ئەمریكا بۆ عێراق لە زووترین كات هەموو چەكە ئەمریكیەكان لە حەشدی شەعبی وەربگیرێنەوە
دوای ئەوەی پێشمەرگە توانی دوو تانكی ئەبرامزی ئەمریكی تێك بشكێنێت كە لە كاتی هێڕشی حەشدی شەعبی بۆسەر هەرێمی كوردستان بەكارهێنانی ئەم چەكە پێشكەوتووەی ئەمریكا بەدەستی میلیشیاكانی حەشد دەنگدانەوەی گەورەی بەكار هێنا لە ئێستادا حكومەتی ئەمریكای هێناوەتە سەر هێل كە دەبێت لە زووترین كات ئەو چەكانە لە میلیشیاكان دابمالدرێن و بگەڕێنەوە دەستی لایەنی پەیوەندی دار.
وێبسایتی “دەیلی بیست”ی بەریتانی، راپۆرتێكی دەیڤید ئێكسی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەكات، وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا (پنتاگۆن)، داوای لە حكوومەتی عێراق كردووە تانكە ئەبرامزەكان لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی وەربگرێتەوە.
بە گوێرەی راپۆرتەكەش، تا ئێستا عێراق ئاماژەی بەوە نەكردووە چەند تانكی لەو میلیشیایانە وەرگرتووەتەوە، كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن.
لەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوە كراوە، میلیشیاكانی حزبوڵڵا، لە ساڵی 2015ەوە توانیویانە 9 تانكی پێشكەوتووی ئەمەریكی، لە جۆری ئەبرامز ئێم وەن وەربگرن، لە سەرەتای ئەم مانگەوەش پنتاگۆن دانی بەوەدا ناوە، ئاماژە بەوەش دەكات، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق، سەرقاڵی وەرگرتنەوەی ئەو تانكانەن.
ئەو نووسەر و رۆژنامەوانە، دەڵێت: “لە كۆتاییدا زیانەكە روویدا، بە تایبەتیش ئەو كاتەی میلیشیا ئێرانییەكان، ئەو تانكە ئەمەریكییانەیان لە دژی كورد، كە هاوپەیمانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكان، بەكارهێنا”.
دەیلی بیستی بەریتانی، لە زاری گوتەبێژی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا، گواستوویەتەوە: “ئێمە دەزانین، بەشێكی زۆر لەو كەلوپەلە سەربازییانەی كە ئەمەریكا پێشكەشی كردووە، بە تەواوەتی لە ژێر كۆنتڕۆڵی لایەنی پەیوەندیداردا نییە”.
گوتەبێژەكە لە پەیامە ئەلیكترۆنییەكەیدا دەشڵێت: “ئەمەریكا لە كاركردن لەگەڵ حكوومەتی عێراق بەردەوامە و رێكاری بەپەلەی گرتووەتەبەر، بۆ ئەوەی دڵنیابێت لە وەرگرتنەوەی تەواوی ئەو كەلوپەلە سەربازییانە، بۆ لایەنی پەیوەندیدار” ئاماژەی بەوەش كردووە، چەند تانكێك لە حەشدی شەعبی وەرگیراونەتەوە.
ئەو رۆژنامەوانە باس لە تانكی جۆری “ئەبرامز ئێم وەن” دەكات، كە كێشی هەر یەكێكیان 70 تۆنە و یەكێكە لەو تانكانەی كە هێزی مارێنز و سوپای ئەمەریكا بەكاری دەهێننن، هاوكات بە گرنگترین تانكی هاوپەیمانانیش دادەنرێت.
دەیڤید ئێكس ئاشكرای دەكات، مەزەندە دەكرێت عێراق نزیكەی 140 تانكی لەو جۆرەی لە ئەمەریكا وەرگرتبێت، كە لە ساڵی 2008ەوە دەستیپێكردووە، وەك هەوڵێك بۆ دامەزراندنی فیرقەیەكی تایبەتی تۆپخانە، لە جیاتی ئەو فیرقەیەی كە ئەمەریكا لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەكەی بۆ سەر عێراق، تێكیشكاند، نرخی هەر تانكێكیش ئێستا 4.3 ملیۆن دۆلارە.
بە گوێرەی ئەو وێبسایتە بەریتانییە، كاتێك چەكدارانی رێكخراوی داعش، لە باكووری عێراق و بەتایبەتیش مووسڵەوە هاتن، چەند تانكێكی لەو جۆرەیان كەوتە دەست، نزیكەی 5 تانكیش لە شەڕەكانی دژی داعش سووتان، چەندین تانكی دیكەش پەكیان كەوت و تێكشكان، ئێستاش هەندێكیان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بەكاردەهێنرێت.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بڵاوكراونەتەوە، كە مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2015ـە و تانكی ئەبرامز ئاڵای كەتیبەكانی حزبوڵڵای عێراقی لەسەر دەشەكێتەوه، ئەو میلیشیایەش لەلایەن ئەمەریكا بە گرووپێكی تیرۆریستی دادەنرێت، لە گرتەیەكی دیكەشدا دەركەوتووە، لەسەر ئەبرامزێك نووسراوە “كەتیبەكانی سەیدولشوهەدا”، كە كەتیبەیەكی میلیشیاكانی حەشدی شەعبییە و راستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن.
پێشتر و لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر، دوو تانكی ئەبرامز ئێم وەن، لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە لە ناحیەی پردێ و مەحموودیە، تێكشكێنران، لەو كاتەی كە میلشیاكانی حەشد هێرشیان كردە سەر كوردستان.