وه‌زیری بازرگانی توركیا: ده‌روازه‌یه‌كی تر له‌نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێته‌وه
رۆژانه‌ی میلله‌تی توركیا له ژماره‌ی ئه‌مرۆی دا له‌سه‌ر زاری وه‌زیری بازرگانی توركیا “پۆڵهنت تۆفنكچى” ئاشكرای كردووه، توركیا هه‌وڵده‌دات له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ده‌روازه‌یه‌كی دیكه بكه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى كه‌رتى بازرگانى له‌ناوچه سنوورییه‌كانى هه‌ردوولا، چالاك بكه‌ن”.
رۆژنامه‌كه ئه‌مرۆ 22ی 2ی 2018 ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه له‌زاری وه‌زیری بازرگانی توركیا، كه وه‌زاره‌ته‌كه‌یان پرۆژه‌یه‌كی بۆ بن عه‌لى یه‌ڵدرم، سه‌رۆك وه‌زیران و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان، سه‌رۆك كۆمارى توركیا به‌رز كردووه‌ته‌وه و تێیدا پێشنیاز كراوه، ده‌روازه‌یه‌كی دیكه‌ى سنوورى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان له شارۆچكه‌ى ئۆلۆدرا به‌رامبه‌ر شارى زاخۆ، له سنوورى پارێزگاى دهۆك، بكه‌نه‌وه، ئه‌و وه‌زیره توركییه، ڕوونیكردووه‌ته‌وه، كه ئامانج له كردنه‌وه‌ى ده‌روازه نوێیه‌كه، بۆ نه‌هێشتنى چالاكى قاچاخچییه‌كانه له ناوچه‌كه و پاراستنى گیانى هاووڵاتییانه.
وه‌زیری بازرگانى توركیا بهرۆژنامهكهشی گوتووه: “پرۆژه‌كه له‌سه‌ر داخوازى دانیشتووانى ناوچه‌كه‌یه و كه‌رتى بازرگانى ئه‌و سنووره چالاك ده‌كات و قاچاخچێتى ناهێڵێت، باسى له‌وه‌ش كرد، كه بازرگانیى ئێستا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان، له‌لایه‌ن توێژێك له بازرگانانه‌وه ده‌كرێت، بۆیه هه‌وڵده‌ده‌ن دانیشتووانى ناوچه‌كه‌ش به‌شدار بن له بازرگانیكردن: “هه‌روه‌ك له هه‌وڵیشداین لیستى شمه‌كه ڕێگه‌پێدراوه‌كان فراوان بكه‌ین، ئه‌و بازرگانییه سنوورییهش، گومركى له‌سه‌ر نابێت”.
شایانی باسه له ئێستادا پێشنیاری چه‌ند ده‌روازه‌یه‌كی تر له‌نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستان هه‌یه كه كاری له‌سه‌ر ده‌كرێـت بۆ ئه‌وه‌ی جگه له‌ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل دوو ده‌روازه‌ی تریش له‌نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌وه”.