ته‌واو دیمانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ ئەلمۆنیتۆر كه‌ باسی سه‌ربه‌خۆی كوردستان ده‌كات

له‌ دیمانه‌یه‌كی دا له‌گه‌ڵ پێگه‌ی ئەلمۆنیتۆر دا مه‌سرور بارزانی رایده‌گه‌ێنێت”وەك خەونی نەتەوەیەك، پێم وانییە هەرگیز كۆتایی بێت. تەنها پێویستە واقیعبین بین سەبارەت بە ئەگەرەكان. ئێمە پێمان وابوو پێشهاتێكی گرنگە بۆ جیهان و حكومەتی عێراقیش پێویستە بزانێت داواكاریی گەلی كورد چیی؟ هەر بۆیەش بوو ریفراندۆممان بەم شێوەیە ئەنجام دا، ئێمە نیگەرانی داهاتووی گەلەكەمان بووین. ئێمە ویستمان دڵنیا بینەوە لەوەی كە هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەك ڕوو نادات و پەیوەندییەكی ئاشتیخوازانە و سەقامگیرمان لەگەڵ بەغدا دەبێت لە هەر چوارچێوەیەك كە هەردوولا لەسەر بنەمان بەرژەوەندیی هاوبەش بڕیاری لەسەر بدەن. بە داخەوە، پێم وایە نیازی گەلی كوردستان بە قەسد لێكدانەوەی هەڵەی بۆ كرا، چوونكە ڕا دەڕبڕین بەو مانایە نایەت كە ڕووبەڕووبوونەوە پێویست بێت. ئەمە كاتێك بوو كە بابەتەكان بە لاڕێدا بڕان و ئێمە لە دەرهاوێشتەكانی ئەمەیان بەرپرسیار نین.

هه‌روه‌ها مه‌سرور بارزانی ده‌شلێـ”كاتێك گەلێك دەنگ هەڵدەبڕێت بۆ دەربڕینی بۆچوونی خۆی سەبارەت بە ژیان، ئەوا خوازیاری داهاتوویەكی گەرەنتیكراوە بۆ منداڵەكانی، هەر ئەمەشە كە لەسەرووی هەموو بابەتێكی دیكەوە گرنگی هەیە. بەڵام كاتێك جیهان ئەمە قبووڵ ناكات و بە جۆرێك كاردانەوەی دەبێت كە بینیمان، ئەوا لە دژی هەموو پرەنسیپە جیهانییەكان و تەنانەت چارتەری نەتەوە یەكگرتووەكانیش دەوەستێتەوە. ریفراندۆم شێوەیەكی ئاشتیخوازانە و شارستانییانەی مومارەسەكردنی دیموكراسی بوو. گەلی كوردستان بەرپرسیار نییە و پێویستە سزا نەدرێت تەنها لەبەر ئەوەی ڕای خۆی سەبارەت بە شێوەی ژیانی دەربڕیوە.

درێژه‌ی دیمانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌لمۆنیتۆر

ئەلمۆنیتۆر: ئایا خەونی سەربەخۆییتان بۆ كوردستان كۆتایی هاتووە؟
مەسرور بارزانی: وەك خەونی نەتەوەیەك، پێم وانییە هەرگیز كۆتایی بێت. تەنها پێویستە واقیعبین بین سەبارەت بە ئەگەرەكان. ئێمە پێمان وابوو پێشهاتێكی گرنگە بۆ جیهان و حكومەتی عێراقیش پێویستە بزانێت داواكاریی گەلی كورد چیی؟ هەر بۆیەش بوو ریفراندۆممان بەم شێوەیە ئەنجام دا، ئێمە نیگەرانی داهاتووی گەلەكەمان بووین. ئێمە ویستمان دڵنیا بینەوە لەوەی كە هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەك ڕوو نادات و پەیوەندییەكی ئاشتیخوازانە و سەقامگیرمان لەگەڵ بەغدا دەبێت لە هەر چوارچێوەیەك كە هەردوولا لەسەر بنەمان بەرژەوەندیی هاوبەش بڕیاری لەسەر بدەن. بە داخەوە، پێم وایە نیازی گەلی كوردستان بە قەسد لێكدانەوەی هەڵەی بۆ كرا، چوونكە ڕا دەڕبڕین بەو مانایە نایەت كە ڕووبەڕووبوونەوە پێویست بێت. ئەمە كاتێك بوو كە بابەتەكان بە لاڕێدا بڕان و ئێمە لە دەرهاوێشتەكانی ئەمەیان بەرپرسیار نین.

ئەلمۆنیتۆر: ئەنجامدانی ریفراندۆم، هەروەك سەرۆك بارزانی ڕایگەیاندبوو، زەنگێكی ئاشكرای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بوو. بە لەبەرچاوگرتنی كاردانەوەكان لە لایەنە جیاوازەكان، ئایا پێتان وایە جیهان ئامادە نییە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان؟
مەسرور بارزانی: ئاشكرایە نەبوو، بەڵام دەربڕینی ڕای گەلێك سەبارەت بەوەی كە خوازیارن لە داهاتوو بە چ شێوەیەك بژین، تاوان نییە. ئەمە تەنها كارێك بوو خەڵكی ئێمە ئەنجامی دا. هەر كاتێك گفتوگۆ هەبووبێت سەبارەت بە پەیوەندیی داهاتووی نێوان كوردستان و بەغدا، هەمیشە گوتراوە كە سەربەخۆیی خواستی هەموو گەلی كوردستان نییە، هەر بۆیەش پێویست بوو خواست و بۆچوونی ڕاستەقینەی خەڵك وەربگیرێت كە ئاخۆ چیان دەوێت؟ ئێستا دەزانین كە بە ڕاستی خەڵكی كوردستان چی دەوێت: 92% بە (بەڵی) دەنگی لە بەرژەوەندیی سەربەخۆیی داوە.

