ئێران به‌بریاری ئێمه‌ سه‌دام له‌سێداره‌ درا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق وه‌ڵامێكی شه‌رمنانه‌ ده‌داته‌وه‌

راوێژكارێكی خامه‌نه‌یی له‌ لێدوانێكی دا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئێران به‌ته‌واوی عێراقی كۆنترۆڵكرده‌وه‌، به‌بریاری كۆماری ئیسلامی ئێران سه‌ددام له‌ سێداره‌ دراوه‌، له‌و باره‌یه‌وه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقش ده‌لێـ” هیچ وڵاتێك بۆی نییه‌ كۆنترۆڵ و هه‌ژموونی خۆی له‌سه‌ر عێراق رابگه‌یه‌نێت.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ لێدوانێكی دا رۆژنامه‌وانیدا گوتی”راسته‌ ئێران له‌گه‌ڵ عێراق رووبه‌ڕووی تیرۆر بووه‌ته‌وه‌ و سوپاسی هه‌وڵ و پشتگیرییه‌كانی ده‌كه‌ین، به‌ڵام نه‌ك ته‌نیا ئێران به‌ڵكو زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان به‌مه‌به‌ستی پارێزگاریكردن له‌خۆیان شانبه‌شانی عێراق شه‌ڕی تیرۆریان كردووه‌ و هه‌ر لێدوانێك له‌ هه‌ر لایه‌نێكه‌وه‌ بێت ره‌تی ده‌كه‌ینه‌وه،‌ كه‌ باس له‌ ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆی عێراق بكات یاخۆد بانگه‌شه‌ بۆ سه‌پاندنی هه‌ژموونی خۆی له‌سه‌ر عێراق بكات”.

ئه‌حمه‌د مه‌حجوب گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق گوتیشی: “به‌لایه‌نی كه‌م عێراق پێویستی به‌ 88.2 ملیار دۆلاره‌ بۆ بونیادنانه‌وه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌و كۆنگره‌یه‌ ده‌ستمان كه‌وتووه‌ زۆر له‌وه‌ كه‌متره‌ كه‌ عێراق پێویستی پێیه‌تی”.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، ره‌حیم پور ئازغه‌دی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی باڵای شۆڕشی فه‌رهه‌نگی ئێران رایگه‌یاندبوو، ئێران بوو سه‌ددامی له‌سێداره‌دا و گوتبووی، ئێستا 5 وڵات له‌ژێر فه‌رمان و كۆنترۆڵی عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێراندان، كه‌ یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ش عێراقه‌، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ و ناڕه‌زایه‌تی به‌رپرسانی عێراقی به‌دوای خۆیدا هێنا.

هه‌ر له‌مباره‌شه‌وه‌ پێشتر، حه‌سه‌ن عه‌له‌وی بیرمه‌ند و سیاسی عێراقی به‌ رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌تی گوتووه‌: “پێویسته‌ حكومه‌تی عێراق سه‌رله‌نوێ كاروباره‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه‌ سه‌ر رێگه‌ راسته‌كه‌ی خۆی، له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی عیراق له‌و لێدوانانه‌ بێ ده‌نگ بن، واتا ئه‌وه‌ی رووده‌دات پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌ژموونی ئێران ده‌سه‌لمێنن”.

Back to top button