كەمال كەركووكی: هەفتەی داهاتوو رێگەی هەولێر – كەركووك دەكرێتەوە
دوای ئەوەی حەشدی شەعبی هێڕشی سەر كوردستانی كرد, بەشێك لە خاكی كوردستانی داگیركرد بە هۆیەوە رێگای نێوان هەولێر- كەركووك داخرا, كە ئێستا 4 مانگ بەسەر رووداوەكە تێدەپەڕێت, بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك،رایگەیاند، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆك مەسعود بارزانی، بڕیار دراوە، هەفتەی داهاتوو، رێگەی سەرەكی هەولێر – كەركووك بكرێتەوە.
كەمال كەركووكی، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك گووتیشی: “هەموو ئەو رێگە لاوەكیانەش بە رووی هاووڵاتیاندا دەكرێتەوە، كە هەولێر و كەركووك پێكەوەدەبەستنەوە”.
گوتیشی: “ئێمە بەردەوام وەك پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ سەلامەتی و دڵخۆشی هاووڵاتان بووین، بەڵام بەداخەوە ئەم رێگەیە وای بەسەرهات. بەڵام ئێمە هۆكار نەبووین، نە ئێمە و نە پارتی دیموكراتی كوردستان. ئەو پیلانەی لە 16ی ئۆكتۆبەر بۆ داگیركردنی كەركووك داڕێژراوە بە هاوكاری تیمێك یان ژمارەیەك له خیانەتكارانی ناو ریزەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، كەركووك ئەو حاڵەی بەسەرهات. ئەوان پیلانێكی گەورەتریان بەدەستەوە بوو. دەیانویست لە رێگەی پردێوە بەرەو هەولێر بێن و وەك كەركووك داگیری بكەن و بەرهەمی خەباتی گەلەكەمان تووشی رەوشێكی ناهەموار بێت”.
هەروەها گوتی: “شەڕ خۆش نییە، بەڵام ناچار بووین لە پردێ ئەو شەڕە گەورەیە بكەین و ئەو رەوشەی بەسەرهات هەموو لایەك و هاووڵاتیان زیانمەند بوون. رۆژانەش لە بیركردنەوە بووین چی بكەین بۆ ئەوەی دڵی خەڵكەكەمان خۆش بكەین و پایتەختەكەمان بپارێزین”.
روونیشیكردەوە، “ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی جەنابی سەرۆك بارزانی، گەیشتینە ئەوەی بەڵێ دەبێت ژیان و بەرژەوەندی هاووڵاتیان بخرێتە پێشەوە و ئەو رێگەیە بكرێتەوە. بە هەمان شێوە دەبێت پێشمەرگەكان وەك هەمیشە چاوكراوەتر و ئامادەتر بن بۆ ئاگاداربوونی رەوشەكە و هەفتەی داهاتوو ئەو رێگەیە بە خێر و سەلامەت بە رووی هاووڵاتیاندا دەكرێتەوە”.
كەمال كەركووكی، باسی لەوەشكرد، “ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، بڕیاری خۆمان داوە، ئەو رێگەیە دەكەینەوە بە رووی هاووڵاتیان و ئەوانەشی كە زیانیان بۆ گەلی كوردستان نەبێت. گرنگ ئەوەیە ئەو بەربەستەی كە پیلانی شازدەی ئۆكتۆبەر هەبوو و لە 20ی ئۆكتۆبەر ویستیان بەرەو پایتەخت بێن و لوتیان شكێنرا و تانكی ئەبرامزی ئەمریكی كە لە دەست حەشدی شەعبی بوو، تێكشكێنرا و زیانێكی زۆر بەر بە هەردوولا كەوت و ئێمەش شەهید و بریندارمان هەبوو. بەڵام ئەمڕۆ هاووڵاتیان بەربەستیان لەبەردەمدا نامێنێ و كاری خۆیان دەكەن و لە هەمانكاتیشدا ئاسایشی پایتەخت لە ئەماندا دەبێت”.
كەمال كەركووكی ئاشكراشیكرد، “هەموو ئەو رێگایانەی لە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە و پارتی دیموكراتی كوردستانە، بۆ كارئاسانی هاووڵاتیان و بەرژەوەندی خەڵك، دەكرێنەوە. پێشمەرگە ئەركی قورس دەبێت و پێویستە وریاتر بێت، نەوەك كارێكی نەخوازراو لە هەر لایەكەوە بێت رووبدات”.
كرانەوەی رێگەی هەولێر و كەركووك دوای زیاتر لە چوار مانگ داخرانی دێت، كە بە هۆیەوە، هاووڵاتیان ناچار بوو لە رێگەی هەولێر – تەقتەق – كەركووك هاتوچۆ بكەن.
بە هۆی رووداوەكانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو، رێگەی سەرەكی نێوان هەولێر و كەركووك داخرا و لە پردێ هێزی پێشمەرگەی كوردستان رووبەڕووی پەلاماری میلیشیاكانی حەشد و سوپای عێراق بوونەوە و بەو هۆیەوە رێگەكە داخرا.