەتوانن لە چوارچێوەی ئەم لیستەدا خۆیان كاندید بكەن“.
گوتیشی: “ئەوەی ئەم كارە دەكات دەبێ سزا بدرێت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت، جا ئەو لیستە لیستێكی سەر بە بەغدا بێ، یان هەرێمی كوردستان بێ، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك خەڵك هەیە بە ناو ئەندامی یەكێتین، بەڵام چوونەتە دەرەوەیی لیستی یەكێتی و لەسەر لیستێكی دیكە خۆی كاندید كردووە، بۆیە ئێمە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ پڕەنسیپی حزبی بۆ سزادان، لێپێچینەوە و پێداچوونەوە بەم هەڵوێستەی ئەم هەڤاڵانەی چوونەتە دەرەوەی یەكێتی“.
ئەو بەرپرسەی یەكێتی ڕاشیگەیاند: “دەبێ كۆمیتەی سەركردایەتی قسە لەسەر خۆكاندید كردنی ئاڵا تاڵەبانی، بكات، بۆ ئەوەی سەرنجی ڕابكێشرێت و ئاگادار بكرێتەوە، كە بكشێتەوە لەم لیستە ئەگەر نەكشێتەوە ئەو كاتە هەڵوێستی حزب دەبێت لە كۆبوونەوە دیاری بكرێت، پلەی سزادانی چی دەبێ و چۆن مامەڵەی لەگەڵ بكرێت”.