ئێران پشت لە عەبادی دەكات

دوای ئەوەی حەیدەر عەبادی و هاوپەیمانی فەتح كە نوێنەرایەتی شیعە دەكات,  هاوپەیمانێتیان پێكهێنا, ئاژانسی هەواڵی APی ئەمریكی لە زاری دوو بەرپرسی سیاسیی باڵای شیعەی عێراقی گواستووەتەوە كە هاوپەیمانیەتییەكەی حەیدەر عەبادی لەگەڵ هاوپەیمانی فەتح، بە فەرمانی قاسم سلێمانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران هەڵوەشاوەتەوە.
ئاژانسەكە هەنگاوی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی بۆ بەستنی هاوپەیمانییەتی لەگەڵ هاوپەیمانی فەتح، كە زۆربەی میلیشیاكانی حەشدی شیعەی لەخۆ گرتووە، بە جۆرێك لە زیادەڕەوی و پەلەكردن وەسف كردووە.
لەدوای راگەیاندنی لیستەكەی عەبادی لە دەرەوەی لیستی حزبی دەعوەی نووری مالیكی، هاوپەیمانیەتییەكەی عەبادی و فەتح راگەیەندرا، بەڵام تەنها ماوەی دوو رۆژی خایاند، قاسم سلێمانی كە بە پیاوی خاوەن بڕیاری یەكەم لە عێراق وەسف دەكرێ و دەسەڵاتی تەواوی بەسەر هێزەكانی حەشدی شیعیدا هەیە، فەرمانی كردووە فەتح هاوپەیمانیەتییەكەی لەگەڵ عەبادیدا هەڵوەشێنێتەوە.
ئاژانسە هەواڵە ئەمریكیەكە ئاماژەشی بەوە كردووە كە سەرەتا ئێران بە تاكتیك، چرای سەوزی بۆ هاوپەیمانی فەتح پێكردووە، بۆ ئەوەی بچنە پاڵ هاوپەیمانییەكەی عەبادی، دواتریش بۆ ئەوەی عەبادی لەبەردەم رۆژئاوادا ریسوا بكەن، هاوپەیمانی فەتحیان لە هاوپەیمانیەتییەكەدا كشاندووەتەوە.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی لە رۆژی 12ی ئایار داوە، كە 7 هەزار كەس كاندیدن بۆ بەدەستهێنانی 329 كورسی پەرلەمان.
Back to top button