لاڤرۆڤ داوای گفتوگۆی نێوان دیمەشق و كورد دەكات
دوای ئەوەی سوپای سوریا رایانگەیاند بە ڕەزامەندی یەپەگە دەچنەوە عەفرین بۆ رێگری كردن لە سپای توركیا كە نزیك بە مانگێكە هێڕش دەكاتە سەر پارێزگای عەفرین, لە بارەی دۆخی رۆژئاوای كوردستان و سوریا وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ، رایگەیاند، “هانی هەموو لایەك دەدەین، لەگەڵ حكومەتی سووریا دانووستان بكەن. داواش لە سووریا دەكەین، بچێتە ناو دانووستانەوە لەگەڵ كوردەكان، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك، كە رەچاوی بەرژەوەندی هەمووان بكات”.
لاڤرۆڤ لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، كە لە شاری لیوبلیانای پایتەختی سلۆڤینیا، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجامیدا، گوتی: “پێویستە هەموو یاریكەرە دەرەكییەكان، بە تایبەتی ئەوانەی ئامادەگییان لە ناو سووریادا هەیە، درك بە پێویستیی دەستپێكردنی دانووستان لەگەڵ حكومەتی سووریا بكەن. لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری سووریا و یەكپارچەیی خاكەكەی. ئەمەش لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە چەندینجار جەختی لەسەر كراوەتەوە”.
سەبارەت بە پرسی عەفرین، لاڤرۆڤ گوتی: “ناكرێت پرسی عەفرین یەكلا بكرێتەوە، مەگەر لە دەرچەی ئەو بنەمایەوە نەبێت. پێویستە هەموو پێكهاتە رەگەزی و تائیفییەكانی گەلی سووریا پابەندی بن”.
هەروەها گوتی: “حكومەتی سووریا، لەوانەیە كە پێویستە لە دەرچەی بنەمای (سەروەری هەموو خاكی وڵات دەگرێتەوە)، دەست بە دانووستان لەگەڵ هەموو پێكهاتەكانی سووریا، لە ناویشیاندا كورد بكات”.
روونیشیكردەوە، گفتوگۆ بناغەیەكە بۆ رەخساندنی دەرفەتی بەرجەستە لە پێناو راگرتنی رژانی خوێن و گەیشتن بە چارەسەری پرسەكان. هەروەها رێگەش بۆ دەستەبەركردنی بەرژەوەندی سەرجەم كەرتەكانی ناوخۆی وڵاتەكە خۆشدەكات. ئاشتەوایش بۆ دەرودراوسێی سووریا و یاریكەرەكانی دیكە سوودی هەیە”.
هەر لە بارەی هەڵوێستی رووسیا، سەبارەت بە عەفرین، دوێنێ سێشەممە 20ی شوبات/ فێبرایەری 2018، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا پاكستانییەكەی، خواجە محەممەد ئاسف، گوتی: “چارەسەری كێشەی عەفرین، دەكرێت لە رێی گفتوگۆی راستەوخۆی ئەنقەرە و دیمەشقەوە بێتەدی”.
لاڤرۆڤ گوتیشی: “سەبارەت بە عەفرین، ئێمە بە ئیرادەوە لە پاڵ چارەسەری كێشەكانی پەیوەست بەو پرسەین. بەڵام ئەو چارەسەرانە پێویستە لە چوارچێوەی یەكپارچەیی خاكی سووریادا بن”.
هەروەها گوتی: “بەرژەوەندی رەوا، بۆ دەستەبەركردنی ئاسایشی توركیا، دەكرێت لە رێی گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ حكومەتی سووریا بێنەدی”.