ئەلمۆنیتۆر: پێتان وایە بە بارودۆخی ئێستا و ئەم تەگەرانەی لە پەیوەندییەكانتان لەگەڵ بەغدا هەیە، بتوانن وەك بەشێك لە عێراق بەردەوام بن؟
مەسرور بارزانی: كاتێك گەلێك دەنگ هەڵدەبڕێت بۆ دەربڕینی بۆچوونی خۆی سەبارەت بە ژیان، ئەوا خوازیاری داهاتوویەكی گەرەنتیكراوە بۆ منداڵەكانی، هەر ئەمەشە كە لەسەرووی هەموو بابەتێكی دیكەوە گرنگی هەیە. بەڵام كاتێك جیهان ئەمە قبووڵ ناكات و بە جۆرێك كاردانەوەی دەبێت كە بینیمان، ئەوا لە دژی هەموو پرەنسیپە جیهانییەكان و تەنانەت چارتەری نەتەوە یەكگرتووەكانیش دەوەستێتەوە. ریفراندۆم شێوەیەكی ئاشتیخوازانە و شارستانییانەی مومارەسەكردنی دیموكراسی بوو. گەلی كوردستان بەرپرسیار نییە و پێویستە سزا نەدرێت تەنها لەبەر ئەوەی ڕای خۆی سەبارەت بە شێوەی ژیانی دەربڕیوە.

ئەلمۆنیتۆر: ئەگەر هەڵسەنگاندنێك بۆ ئەم هۆكارانە بكەن كە ریفراندۆم بەم شێوەیەی لێهات، بە پێی گرنگی هۆكارەكان چۆن ڕێزبەندییان بۆ دەكەن؟ بەرهەڵستی بەغدا، ئێران، توركیا، یان ویلایەتە یەكگرتووەكان؟ یەكڕیزنەبوونی نێوماڵی كورد خۆی؟ یانیش نەگونجانی كات؟
مەسرور بارزانی: ئێمە گفتوگۆی زۆرمان هەبوو لەگەڵ زۆربەی وڵاتان، لەمانەش عێراق، ویلایەتە یەكگرتووەكان، وڵاتانی ڕۆژئاوا و دراوسێكانمان. لە هیچكامیان گوێبیستی بەرهەڵستیی پرەنسیپی مافی چارەی خۆنووسی نەبووین و دژی سەربەخۆیی نەبوون. هەندێك نیگەرانی هەبوو سەبارەت بە كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم. بەڵام بە لای ئێمەوە هۆكارەكان موقنیع نەبوون بۆ دواخستنی ریفراندۆم.

لێرەدا بە دیاریكراوی باسی ئەمریكا و عێراق و هەندێك وڵاتی ئەورووپی دەكەم. ئەوان لە سەر سێ خاڵ نیگەران بوون. یەكەمیان ئەوە بوو كە ئەوان پێیان وابوو ریفراندۆم كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر شەڕی دژ بە داعش. دووەمیان ئەوە بوو كە بڕوایان وابوو سەرۆك وەزیرانی ئێستا كێشەی بۆ دروست دەبێت لە دووبارە هەڵبژاردنەوە بۆ پۆستەكەی. سێیەم خاڵیش ئەوە بوو كە كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەبێتە هۆكاری تێكهەڵچوونی سەربازی. ئێمەش بۆ هەر یەك لەم خاڵانە وەڵامی خۆمان هەبوو. یەكەم: پابەندبوونی ئێمە بە شەڕی دژ بە داعش هیچ پەیوەندییەكی بە شێوەی پەیوەندییەكانی ئێمە لەگەڵ بەغد نەبوو. ئەگەر سەیرێكی ڕابردوو بكەن كە چۆن داعش سەرەتا سەری هەڵدا، دبینن كە شكستی سیستەمی سیاسی لە بەغدا بووە هۆكارێكی داڕمانی ئابووری و بۆشایی ئەمنی، ئەمانەش وایانكرد 12 فیرقەی سوپای عێراقی هەرەس بهێنێت و هەموو چەك و چۆڵەكەیان بكەوێتە دەستی داعش. لە ماوەی كەمتر لە یەك مانگ، داعش بوو بە یەكێك لە بەهێزترین گرووپە چەكدارەكانی ناوچەكە. كاتێكیش داعش هێرشەكانی دژ بە ئێمە دەستپێكرد، ئەوە قارەمانێتیی خەڵك و بوێریی پێشمەرگەكان و پاڵپشتیی هاوپەیمانان بوو كە وایكرد داعش بوەستێنرێت. هەر ئەو كاتانەش بوو كە بەغدا دژی پێدانی چەكی قورس بوو بە ئێمە و مووچەی پێشمەرگەكانمانی بڕی و بووجەی كوردستانیش كە لە ساڵی 2014ەوە بڕابوو.

بڕیاری وەستانەوە و شەڕكردن دژ بە داعش، بڕیاری خۆمان بوو. بێ گوێدان بە چۆنییەتیی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا، ئێمە بەردوام دەبین و پابەندی شەڕین دژ بە تیرۆریزمی نێوەدەوڵەتی. ئێمە ئامادەی گرێبەستێك بووین لەگەڵ بەغدا و هاوپەیمانان بۆ نیشاندانی پابەندیمان بە بەردەوامی شەڕی دەژ بە داعش و هاوكاری و هەماهەنگیی تەواوی نێوانمان لەم جەنگەدا.

ئەلمۆنیتۆر: مەبەستتان لە كاتی ریفراندۆم و پاشی ریفراندۆمیشە؟

مەسرور بارزانی: بەڵێ.

ئەلمۆنیتۆر: ئەمە نەیتوانی قەناعەتێك لای ئەوان دروست بكات؟

مەسرور بارزانی: نەخێر. بۆ خاڵی دووەمیش كە پەیوەندیدار بوو بە دووبارە هەڵبژاردنەوەی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێمان وایە كاریگەریی ئێمە بۆ هەڵبژاردنەوەی هەر كەسێك كاریگەرییەكی سنووردارە، چوونكە سیستەمی ئێستای هەڵبژاردن لە عێراق بە شێوەیەك دارێژراوە كە زۆرینە بۆ شیعەكان مسۆگەر بكات.

ئەلمۆنیتۆر: بەڵام ئەگەر ئێوە پشتگیری لایەنێكی شیعە لە دژی لایەنێكی دیكە بكەن، بە دڵنیاییەوە كارگەریتان دەبێت؟

مەسرور بارزانی: لەم پرۆسەیەدا كاندیدكردنی كەسەكە گرنگترین قۆناغی پرۆسەكەیە. هەموومان دەزانین كە سەرۆك وەزیرانی داهاتوو بە دڵنیاییەوە لە لایەنێكی شیعە دەبێت. ئەگەر ئەوان خۆیان یەك دەنگ بن، ئەوا دەنگی سوننەكان و كورد بەیەكەوەش كاریگەری نابێت. ئەگەر هیچ كەسێك زۆرینە بەدەست نەهێنێت، ئەوكات دانووستان بۆ هاوپەیمانێتی دەستپێدەكات و تەنها لەم قۆناغەش ئێمە و لایەنەكانی دیكە دەتوانین ڕۆڵمان هەبت. تەنانەت ئەوكاتیش ئێمە ئامادە بووین گفتوگۆ بكەین لەبارەی باشترین كاندید بۆ داهاتوو كە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی هاوپەیمانان و ڕۆژئاوا و لەسەرووی هەموانیشەوە خەڵكی عێراق بگونجێت. بۆیە دووبارە دەیڵێمەوە كە ریفراندۆم ئەم پرۆسەیە و دەرهاوێشتەكانی بە لاڕێدا نەبرد.

خاڵی كۆتایی كە لە بارەی بوونی هێزی پێشمەرگە لە ناوچە كێشەلەسەرەكان بوو كە گوایە دەبێتە هۆی تێكهەڵچوونی سەربازی، پێویستە بە بیرتان بێنمەوە كە هۆكارێك هەبوو پێشمەرگە لەو ناوچانە بوونی هەبوو، هۆكارەكەش ئەوە بوو كە هێزە عێراقییەكان شكستیان هێنا لە پاراستنی ئەم ناوچانە دژ بە داعش و جێیان هێشت. ئێمە هەرگیز نەمانگوتبوو ریفراندۆم سنووری نێوان كوردستان و عێراق دیاری دەكات. لەم خاڵەدا ئێمە ڕاشكاو بووین كە خۆمان بە شایەنی مەفە دەستوورییەكانمان دەزانی كە ماددەی 140ی دەستووری عێراقییە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان.

ئەلمۆنیتۆر: زۆر جار باس لەوە دەكرێت كە ئەگەر ریفراندۆم لە كەركووك نەكرابایە ئەوا نەدەگەیشتینە ئەم بارودۆخەی ئێستا. پێتان وایە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كەركووك هەڵە بوو؟

مەسرور بارزانی: دوو بۆچوون لەم بارەوە هەبوو. هەندێك پێیان وابوو كە ریفراندۆم پێویست بوو تەنها سنووری ئێستای ئیداریی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بگرتایەتەوە. هەندێكیش بڕوایان وابوو چوونكە بڕیار لەبارەی سنووری نوێی كوردستان نادرێت، كەواتە هیچ جیاوازییەك نییە ئەگەر ریفراندۆم لە كەركووكیش ئەنجام بدرێت. ئەگەر كوردێكی عێراق لە ئەڵمانیا یان هەر وڵاتێكی دیكە مافی دەنگدانی لە ریفراندۆم هەبێت، بۆچی ئەم مافە لە كوردێكی كەركووك بسەنرێت؟

ئەلمۆنیتۆر: بۆچوونێكی دیكە ئەوە بوو كە ئەگەر ریفراندۆم لە كەركووك ئەنجام نەدرابا، ئەوا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هاوبەش نەدەبوو لە پرۆسەی ریفراندۆم. بەڵام ماوەیەكی كەم بەر لە ریفراندۆم پاڤڵ تاڵەبانی دەركەوت و لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند كە حاڵەتی كەركووك دەكرێت گۆڕانكاری بەسەردا بێت. ئەم پەیامە لەوانەیە هێمایەك بووبێت كە پێویست بوو گرنگی پێ بدرێت؟

مەسرور بارزانی: ژمارەیەكی زۆری سەركردەكانی یەكێتی هەبوون كە پێداگرییان دەكرد لەوەی ریفراندۆم لە كركووكیش ئەنجام بدرێت. ئەم بەرپرسانە ئەوانە بوون كە لە سەركردایەتی یەكێتی بوون و ئێمە مامەڵەمان لەگەڵ ئەوان دەكرد.

ئەلمۆنیتۆر: بۆچی ویلایەتە یەكگرتووەكان بەم توندییە دژی ریفراندۆم دەركەوت؟

مەسرور بارزانی: نازانم. پێویستە پرسیار لە خۆیان بكەن. كاتێك ئێمە هەڵسەنگاندمان بۆ نیگەرانییەكانی ئەوان كرد، بۆمان دەركەوت كە ریفراندۆم هیچ كێشەیەك دروست ناكات و دەرهاوێشتەی نەرێنی نابێت.

ئەلمۆنیتۆر: پێتان وایە ئەگەر ئەمریكا بەم ڕاشكاوییە دژایەتیی خۆی بۆ ریفراندۆم دەرنەبڕیبا، ئەوا حكومەتی عێراق هێشتا بەهەمان شێوە پەرچەكرداری توندی دەبوو و وەك بینیمان توندوتیژی دژ بە كوردیشی لێ كەوەتەوە؟ ئایا ئەوە ئەمریكا بوو جورئەتی بە بەغدا بەخشی بەم شێوەیە ڕەفتار بكات؟

مەسرور بارزانی: ئەوان كاتێك جورئەتیان پەیدا كرد كە بێ هەڵوێستیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەمریكایان بینی. ئەگەر ئەوان چاوپۆشییان لە پێشێلكارییەكانی بەغدا دژ بە دەستوور و هەنگاوە بەرهەڵستكارانەكانی دژ بە ریفراندۆم نەكردبا، ئەوا لەوانەیە حكومەتی عێراقیش نەیتوانیبا هێزی سەربازی بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی سیاسی دژ بە ملیۆنان هاوڵاتی لە وڵاتەك كە پێی دەگوترێت عێراق، بەكار بێنێت. ئەو خەڵكەی لە ریفراندۆم دەنگیان دا، هاووڵاتی عێراقی بوون. ئەمریكا دەیتوانی دڵنیایی بە بەغدا بدات كە ئەنجامەكانی ریفراندۆم بە شێوەیەكی یەكلایەنە و ئۆتۆماتیكی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان نییە. ئەمە تەنها دەنگدان لە ریفراندۆم بوو. بۆچی كورد هەمیشە دەبێت بە دڵی ئەوانی دیكە بڕیار بدات و تەسلیمی ئەجێندای خەڵكی دیكە بێت؟ ئێمە دەمانەوێن بە ئاشتیانە بژین.

ئەلمۆنیتۆر: دەكرێت وەڵامی ئەمریكا ئەوە بێت كە هێزە عێراقییەكان وەك ئێوە‌‌ مافیان هەیە لە ناوچە كێشەلەسەرەكان، بۆ نموونە لە كەركووك بوونیان هەبێت. ئەوان هێرشیان نەكردووە بەڵكوو هێزیان لەو ناوچانە جێگیر كردووە و ئێوە هێزەكانتان كشاندووەتەوە. هیچ رووبەڕووبوونەوەیەكیش لەنێوان هێزەكانی ئێوە و هێزەكانی سەر بە حكومەتی عێراق نەبووە؟

مەسرور بارزانی: ئەمە ڕاست نییە. ئێمە ئامادەییمان دەربڕیبوو بۆ دانووستان و گفتوگۆ بەر لە ریفراندۆم و دوای ریفراندۆمیش. ئامانجی ریفراندۆم ئەوە بوو كە دەسەڵاتی ئەنجامدانی ئەم كارەمان پێبدات. ئێمە بەردەوام جەختمان كردووەتەوە كە چارەنووسی كەركووك و ناوچەكانی دیكە پەیوەستە بە ماددەی 140 لە دەستووری عێراق. ئێمە هیچ كارێكمان نەكرد بۆ چەسپاندنی خواستی خۆمان بەسەر ئەو ناوچانە دا. عێراق هێزی سەربازی بە كار هێنا بۆ پاشەكشكەپێكردنی پێشمەرگە. ئەمە هەنگاوێكی دووژمنكارانە بوو لە دژی خەڵكی خۆیان.

ئەلمۆنیتۆر: هەندێك ناڕوونی هەیە لە بارەی ئەوەی چی ڕووی دا. ئێوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عێراق شەڕتان كرد؟

مەسرور بارزانی: بە دڵنیاییەوە. بەر لە شەڕەكە جوڵان و جێگیركردنی هەندێك هێز لەم ناوچانە هەبوو كە ئامانجی بەغدا تێیدا بە دیار كەوت. سەرەڕای هەموو هەوڵی بەرپرسانی حكومی و حزبیی كوردستان بۆ ئەنجامدانی دیالۆگی ئاشتییانە، جێگریكردنی هێزی سەربازی لە لایەن بەغدا بەردەوامی هەبوو. لە بری گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەندێك لایەن لە بەغدا دەستیانكرد بە گفتوگۆ و ڕێككەوتن لەگەڵ لایەنێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەبارەت بە چۆنیەتی هێنانی هێزی سەربازییەكانی عێراق. بیرۆكەكە ئەوە بوو كە ئەم هێزانە بهێنرێنە بنكەی سەربازی كەی وان و كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك. هیچ گفتگۆیەك لەبارەی هێنانی ئەم هێزانە بۆ ناو جەرگەی شار لە ئارادا نەبوو. وەك دیارە دواتر هەندێك ڕێككەوتی جیاواز ئەنجام دران.

ئەلمۆنیتۆر: كێ بوون ئەوانەی ئەم ڕێككەوتنەیان ئەنجام دا؟

مەسرور بارزانی: لایەنێكی نێوخۆی یەكێتی. حەز ناكەم بابەتەكە بە شەخسی بكەم. بەڵام بە ئاشكرا دیارە كێ بوو و خەڵكیش ئەمە دەزانێت.

ئەلمۆنیتۆر: هیچ وڵاتێكی دیكە دەستی لەم بابەتە هەبوو؟

مەسرور بارزنی: ئێرانییەكان، عێراق، حەشدی شەعبی و لایەنەكی نێوخۆیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان. هەر وەك خۆشیان گوتیان گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا و بەریتانیاش هەبووە. گوتیان ڕاوێژیان لەگەڵ باڵوێزخانەكان لە بەغدا كردووە.

ئەلمۆنیتۆر: توركیا لە هیج یەك لەم ڕێككەوتنانە سەبارەت بە كەركووك تێوەگلابوو؟

مەسرور بارزانی: ئەوەندەی من ئاگادار بم نەخێر.

ئەلمۆنیتۆر: پێتان وایە بە بێ كەركووك بتوانن كوردستانێكی سەربەخۆی بەهێزتان هەبێت؟

مەسرور بارزانی: بابەتی سەربەخۆیی پەیوەست بە شارێك و ناوچەیەك نییە. ئەمە خواستی گەلێكە لە هەر شوێنێك بێت. كەركووك گرنگە و مێژووی شارەكە كوردستانییە، بەڵام ئێستاكە كێشەی لەسەرە. لەگەڵ ئەوەشدا ئایا حكومەتی عێراقی لە 2005ەوە تا ئێستا چی كردووە بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور؟ بابەتی ئەوەی كە كیانێكی سەربەخۆی كوردی چی لەخۆ دەگرێت، ئەمە جێگای گفتوگۆیە و ئێمەش میكانیزمێكمان هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كێ خاوەنی كوێیە.

ئەلمۆنیتۆر: ئێستا كە ئەم ناوچانەتان لەدەست داوە، ئایا پێتان وایە هێشتا كاریگەریتان وەك پێش ریفراندۆم ماوە. بەرپرسانی عێراقی بۆ چ شتێك پێویستە بگەڕێنەوە بۆ ڕای كورد؟

مەسرور بارزانی: سەیرێكی ڕابڕدووی ئێمە بكە لە یەك سەدەی ڕابردوودا. كاتێك سەددام لە دەسەلات بوو، كۆنتڕۆڵی هەموو عێراقی لەبەردەست بوو، ئایا ئێمە لەناو چووین؟ ئەدی نەگەڕاینەوە؟ بە دڵنیاییەوە ئەوەی مافی كوردستانە بۆ كوردستان دەبێت. ئێمە هەرگیز لە خاك و خەڵكمان پاشگەز نابینەوە.

ئەلمۆنیتۆر: ئایا پێتان وایە بارودۆخی ئێستای عێراق بە جۆرێكە كە داعش بتوانێت دووبارە سەرهەڵداتەوە؟

مەسرور بارزانی: هەموو جیهان هەڵە دەكات ئەگەر پێیان وا بێت لە ڕێگەی شكستی سەربازیی داعش، ئایۆلۆژیەكە لە ناو دەچێت. ناوچەكان ڕزگار كران و داعش شكستی سەربازی خوارد، بەڵام هێشتا لەناو نەچووە. هێشتا ماون و خۆڕێكخستنەوە دەكەن و هێرش ئەنجام دەدەن. پێویستە هۆكارەكان باس بكرێن كە لە ئەنجامی ئەوان داعش سەری هەڵدا. ئایا هیچ هەوڵێكی جددی هەبووە بۆ چارەسەركردنی ئەم هۆكارانە؟ نەخێر. چەوساندنەوە و پەراوێزخستنی خەڵك، قبووڵ نەكردنییان وەك هاوبەشی هاوتا. پێم بڵێن كام ناوچە لە عێراق هەیە سەقامگیر بێت و ئەمنییەت تێیدا بەرقەرار بێت و خزمەتگوزاری هەبێت؟ كوا ئاو و كارەبا؟ ئەم هەموو پارەیە بۆ كوێ چوو؟ عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە. هۆكاری تێكشانی وڵاتەكە هەڵەی بەڕێوەبردنی سامان و سەرچاوەكانە لەگەڵ چەوساندنەوەی بەشێك لە لایەنەكان. تاكو ئێستاش كوردستان ئامنترین ناوچەی عێراقە، هەركەسێكش ئاشنا بێت بە واقیعی عێراق، ئەمە قبووڵ دەكات. بەڵام هێرشەكانی پارساڵ بۆ سەر كوردستان ئەم پرسیارە دروست دەكەن كە ئایا بۆچی دەبێت لایەنی بەرامبەر هەوڵ بدات سەقامگیریی ئەو بەشەی وڵات تێك بدات كە لە هەمووان سەقامگیرترە؟

ئەلمۆنیتۆر: مەترسیی بەردەوامی هێرشەكانی عێراق بۆ سەر ئێوە هەیە؟

مەسرور بارزانی: ئەمە هەمووی یەك پاكێج بوو كە بریتی بوو لە لەباربردنی ئەزموونی حكومەتی هەرێمی كوردستان. بە مەبەست لێكدانەوەی هەڵەیان بۆ خواستی كورد لە ئەنجامدانی ریفراندۆم كرد، هەوڵیان دا كوردستان پەراوێز بخەن. بە دڵنیایەوە گفتوگۆش هەبوو لە نێوان وڵاتانی ناوچەكە. بەغدا نوێنەرەكانی خۆی بۆ ئانكارا و تاران ڕەوانە كرد بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چۆنییەتی كاردانەوەیان بەرامبەر ریفراندۆم. عێراق زوو بە زوو باس لە سەروەریی وڵات دەكات لە كاتێكدا ئەمە خۆیان بوون كە نوێنەرەكانیان بۆ ئانكارا و تاران ڕەوانە كرد و هێزی دەرەكییان هێنا بۆ یەلاكردنەوەی كێشە ناوخۆییەكان.

ئەلمۆنیتۆر: هەندێك دەنگۆ هەیە كە ئانكارا و بەغدا لە گفتوگۆدان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەش لە دژی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە شنگال. شتێكی وا لە ئارادا هەیە؟

مەسرور بارزانی: نازانم.

ئەلمۆنیتۆر: ئەگەر داعشێكی نوێ سەرهەڵبدات و ئەمریكا دووبارە لە دەرگای كورد بدات بۆ یارمەتی، بە تێبینی ئەوەی كە ئەمریكا ئێوەی لە بەرامبەر هێزە عێراقییەكان نەپاراستووە، ئایا هەڵوێستتان ئەمجارە چی دەبێت؟

مەسرور بارزانی: پابەندبوونی ئێمە بە شەڕی دژ بە تیرۆر هیچ پەیوەندییەكی بە پەیوەندییە سیاسییەكانمان لەگەڵ هیچ وڵاتەكی دیكە نییە. هەر شتێك بێت ئێمە بەردەوام دەبین لە شەڕی دژ بە تیرۆر. ئەگەر بۆ هیچ لایەنێكی دیكە شەڕمان كردبا، ئەو كاتەی ڕێگەیان نەدا چەكمان پێ بدرێت، دەبوایە كۆتاییمان بە جەنگی دژ بە تیرۆر هێنابوا. بەڵام ئێمە بەردەوام بووین لە شەڕ دژ بە دوژمنێك كە بەغدای هەنایە سەر ئەژنۆ. ئێمە ئەو وڵاتەمان پاراست.

ئەلمۆنیتۆر: كەواتە ئەمریكا دەتوانێت هێشتا ئێوە بە دۆست و هاوپەیمانی خۆی بزانێت؟

مەسرور بارزانی: بە دڵنیاییەوە. ئێمە هاپەیمانین تەنانەت ئەگەر جیاوازیمان لە هەندێك بابەتیش هەبێت. بەڵام كاتێك باس لە شەڕی دژ بە تیرۆر دەكرێت، ئێمە ئەندامێكی چالاك و كاریگەری هاوپەیمانی دژ بە تیرۆرین.

ئەلمۆنیتۆر: ئیدارەی دۆناڵد ترامپ یەكێك لە سیاسەتەكانی دەرەوەی سنوورداركردنی هەژموونی ئێرانە. ئایا پێتان وایە ڕووداوەكانی دوای ریفراندۆم كە دەگوترێت ئەمریكا ئاسانكاری بۆ ڕوودانییان كرد، كاریگەری پێچەوانەیان هەبووە؟

مەسرور بارزانی: با سەیرێكی ڕاستییەكان بكەین. لەگەڵ ڕێزم بۆ ئێران یان هەر ولاتێكی دیكە كە بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆی هەوڵ دەدات، ئەمە نابێت وەك وتەیەك دژ بە ئەوان لێكدانەوەی بۆ بكرێت. بەڵام لە 2003 تاكوو ئێستا، هەژموونی ئێران لە ناوچەكە بە دڵنیاییەوە بەرز بووەتەوە. ئایا ئەوان یاریزانی باش بوون؟ پێم وایە بەڵێ. ئەوان یاریزانی باشن و دەزانن چۆن هەژموونی خۆیان بەرفراوان بكەن، وەك ئەوەی ئێستا دەیبینین. من باسی ئەم ئیدارە یان ئیدارەی پێشووی ئەمریكا ناكەم، بەڵام هەر كاتێك پلانەكانییان بۆ ڕای گشتی باس دەكەن، لەگەڵ ئەرزی واقیع یەك ناگرێتەوە.

ئەلمۆنیتۆر: دەكرێت ئەمە ئەزموونێك بێت بۆ كوردەكانی سووریا؟

مەسرور بارزانی: بارودۆخی كورد لە سووریا زۆر ئاڵۆزە. جگە لە كێشەكانی نێو سووریا، لە نێوخۆی كوردەكانی سووریاش كێشە هەیە. بەڵام بە شێوەیەكی گشتی هیچ ڕێككەوتنێكی سیاسی لە نێوان كورد لە سووریا و هیچ یەك لە ولاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی دژ بە داعش نییە. سرووشتی كورد وایە كە جەنگاوەری ئازان و جیهان ئەم ڕاستییە دەزانێت، گرنگیش نییە لە سووریا بن یاخۆد لە عێراق. كوردی سووریا لە دژی داعش باش جەنگان و تا ئێستا پاڵپشتیان دەكرێت، تەنها بۆ بەردەوام بوون لەم جەنگە. بەڵام ئایا پەیوەندییەكی سیاسی لە نێوان كوردی سووریا و وڵاتانی دیكە دروست دەبێت یا نا، ئەمە بابەتێكی دیكەیە كە ئێمە ئێستا نازانین، بەڵام كاری زۆر لەم بوارە نەكراوە.

ئەلمۆنیتۆر: ئەوان ئێستا لە شەڕدان لەگەڵ سوپای توركیا. لەم ماوەیە بینیمان شاندەكی پەرلەمانی كوردستان و نوێنەرانی حكوومەت سەردانی عەفرینیان كرد بۆ دەربڕینی هاوسۆزی. ئایا لەیەك نزیكبوونەوەیەك هەیە لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئیداری ڕۆژئاوا؟

مەسرور بارزانی: با بە ڕوونی بڵێم. كورد هەمووی سەر بە یەك حزب یان گرووپ نییە. توركیا دەڵێت شەڕ دژ بە یەك گرووپی دیاریكراو دەكات نەوەك كورد. ئەو هاوسۆزییەش كە هەرێمی كوردستان دەریبڕیوە هیچ پەیوەندی بە كێشەكان یان نزیكبوونەوە لەگەل لایەنێكی دیاریكراو نییە. ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتی سڤیل هەیە كە لەم نێوەندی شەڕەدا گیریان خواردووە. زۆرێك لەم خەڵكانە پەیوەندییان لەگەڵ ئێمە هەیە و هاوسۆزییان بۆ ئێمەیە. ئێمە پەیوەندیی مێژوویی و سیاسییمان لەگەڵیان هەیە. ئێمە یەك نەتەوەین. هاوسۆزی لەگەڵ كورد نیشان دراوە. ئەم خەڵكە بێ تاوانە پێویستی بە یارمەتی مرۆیی هەیە و ئێمە ئامادەین بۆ هەرجۆرە یارمەتییەك. ئێمە دژی شەڕ و ئاژاوەین. هەر كێشەیەكیش بكرێت پێویستە بە شەوەی ئاشتییانە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.

ئەلمۆنیتۆر: هیج نیازتان هەیە نێوەندگیری بكەن لە نێوان توركیا و یەپەگە \ پەكەكە؟

مەسرور بارزانی: هەرشتێكی لەدەستمان بێت بۆ پاراستنی گیانی خەڵكی بێ تاوان، بەڵنیاییەوە ئەنجامی دەدەین.

ئەلمۆنیتۆر: لە ڕابردوو گوتووتانە پێویستە پەكەكە شنگال چۆڵ بكات. ئێستاش هەمان داواكاریتان هەیە؟

مەسرور بارزانی: بەڵێ، ئێمە پێمان وایە ئەگەر هەر لایەنێكی كورد لە وڵاتێكەوە هاتێبێت، پێویستە تەركیز لەسەر كێشەكانی خۆیان لەم وڵاتە بكەن. گواستنەوەی كێشەكانییان بۆ وڵاتێكی دیكە تەنها بابەتەكان ئاڵۆزتر دەكەن.

ئەلمۆنیتۆر: ئایا ئەمە لە بارەی پارتەكانی كوردستانی ئێرانیش ڕاستە؟ دەگوترێت دەسەلاتدارانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێیان گوتوون پێویستە ناوچە سنوورییەكانی نێوان عێراق و ئێران چۆڵ بكەن؟

مەسرور بارزانی: كوردەكانی ئێران بە شێوەیەكی ئەرێنی بەپیر داواكارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتوون بۆ ئەنجام نەدانی هێرشی سەربازی دژ بە ئێران. بارودۆخەكە لە بارەی ئەمانەوە تەواو جیاوازە.

ئەلمۆنیتۆر: لەم دواییانە سەرۆك وەزیران نێچیرڤان بارزانی سەردانی تارانی كرد و ئەمەش وای نیشان دا درووستبوونەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە لە ئارا دایە. ئایا ئەمە ڕاستە؟

مەسرور بارزانی: توركیا، سووریا و ئێڕان چوار دەوری ئێمەیان داوە، بە دەڵنیاییشەوە كێشەی دیكەمان لەگەڵ عێراقیش هەیە. ئێمە نیازمان نییە دوژمنكاری لەنێوان خەڵكی خۆمان و دراوسێكانمان دروست بكەین. ئێمە بەردەوام دەستی دۆستایەتیمان بۆ ئەوان درێژ كردووە كە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و ڕێزگرتنی دوولایەنە بێت. تا ئەو ساتەی ئەم وڵاتانە مەترسیمان لەسەر دروست نەكەن و مافە دەستوورییەكانمان پێشێل ناكەن، ئێمە ئامادەین هاوكاریان بین بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەكە.

ئەلمۆنیتۆر: ئایا ڕاستە كە سەرۆك بارزانی لە لایەن سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆگان بانگهێشت كراوە بۆ ئانكارا بەڵام بانگهێشتەكە ڕەتكراوەتەوە بە هۆكاری هێرشەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین؟

مەسرور بارزانی: گوێبیستی هیچ شتێك نەبوومە لەم بارەوە.

ئەلمۆنیتۆر: پەیوەندییەكانتان لەگەڵ توركیا لە قۆناغی دوای ریفراندۆمەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ چ شتێك گۆڕاوە؟

مەسرور بارزانی: توركیا هاوبەشێكی گرنگ بووە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان. لە سۆنگەی ئابوورییەوە، توركیا دەروازەیەك بووە لە نێوان كوردستان و جیهان. لە ماوەی ئاڵۆزییەكانی دوای ریفراندۆم، توركیا هەرگیز سنوورەكانی لەگەڵ كوردستان دانەخست و ئەمەش پێشی بە قەیرانێكی مرۆیی لە كوردستان گرت. ئەمە هەڵوێستێكی گرنگ بوو. بە دڵنیاییەوە هەمیشە كێشە دەبێت، بەرزی و نزمی دەكەوێتە پەیوەندییەكانەوە، بەڵام با سەیری داهاتوویەكی گەش بكەین بەیەكەوە.

ئەلمۆنیتۆر: ئایا پێتان وایە بەشێك لە بەرهەڵستییەكانی توركیا بۆ ریفراندۆم پەیوەست بوو بە ئەجێندای ناوخۆیی ئەردۆگان؟

مەسرور بارزانی: بەڵێ. پێم وایە بەشێكی زۆری پەیوەندی هەبوو.

ئەلمۆنیتۆر: ئێوە كەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمان ئەنجام دەدەن؟

مەسرور بارزانی: حكوومەتی هەرێمی كوردستان، یان لانی كەم پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختە بوون بە شێوەیەك كە بەر لە هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجام بدرایە، بۆ ئەوەی كورد بە یەكگرتوویی كاریگەری گەورەی لە بەغدا دروست كردبا. ئێستا كە ڕێگەمان نادرێت كورد بین و ناچارین عێراقی بین، پێویستە هەموو مافێكی عێراقیمان پێ بدرێت. وەك مافە دەستوورییەكان. پێویستیشە‌ بەرەیەكی یەكگرتووی كردی دابمەزرێنین. ئەمە ئەو سیاسەتەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان كاری بۆ دەكرد. بەڵام بە داخەوە هەندێك لایەنی دیكە لە كوردستان پێیان وابوو كە دامەزراندنی لیستی هاویەش یان هاوپەیمانییەتی، بە هەندێك هۆكاری سیاسیی خۆیان، دەتوانێت دەنگی زیاتریان بۆ مسۆگەر بكات.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش، بە هۆكاری كێشەی ناوخۆیی، ئامادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەر لە هەڵبژاردنەكانی عێڕاق نەبوو.

ئەلمۆنیتۆر: كێ خۆی كاندید دەكات بۆ پۆستی سەرۆكایەتی؟ هیچ بەربژێرێك لە خەیاڵتان هەیە؟

مەسرور بارزانی: بابەتی سەرۆكایەتی دەكرێت گفتوگۆی لەسەر بكرێت. ئەم پەرلەمانە ئامادەیی باسكردنی ئەم بابەتەی نییە. پێویستە پەرلەمانێكی نوێ هەڵبژێرین كە بە یاسا هەیكەلی حكوومەت دیاری بكاتەوە. ئەمە پۆستی سەرۆكایەتیش لە خۆ دەگرێت و ئەو پرسیارەی كە ئایا ئەم پۆستە ئەسڵەن پێویستە؟ ئەگەر پێویستە چۆن هەڵبژاردنی بۆ ئەنجام دەدرێت؟ ئایا خەڵك ڕاستەوخۆ دەنگی بۆ دەدەن یان لە ڕێگەی پەرلەمانەوە دەبێت؟

