مەسروور بارزانی و یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تاووتوێ دەكەن
لە میانەی سەردانەكەی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان, ئەمڕۆ لەگەڵ جۆناسان كۆهین، یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كێشەكان نێوان هەولێر و بەغدا تاووتوێ دەكات و بڕیارە لەگەڵ ژمارەیەك كۆنگرێسمانی ئەمەریكاش كۆببێتەوە.
لە دیداری نێوان راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكادا، باسی جیاوازییە سیاسییەكانی نیوان هەولێر و بەغدا و چۆنییەتی درووستكردنەوەی متمانە لەنێوان هەر دوو لادا و ئەو رۆڵە گرنگەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت بۆ سەقامگیریی ناوچەكە بیگێڕێت گفتوگۆی لەبارەوە كراوە.
هەروەها مەسروور بارزانی، لەگەڵ برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكایەتی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش كۆبووەتەوە.
بڕیارە سبەی لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا مەسروور بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك كۆنگرێسمانی ئەمریكی لە واشنتن كۆببێتەوە.
زیاتر لە هەفتەیەكە راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكایە و تا ئێستا لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی باڵای ئیدارەی ترەمپ كۆبووەتەوە، لەوانەش ژەنەڕاڵ هێربێرت ماكماستەر راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا.