مەحموود سەنگاوی: كاك كۆسرەت بەهەق دەزانم نەك هێرۆخان
دوای ئەوەی كۆسرەت رەسوڵ و هێرۆ ئیبراهیم لە نامە گۆڕینەوەیەك یەكتریان تۆمەتباركرد بە دۆخی خراپی یەكێتی بەشێك لە بەرپرسانی یەكێتی لە بارەی نامەكە قسەیانكردووە مەحمود سەنگاوی دەلێت, بەر پرسی یەكەمی خراپی دۆخی یەكێتی هێرۆیە, كۆسرەت رەسوڵ بە هەق دەزانم نەك هێرۆ.
مەحمەد سەنگاوی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و فەرماندەی سەربازی رایگەیاندووە, هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی پەرلەمانی عێراق، كوردی لەبەردەم رەشبینییەكی گەورەدا هێشتووەتەوە. چونكە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، تەنیا دەتوانێ بەبێدەسەڵاتی بمێنێتەوە. ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە ئەو ناوچانە بە “ناوچەی داگیركراو” ناو دەبات، دەڵێ: “ئێستا خەڵكی كورد هەڕەشەمان لێدەكەن و دەڵێن ناچین بۆ دەنگدان، ئەوە زۆر خراپە، باشە ئەو حیزبەی خۆشت ناوێ دەنگی پێمەدە، بەڵام دەنگ بە حیزبێكی دیكە بدە و بڕۆ بۆ دەنگدان با دەنگی كورد نەفەوتێ”.
هەروەها دەشلێت:” كێشە نێوخۆییەكانی یەكێتی، درێژەیان هەیە. لەماوەی رابردوودا ماڵباتی تاڵەبانی چەند هەوڵێكیان لەگەڵ بەرهەم ساڵح دا بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە نێو یەكێتی، بەڵام هەوڵەكان بێئاكام مانەوە. ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەداخە بۆ رۆیشتنی بەرهەم ساڵح و دەڵێ ئێمە زۆر هەوڵمان دا بەرهەم ساڵح لە ریزەكانی یەكێتی بمێنێتەوە “بەڵام كۆمەڵێك لەناو ماڵی مام جەلال زۆر گوشاریان لێكرد بۆ ئەوەی بڕوات. دەیانویست بڕواتە دەرەوە و دوایی بە بچووكی مامەڵەی لەگەڵ بكەن”.
مەحموود سەنگاوی پێیوایە ململانێكانی نێوخۆی یەكێتی لە دوای بڵاوبوونەوەی نامەكانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و كۆسرەت رەسوڵەوە پێیان ناوەتە دۆخێكی مەترسیدارەوە “من لایەنگری كاك كۆسرەت دەكەم، چونكە كاك كۆسرەت بەهەق دەزانم نەك هێرۆخان. راستە هێرۆخان هاوژینی مام جەلالە و زۆر رێزم بۆی هەیە و وەك دایكم مامەڵەی لەگەڵ دەكەم، بەڵام سیاسەتێكی هەڵەی كرد و لەسەر دەستی ئەو یەكێتی گەیشتە ئەم ئاستە. بەرهەم ساڵحی لێدەرچوو، بزووتنەوەی گۆڕان و كاك نەوشیروان مستەفای لێدەرچوو. هەموویان لە ئەنجامی ئەو هەموو ئەزیەتدان و ناعەدالەتییە رۆیشتن. دواتر كەوتنە گیانی بەرهەم ساڵح و سبەی دەكەونە گیانی یەكێكی دیكە. من هێرۆخان بە بەرپرسی یەكەم دەزانم لەو دۆخە”.
بەبڕوای ئەو، نامەكەی كۆسرەت رەسوڵ دەریدەخات كە كۆسرەت چەند ساڵە لەبەر موراعاتكردنی ماڵی مام جەلال دەسەڵاتەكانی خۆی جێبەجێ نەكردووە “بەڵام نامەكەی هێرۆخان ئەمر بوو بۆ كاك كۆسرەت. روونە كاك كۆسرەت چ كۆنگرەیەكی دەوێ، كۆنگرەیەك كە نە كوڕی خۆی و نە ماڵی مام جەلال دەستی بەسەردا نەگرتبێ”.
هەریەك لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و كۆسرەت رەسوڵ یەكدی بەوە تۆمەتبار دەكەن كە لە رێبازی تاڵەبانی لایانداوە، مەحموود سەنگاوی رێبازە راستەقینەی مام جەلال بە “یەكێتی حیزبی رەنجدەرانی بیر و بازوو” نێو دەبات و پێیوایە نابێ ببێتە حیزبی بنەماڵەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و كۆسرەت رەسوڵ “ئێستا لەناو یەكێتیدا، ماڵی هێرۆخان بە تەنیا هێندەی هەموو مەكتەبی سیاسی دەسەڵاتیان هەیە. دەسەڵاتی ماددی یەكێتی لای ئەوانە، حكومەتیان كۆنترۆڵ كردووە و هەموو شتێكیان كۆنتڕۆڵ كردووە. ئێستا ئێمە وەك شوانی نانەسكی واین و نانیشمان نادەنێ. من لە جەبهەی خۆمدا 180 شەهیدم داوە، باشە هێرۆخان كە دەسەڵاتی ماڵی یەكێتی هەیە نەیدەتوانی بڕێك نان بدات بەو پێشمەرگانە”.
بۆچی نامە تایبەتییەكان وا بەخێرایی بڵاودەبنەوە؟ ئایا ناكۆكییەكان هێندە ئاڵۆزن و لە گرێژنە دەرچوون؟ مەحموود سەنگاوی دەڵێ ئەو ئێوارەیەی نامەكەی هێرۆخان بڵاوبووەتەوە ئەو لە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ بووە و كۆسرەت رەسوڵ دەستیكردووە بە گیرفانیدا و كاخەرێكی پیشانداوە “كە بینیم نامەكەی هێرۆخان بوو. بێگومان نامەیەكی باش نەبوو. ویستم وێنەی بگرم، بەڵام پەشیمان بوومەوە، چونكە بیرم كردەوە ئەگەر بڵاوببێتەوە دەڵێن مەحموود سەنگاوی بڵاوی كردووەتەوە. ئەو نامەیە لای هێرۆخانەوە بڵاوبووەتەوە و كاك كۆسرەت نەیهێشتووە یەك كەس كۆپی بكات، بەڵام كە لای هێرۆخانەوە بڵاوكرایەوە، كاك كۆسرەتیش بڕیاریدا وەڵامەكەی بڵاوبكاتەوە”.