ئەلمۆنیتۆر: كەواتە ئایا كورد دەتوانێت بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرەیەكی یەكگرتوو پێك بهێنێت؟

مەسرور بارزانی: پێم وایە گەلی كوردستان چاوەڕێی سەركردایەتیی سیاسیی پارتەكانە. ئەگەر هەر حزبێك بەرژەوەندیی خۆی بخاتە سەرووی بەرژەوەندیی خەڵكەوە، ئەوا بەرپرسیارە. خەڵك چاوەڕێیە پارتەكان كێشەكانی نێوانیان وەلا بنێن و یەكگرتوو بن. پێم وایە ئەگەرێكی بەهێز هەیە كە ئەمە ڕوو بدات. گفتوگۆكان بەردەوامن و بارودۆخەكەش زۆر لە پێشووتر گونجاوترە. لە هەمووی گرنگتر هاوپەیمانێتییەكانی دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق دەبێت، ئەو كاتەی خەڵكێكی زۆر لە دەرگای كورد دەدات.

ئەلمۆنیتۆر: لە كۆتاییدا، بابەتی فڕۆكەخانەكان چی بەسەر دێت و ئێوە دوای لەدەستدانی داهاتی نەوتی كەركووك، چۆن خۆتان لە گوشاری ئابووری دەرباز دەكەن؟

مەسرور بارزانی: داخستنی فڕۆكەخانەكان هەنگاوەكی ناپێویست بوو دژ بە خەڵكی كوردستان. من پێم وایە ئەم هەنگاوە وەك تۆڵەسەندنەوە ئەنجام درا. هەروەها هەنگاوێكی دژ بە دەستوور بوو، چونكە فڕۆكەخانەكان ناكرێت بە بڕیاری سیاسی دابخرێن. گفتوگۆ هەیە بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی. گفتوگۆكان لە بارەی هاوبەشیكردنی داتا و زانیارییەكانە وەك سیستەمێكی یەكگرتووی داتاكان كە ئێمە ڕەزامەندیمان نیشان داوە.

ئینجا كێشەی كۆچبەران و ڤیزا و گومرگەكان هەبوو. حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی نیشان داوە بە پابەندبوونە بە هەر ڕێكارێك كە دەستوور دەستنیشانی كردبێت. دواتر كە بەغدا هیچ بیانوویەكی نەما بۆ نەكردنەوەی فڕۆكەخانەكان، بابەتی ئەمنی هێنایە بەر باس كە گوایە چوونكە فڕۆكەخانەكان خاڵی هاتنەژوورەوەی وڵاتن، كۆنتڕۆلكردنیان دەبێت لە دەسەڵاتی لایەنی حكوومەتی فیدراڵی بێت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان دیسانیش ڕەزامەندی نیشان دا بەوەی كە یەكە خۆجێییەكان كە ئێستا كۆنتڕۆڵی فڕۆكەخانەكانییان لە دەستە، ڕاپۆرتی راستەوخۆ ڕەوانەی دەسەڵاتدارانی حكوومەتی فیدراڵی بكەن. ئێستا هیچ بیانوویەك نەماوە بۆ ئەوەی فڕۆكەخانەكان نەكرێنەوە. ئەمە هەمووی بابەتێكی سیاسییە كە حكومەت وەك كەمپینێكی هەڵبژاردن ئەنجامی دەدات و گەلێك سزا دەدات، تەنها لە پێناو مسۆگەركردنی دەنگ لە هەڵبژاردنەكان و لە ڕێگەی كارتی نەتەوەپەرەستیی عێراقییەوە. بەم دواییانە دیدارمان هەبوو لەگەڵ سەرۆك وەزیران عەبادی و بەرپرسانی دیكە و بەڵێنی دا كە فڕۆكەخانەكان بەم زووانە دەكرێنەوە. ئێمە وشەی (بەم زووانە)مان پێشتریش زۆر گوێ لێ بووە. با بزانین ئایا بەڵێنەكانی خۆیان جێبەجێ دەكەن.

سەبارەت بە داهاتی نەوتی و بابەتەكانی دیكە، ئەمە هەمووی لە دەستووردا چارەسەری بۆ دانراوە. ئەگەر بەغدا ڕێزی لە ڕێككەوتنەكانی خۆی بگرتایە ئەوا هەرگیز نەدەگەیشتینە ئەم بارودۆخەی ئەمڕۆ. هەر مانگێك كە تێپەڕ دەبێت و مووچەی فەرمانبەرانی كورد نادرێت و بەشە بوجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەوانە ناكرێت، ئەم پرسیارە زیاتر زەق دەبێتەوە كە ئاخۆ ئەم پارەیە بۆ كوێ دەچێت؟ ئایا ڕۆژێك دێت ئەم پارە كەڵەكە بووە بدرێتەوە بە كورد خۆی؟ هیچ سندوقێكی پاشەكەوت بوونی نییە. ئایا كەس لە بەغدای پرسیوە كە ئەم پارە لە 2014ەوە كەڵەكە دەبێت بۆ كوێ دەچێت؟

ئەلمۆنیتۆر: سەبارەت بە ئاوارە عێراقییەكان لە كوردستان، ئایا حكوومەت هیچ بڕە پارەیەك بۆ هاوكاری ئەوان ڕەوانە دەكات؟

مەسرور بارزانی: نەخێر. شتێكی دیكەش هەی، بۆچی هێشتا خەڵك لە ناوچەكانی دیكەی عێراق ڕادەكەن و دێن لە خێمەدا و لە ناو كەمپەكان لە كوردستان دەژین؟ هۆكارەكەی نەبوونی خزمەتگوزاری و ئەمن و ئاسایشە لە شار و گوندەكانی خۆیان، چونكە كوردستان هێشتا ئارامترین و ئازادترین و سەقامگیرترین بەشی عێراقە.

Back to top button