ئایا نەخۆشی ئایدز لە رێگەی مەلەکردنەوە دەگوازرێتەوە یاخود نا.؟

مەلەکردن یەکێکە لە باشترین وەرزشەکان بۆ تەندروستی مرۆڤ کە بۆ هەموو تەمەنێک گونجاوە. مەلەکردن دەبێتە هۆی جوڵاندنی ژمارەیەکی زۆر لە ماسولکەکانی جەستە و سوتاندنی چەورییەکی زۆر. لە هەمانکاتدا دەبێتە هۆی دڵخۆشبوون و باشتربوونی دەروون و بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری لەش.”

بە پێی راپۆرتێکی زانستی ماڵپەڕی (HIVSPORT.COM) ئەو کەسانەی نەخۆشی ئایدزیان هەیە دەتوانن زۆر بە ئاسایی و بەبێ هیچ دوودڵییەک سەردانی مەلەوانگەکان بکەن چونکە لەو رێگەیەوە نابنە هۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ کەسانی تر.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە ئەو مادە کیمیاوییانەی بۆ پاککردنەوەی ئاوی مەلەوانگەکان بەکاردێن دەبنە هۆی لەناو بردنی ڤایرۆسەکە و ڤایرۆسەکە لەوەها ژینگەیەکدا لەناو دەچێت.

ڤایرۆسی (HIV) کە دەبێتە هۆی نەخۆشی ئایدز، لە دەرەوەی جەستەدا ڤایرۆسێکی لاوازە، و لە ئاودا لە ناو دەچێت. ڤایرۆسەکە لە رێگەی گەرماو، تەوالێت، یان بەرکەوتنی ئاسایی جەستەوە ناگوێزرێتەوە لە کەسێکی تووشبووەوە بۆ کەسێکی ساغ.

ڤایرۆسەکە بە چوار رێگای سەرەکی دەگوازرێتەوە:

١- سێکس

٢- بەکارهێنانی دەرزی کەسی تووشبوو

٣- منداڵ لە سکی دایکێکی تووشبوو بە ڤایرۆسکە

٤- بەرکەوتن لەگەڵ خوێنی کەسێکی تووشبوو

Back to top button