سیناریۆی مووسڵ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ركووك راده‌ستی داعش ده‌كرێت

ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ جموجۆڵی گوماناوی له‌ سنوری پارێزگای كه‌ركووك و دیاڵه‌ دا هه‌یه‌، له‌نێوان حشدی شه‌عبی و پۆلیسی فیدراڵی  و داعش، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌مریكیه‌كان باره‌گاكانیان له‌ كه‌ركووك چۆڵ بكه‌ن، هێزه‌كانی حشدی شه‌عبیش پاشه‌كشه‌ بكه‌ن، له‌و باره‌یه‌وه‌ ئەندامێكی لیژنەی ئاسایشی و بەرگری له‌ په‌رله‌مانی عێراق هۆشداری ده‌دات، ده‌لێـ” ترسی ئەوەمان هەیە سیناریۆی موسڵ لە كەركوك دووبارە ببێتەوە”.

دوایی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، له‌لایان ” بافل تاڵه‌بانی و لاهور جه‌نگی و ئاراس جه‌نگی و چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی سه‌ر به‌ ئاڵا ئه‌سه‌دی، دۆخی كه‌ركووك به‌ته‌واوی له‌ ترس و دڵراوكێیه‌كی زۆر دا ده‌ژیت، له‌ئێستاشدا ترس و دڵه‌ راوكێكان زیاتر ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌، شاخه‌وان عه‌بدولڵا ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاسایشی و به‌رگری له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌خواكوڕكی راگه‌یاند”ئێمە دۆخی كەركوكمان بە گاڵتە هەڵنەسەنگاندووە‌و پشتمان بەستووە بە كۆمەڵێك زانیاری هەواڵگری‌و واقیعی ناوچەكە، ده‌شلێـ”ئێمە ئەركی سەربازییمان هەیەو دەزانین ئەو شارە بە بێ پێشمەرگە نابرێت بەڕێوە، ئەگەر حكومەتی عێراق بە هەزاران سەرباز بهینێتە ئەوێ”.

ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانتاره‌ی لێژه‌ی ئاسایشی و به‌رگری له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌شلێـ”پێشتر پشتمان بە دوو هێز بەستبوو، هێزێكی پێشمەرگە بۆ پارێزگاری دەرەوەی شار، هەروەها هێزێكی هەواڵگری كە لە پاراستن‌و زانیاری‌و ئاسایش پێكهاتبون و پشتیان بە شانە نوستوەكانی ناو شار بەستبوو كە رۆژانە لێیان دەگیرا، ئێستا ئەم دوو هێزە بوونیان نییە لە كەركوك ‌و نەبوونی ئەم دوو هێزەش كاریگەری لەسەر شارەكە دروست كردوو و باندو تاقمە تیرۆریستییەكان زیادیان كردووە، رونیشیكردەوە، چۆڵكردنی سەنگەرەكانی رۆژئاواو باشووری كەركوك نیشانەی پرسیارەو ترسی سیناریۆی شاری موسڵ-مان لا دروست بووەو لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی بەرگری باسم كردوەو پێم راگەیاندوون، بە هیچ شێوەیەك ئەوە قبوڵ ناكەین سیناریۆی موسڵ لە كەركوك دروست ببێتەوە، گوتیشی، هەركات بزانین مەترسی لەسەر سەنتەری كەركوك‌و قەزاو ناحیەكانی هەیە ئەوكات هیچ هێزێك لەبەردەممان ناوەستێت بۆ ئەوەی بگەینە سەنتەری شارەكان.

له‌باره‌ی ئاگادار بوونی” ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و بارزانی” له‌مه‌ر جموجۆڵه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ شاخه‌وان عه‌بدولڵا گوتیشی” ئەم زانیاریانەم لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئەمریكاو بەریتانیەكان‌و بارزانی باس كردووە كە ئەم دۆخە مەترسیدارەو ئەوانیش بە ووردی ئاگاداری دۆخەكەن، ئەو دۆخەش ئاسایی نییەو دۆخی هەڵبژاردن نییە.

هه‌ر له‌باره‌ی دۆخی كه‌ركووك، كارگێری لقی پارتی له‌كه‌ركووك ( كاوه‌ ئه‌حمه‌د) ده‌لێـ “دوای كوشتنی 27 چەکدار و بە دیلگرتنی 30  چەكداری دیكەی حەشدی شەعبی لە سنووری شارۆچكەی حەویجەی سەر بە پارێزگای كەركووك، تیرۆریستانی داعش لەو سنوورە جموجۆڵێکی زۆریان هەیە، ئەمەش ڕەنگە مەترسی بۆ سەر باشووری كەركووك دروست بكات، بەڵام دۆخی ناوەندیی شاری كەركووك وەك دۆخی دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەرە و هیچ گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ رووی نەداوە، ئەو بەرپرسەی پارتی جەختی كردەوە: “كەركووكییەكان متمانەیان بەو هێزە نامۆیانە نییە كە ئێستا لە كەركووك دان، ئەمەش وای كردووە ڕەوشی بەشێك لە هاووڵاتییان لەڕووی سایكۆلۆژییەوە تێك بدات، چونكە خەڵك لە ژێر فشارێكی زۆر دایە”.

سه‌رچاوه‌یه‌كیش  له‌ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان چه‌ند زایناریه‌ك ئاشكرا ده‌كات و رایده‌گێنێت” كه‌ ئه‌مه‌ دوو شه‌وه‌ مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی چۆڵده‌كرێت  و ده‌لێـ” هه‌رچی شته‌ له‌ مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی و مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌كه‌ركووك، چۆڵده‌كرێت و ئه‌شیاكانیشیان ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ سلێمانی به‌ڵام له‌میدیاكاندا، وا له‌خه‌ڵك ده‌گه‌ێنن، كه‌ گوایه‌ دۆخی كه‌ركووك ئارامه‌ و به‌ دیوی سیاسه‌ت ده‌بینن و ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا خۆیان خه‌ریكی راكردنن له‌ كه‌ركووك”.

 

Back to top button