بۆ جاری یەكەم وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەتوندی وەڵامی ئێران دەداتەوە

لەبارەی ئەو لێدوانەی كە پێشتر بەرپرسێكی ئێرانی رایگەیاندبوو، ئێران كۆنترۆڵی عێراقی كردووە و بەبڕیاری كۆماری ئیسلامی سەددام لەسێدارە دراوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەتوندی وەڵامی ئەو لێدوانەی دایەوە و جەختی كردەوە، هیچ وڵاتێك بۆی نییە كۆنترۆڵ و هەژموونی خۆی لەسەر عێراق رابگەیەنێت.

ئەحمەد مەحجوب، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: “راستە ئێران لەگەڵ عێراق رووبەڕووی تیرۆر بووەتەوە و سوپاسی هەوڵ و پشتگیرییەكانی دەكەین، بەڵام نەك تەنیا ئێران بەڵكو زۆربەی وڵاتانی جیهان بەمەبەستی پارێزگاریكردن لەخۆیان شانبەشانی عێراق شەڕی تیرۆریان كردووە”

مەحجوب گوتیشی: “هەر لێدوانێك لە هەر لایەنێكەوە بێت رەتی دەكەینەوه،‌ كە باس لە دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراق بكات یاخۆد بانگەشە بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی لەسەر عێراق بكات”.

لە بەشێكی دیكەی لێدوانە رۆژنامەوانییەكەیدا سەبارەت بە كۆنگرەی كوێت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەو كۆنگرەی بە سەركەوتوو هەژمار نەكرد و گوتی: “بەلایەنی كەم عێراق پێویستی بە 88.2 ملیار دۆلارە بۆ بونیادنانەوە و ئاوەدانكردنەوە، ئەوەی لەو كۆنگرەیە دەستمان كەوتووە زۆر لەوە كەمترە كە عێراق پێویستی پێیەتی”.

ئەمە دوای ئەوە هاتووە، لە لێدوانێكدا رەحیم پور ئازغەدی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی فەرهەنگی ئێران رایگەیاندبوو، ئێران بوو سەددامی لەسێدارەدا و گوتبووی، ئێستا 5 وڵات لەژێر فەرمان و كۆنترۆڵی عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێراندان، كە یەكێك لەو وڵاتانەش عێراقە، ئەمەش كاردانەوە و ناڕەزایەتی بەرپرسانی عێراقی بەدوای خۆیدا هێنا.

هەر لەمبارەشەوە پێشتر، حەسەن عەلەوی بیرمەند و سیاسی عێراقی بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی گوتووە: “پێویستە حكومەتی عێراق سەرلەنوێ كاروبارەكان بگەڕێنێتەوە سەر رێگە راستەكەی خۆی، لە كاتێكدا ئەگەر بەرپرسانی عیراق لەو لێدوانانە بێ دەنگ بن، واتا ئەوەی روودەدات پشتڕاست دەكەنەوە و هەژموونی ئێران دەسەلمێنن”.

كەریم نووری، سەركردەی دیاری رێكخراوی بەدر كە نزیكە لە ئێران، لە وەڵامی ئەو لێدوانەی ئا‌زغەدی گوتوویەتی: “لێدوانی لەو جۆرە پێش ئەوەی سوكایەتی بێت بۆ دوژمنەكان،‌ سوكایەتییە بۆ هاوپەیمانەكانی ئێران، ئەو واقیعەی هەیە بەو قسانە ناگۆڕێت، بەتایبەتی پرسی دادگاییكردنی سەددام و لەسیدارەدانی”.

كەریم نووری دەڵێت: “بڕیاری لەسێدارەدانی سەددام حوسێن بریارێكی تەواو عێراقی بووه ‌و ئەمریكییەكانیش بۆ بەڕێوەچوونی دادگاییەكە بەشێوەیەكی گونجاو رۆڵی پارێزگاریكردنیان هەبووە‌”.

Back to top button