ئاڵا سپییەكان لەخورماتوو دەركەوتنەوە

دوای ئەوەی پێشتر خواكوڕك لە هەوالێكیدا, بوونی گرووپێكی چەكداری ئاڵا سپی لە سنوری خورماتوو بڵاو كردەوە, لەگەڵ ئەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و پۆلیسی عێراق هێڕیشیان كردە سەریان, دوای بێدەنگ بوونیان ئەمڕۆ گرووپەكە لە سنوری گوندی شۆراو دەركەوتنەوە.

جەلال شێخ نوری قائیمقامی قەزای كفری رایگەیاند” لە میانی ئۆپراسیۆنەكان و گەران و پشكنینی هێزەكانی ئاسایشی كفری وخورماتو و نەوجول لە ناوچەكە، ژمارەیەك چەكداری ئاڵا سپیەكان لە نزیك گوندی شۆراو سەر بەناحیەی نەوجول، دەركەوتون و بەوهۆیەوە شەڕەتەقە لە نێوانیان دروستبوەو پاش ماوەیەكی كەم چەكدارەكان بۆ شوێنی نادیاری هەڵهاتوون”.

قائیمقامی كفری راستی روداوەكەشی ئاشكراكردو رایگەیاند: شەڕەتەقەیەكی دوراودوربووە و هیچ جۆرە پێكدادان و روبەرووبونەوەیەكی نزیك لە نێوان هێزەكانی ئاسایش و ئەو چەكدارانە روینەداوە و سەرجەم ئەو چەكدارنەش سەر بە رێكخراوی داعشن و ناوبەناو سەرهەڵدەدەن لەو سنورەدا.

Back to top button