بزانە یەكێتی و كۆمەڵ و گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق چیان پێشنیار كردووە

خواكوڕك
ئەمرۆ لە دانیشتێكدا لەپەرلەمانی عێراق متمانە لە هۆشیار زێباری بەشێوەیەكی نهێنی لەسەر داوای یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ متمانە لە هۆشیار زێباری وەرگیرایەوە، سەرچاوەیەكیش دەلێت پێشنیاری بەنهێنی دەنگدان لەسەر داوای گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ بووە.
 
سەرچاوەیەكی باوەر پێكراوە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە خواكوڕكی راگەیاند نهێنی دەنگدان بە لێسەندنەوەی متمانە لە هۆشیار زێباری پێشنیاری یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ بووە، لەلایان دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق قبوڵكراوە، بەنهێنی دەنگ لە هۆشیار زێباری دراوە بۆ لێستەندنەوەی متمانە.
 
هەر لەو بارەیەوە عەلی عەونی بە رووداوی راگەیاندووە، “لەبەرچاوی هۆشیار زێباری بودجەی هەرێمی کوردستان بڕا هیچی پێنەکرا، لەبەرچاوی فوئاد مەعسووم، پاسەوانانی سەرۆککۆمار بێسەروشوێنکران هیچی پێنەکرا، لەبەرچاوی مام جەلال مادەی 140 پێشێلکرا هیچی پێنەکرا، لەپێش چاوی هەموومان ئارام شێخ محەممەد و ئاڵا تاڵەبانیان گەمارۆدا هیچیان پێنەکرا، ئیتر ئەوانە لەوێبن یان نا، چی دەگۆڕێت؟”.
 
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی دەشلێت “ئەو بەرپرسە کوردانەی کە هیچیان پێناکرێ بۆ وڵاتی خۆیان، بۆ ناگەڕێنەوە؟”.  هەر سەبارەت بە لادانی هۆشیار زێباری لە پۆستی وەزیری دارایی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، عەلی عەونی گوتی: “لادانی زێباری گەمەیەکی سیاسیی بووە، نەک لەبەر گەندەڵی، ئەوەی لەسەر زێباری گوتراوە تۆمەتە و لەداهاتوودا دەردەکەوێت کە پیاوێکی پاکە”.
 
عەلی عەونی پێیوایە، دوای تەواوبوونی کارەکانی زێباری وەکو وەزیری دەرەوەی عێراق، دەبوو هیچ پۆستێکی دیکەی لە بەغدا وەرنەگرتبا و بگەڕایەتەوە هەرێمی کوردستان.
 
سەبارەت بە دەنگی بەشێک لە پەرلەمانتارە کوردەکان بۆ سەندنەوەی متمانە لە زێباری ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی گوتیشی: “ئەوان پێیانوایە دەبێ حکومەتی هەرێم هەڵبووەشێتەوە و پارتیش نەمێنێت، بەڵام ئەو پۆستە بۆ پارتی هیچ گرنگییەکی نییە و هەڵوێست و توڕەیی حیزبە کوردستانییەکان دیارە لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە ، با پێمان بڵێن ئەوان چیان بەدەستهێناوە لە بەغدا”. 
 
رۆژی چوارشەممە 21-9-2016 لە پەرلەمانی عێراق بەدەنگی 158 پەرلەمانتار متمانەی لە هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق وەرگرتەوە.
Back to top button