ئەوەشی گوت: “رووسیا درك بە مەترسییەكانی توركیا دەكات. سەبارەت بەو رووداوانەی لە سووریا و لە ناوچەكانی هاوسنووری روودەدەن. بە سرووشتی حاڵ، درك بە داخوازی و هیواكانی كورد دەكەین. بەڵام ئەوەی ئێمە دانی پێدا نانێین و بەرهەڵستی دەكەین، هەوڵەكانی یاریكردنە بەو خواستانە. بەو مانایەی هەندێك هێزی دەرەكی لە رێی یاریكردن بەو خواستانەوە، دەیانەوێت لە سووریا و ناوچەكە جێیان ببێتەوە. بە گوێرەی ئامانجگەلێكی تایبەتی خۆیان، كە هیچ پەیوەندییان بە خواستەكانی گەلی كوردەوە نییە. بەڵكو ئامانجیان بەدیهێنانی ئامانج و مەبەستی جیۆسیاسی ئاسۆبەرتەنگی خۆیانه”.
هەر سەبارەت بە عەفرین و پێشهاتە نوێیەكانی ئەو پرسە و كاریگەری لەسەر نەخشەی سیاسی و سەربازی رەوشی نوێی سووریا، ئاژانسی تاسی رووسی بڵاویكردەوە، دوێنێ سێشەممە سەرۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن، لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسی كۆبووەتەوە.
لەو بارەیەوە دمیتری بیسكۆڤ، گوتەبێژی كۆشكی كرملین، بە ئاژانسەكەی راگەیاندووە، “لەو كۆبوونەوەیەدا، دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی رەوشی عەفرین تاوتوێكراوون”.
دەستپێكردنی هێرشەكانی توركیا بۆ سەرعەفرین، لە 20ی كانوونی دووەم/ یەنایری رابردوودا، دوای ئەوە بوو، كە توركیا لەگەڵ رووسیا گەیشتە رێككەوتن بۆ بەكارهێنانی ئاسمانی عەفرین، كە لە ژێر هەژموونی رووسیادا بوو.
هەروەها رووسیا سەربازەكانی خۆی لە عەفرین پاشەكشێ پێكرد و بەرەو تەل رەفعەت جووڵەی پێكردن، بۆ ئەوەی سوپای توركیا دەستی كراوە بێت لە بۆمبابارانكردنی عەفرین. هەروەها سەربازە رووسەكان زیانیان بەرنەكەوێت.
لە لایەن خۆیەوە، یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) و ئیدارەی خۆبەڕێوبەری عەفرین، حكومەتی رووسیایان بە “ناپاكی” كردن لە كورد تۆمەتبار كرد. بەڵام مۆسكۆ ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوە.
رێگەدان بە لەشكركێشییەكەی سوپای توركیا لە لایەن رووسیاوە، دوای ئەوە هات، كە ئیدارەی كانتۆنی عەفرین، داواكارییەكی رووسیای بۆ گەڕانەوەی حكومەتی سووریا بۆ عەفرین رەتكردبوویەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، ئیدارەی خۆبەڕێوبەری عەفرین، لەگەڵ حكومەتی سووریا گەیشتە رێككەوتن بۆ گەڕانەوەی سوپای سووریا بۆ ناوچە سنوورییەكان و بەرگریكردن لە سەروەری خاكی سووریا لە دژی هێرشەكانی توركیا، دوای ئەوەی یەكینە كوردییەكان بۆ ماوەی زیاتر لە یەك مانگ بەرەنگاری هێرشەكانی دووەم گەورەترین سوپای ناتۆ بوونەوە، كە سوپای توركیایە.
دوێنێ یەكەم كاروانی هێزە میللییەكانی سەر بە حكومەتی سووریا گەیشتنە عەفرین. بەڵام توركیا رەتیكردەوە، رێگەیان دابێت هیچ هێزێكی سوپای سووریا گەیشتبنە عەفرین. (وەك ئەوەی ئاژانسی هەواڵدەری ئەنادۆڵ بڵاویكردەوە).
سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، هەڕەشەی لە هەموو ئەو لایەنانە كرد، كە یارمەتی بۆ عەفرین دەنێرن و بەڵێنی بە خەڵكی توركیا دا، گەمارۆی تەواوەتی عەفرین بدات.